ئاگر لە چیای ئاویەرى سنە کەوتەوە کەسێک گیانى لەدەستدا
.jpg)
22 كاتژمێر لەمەوپێش
دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر لە شاری سنە، کەسێک گیانى لەدەستداو لانیکەم شەش چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی سووتان و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە. هەروەها ژمارەیەک خۆبەخشی دیکەش بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵەوە برینداربوون و چارەسەر کران.
بەپێى زانیاریەکانى رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، ڕایدەگەیەنێت ئێوارەى ڕابردوو ئاگرێکی بەرفراوان لە کێوی ئاویەری شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و بووە هۆی برینداربوونی شەش ژینگەدۆستی ئاگرکوژێنەوە.
بەوتەى ئەو رێکخراوە بەهۆى سەختى برینى بریندارەکانەوە یەکێکیان بەناوى حەمید مورادی گیانی لەدەستدا و دۆخی تەندروستیی دوو برینداری دیکەش بە ناجێگیرى ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کاتی هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری ئەبیدەر، ٦ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی بە ناوەکانی موحسین حوسێنیپەناهی، حەمید مورادی، خەبات ئەمینی، چیاکۆ یوسفین نەژاد، ئاریاس سەلیمی، و سەید مستەفا هۆجباری، تووشی سوتان بوون. ڕەوشی جەستەیی دوو کەسیان بە ناوەکانی چیاکۆ یوسفین نەژاد و حەمید مورادی باس لەوە دەکرێت کە گوازراونەتەوە بۆ بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کووسەر.
ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە دەوروبەری کاتژمێر ١:٣٠ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٠٢٥، لە ناوچەکانی پشت پارکی منداڵانەوە دەستی پێکردووە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی زاگرۆس و حەسەن ئاباد بڵاوبووەتەوە. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگرەکە، ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بە تەواوی لەلایەن هێزە گشتییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزییەوە ئەنجامدرا.
