عێراق بەرەو هەڵبژاردنێكی دیكەی پێشوەختە هەنگاو دەنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمان ئەوە دووپاتدەكاتەوە دوای دەستلەكاركێشانەوەی 73 پەرلەمانتارەكەی سەدر، عێراق بەرەو هەڵبژاردنێكی دیكەی پێشوەختە دەروات.
رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو لەوكاتەوە تا ئێستا لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن و ناكۆكییەكانیان زیاتر بوو، بەو هۆیەوە سەدر دەستلەكاركێشانەوەی بە 73 پەرلەمانتارەكەی كردو ئەمڕۆ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان واژۆیانی لەسەر كرد.
كاوە محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر بەشێكە لەو چەقبەستوویە سیاسییەی كە عێراقی پێدا تێپەر بووە كە لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن و سازان".
هەروەها وتیشی:" ئەگەر هاوپەیمانەكانی سەدر، كە محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە سونەكان و مەسعود بارزانی، پارتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیش رێكبكەون ئەوكات ئەوەندەی دیكە سەدر توورە دەكات، ئیتر سەدر چالاكییەكانی لە پەرلەمانەوە بۆ سەر شەقامەكان دەگوازێتەوەو خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام دەدات".
كاوە محەمەد پێشیوابوو، ئەگەر حكومەتێكیش لەدایك ببێت لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و حەلبوسی و بارزانی، ئەو حكومەتە زۆر ناخایانێت و هەڵبژاردنێكی دیكەی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت، وتیشی:" هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازیان لە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر كردووەو ئامادەییان نیشانداوە حكومەتێكی تەوافوقی پێكبهێنن، بەڵام سەركەوتوو نابێت".
ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەتایبەت وڵاتانی كەنداو و بەریتانیاو ئەمریكا لەگەڵ حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی بوون كە دروشمی سەدر بوو، بەڵام روون نییە حەلبوسی و بارزانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی حكومەت پێك دەهێنن یان نا، وتیشی:" سیناریۆی بەهێز ئەوەیە كە عێراق هەنگاو دەنێت بەرەو هەڵبژاردنێكی دیكەی پێشوەختە كە وڵاتانی نێودەوڵەتی و ئەمریكاو وڵاتانی كەنداو پشتیوانی دەكەن".
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی سەدری قبوڵكرد كە 73 پەرلەمانتارن و بەو شێوەیەش هاوپەیمانی سەردو حەلبوسی و بارزانی هەڵوەشایەوە.
هەر ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی حوزەیران، موقەتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نامەیەكی بڵاوكردەوە كە ئاراستەی سەرۆكی فراكسیۆنی سەدری كردووە تیایدا هاتووە:" پێویستە سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر، برای بەرێزم حەسەن عەزاری نامەی دەستلەكاركێشانەوەی براو خوشكانمان لە فراكسیۆنی سەدر پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن.
لەبەشێكی دیكەی نامەكەیدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، سوپاسی هاوپەیمانەكانی لە "هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتیمان" كرد بۆ ئەو ماوەیەی پێكەوە كارییان كردووە و لە پێناو نیشتیماندا ئەوەی پێشكەشیان كردووە.
رۆژی پێنجشەممە 9ی حوزەیرانی 2022 موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەن لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێم.