هاوپەیمانی سەدرو بارزانی حەلبوسی هەڵوەشایەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی سەدری قبوڵكرد كە 73 پەرلەمانتارن و بەو شێوەیەش هاوپەیمانی سەردو حەلبوسی و بارزانی هەڵوەشایەوە.
هەر ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی حوزەیران، موقەتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نامەیەكی بڵاوكردەوە كە ئاراستەی سەرۆكی فراكسیۆنی سەدری كردووە تیایدا هاتووە:" پێویستە سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر، برای بەرێزم حەسەن عەزاری نامەی دەستلەكاركێشانەوەی براو خوشكانمان لە فراكسیۆنی سەدر پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن.
لەبەشێكی دیكەی نامەكەیدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، سوپاسی هاوپەیمانەكانی لە "هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتیمان" كرد بۆ ئەو ماوەیەی پێكەوە كارییان كردووە و لە پێناو نیشتیماندا ئەوەی پێشكەشیان كردووە.
هەروەها دەشڵێت:" سوپاسی ئامۆزام بەڕێز جەعفەر سەدر دەكەم لەوەی وەك كاندیدێكی سەربەخۆ دەستنیشانمان كرد بۆ پۆستی سەرۆك وەیزرانی.
رۆژی پێنجشەممە 9ی حوزەیرانی 2022 موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە چوارچێوەی پێشەكەشكردنی وتارێكیدا داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر كرد دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بكەن و هەركاتێك داوای لێكردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەن لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێم.