یەكێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەریەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بزوتنەوەی بابل لەسەر ئاستی لوتكە كۆبونەوە و رایانگەیاند:" پێویستە هەنگاوەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكرێن".
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و و بزوتنەوەی بابل بە سەرۆكایەتی ڕەیان كلدانی كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە باسیان لە پێشهاتەكانی بارودۆخی سیاسی ئێستا و ڕێگاكانی پەلەكردن لە تەواوكردنی شایستە دەستورییەكان بە بەشداری هەمو هێزە نیشتمانییەكان كردووە.
هاوكات، ئامادەبوان جەختیانكردەوە قۆناغی داهاتوو گرنگە و داوای پەلەكردنی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەكان دەكەن، بۆ تەواوكردنی رێكارە دەستورییەكان بۆ"هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو كە لە توانایدا بێت داواكاریەكانی هاوڵاتیانی عێراق بەدیبهێنێت و ژیانێكی شایستەیان بۆ مسۆگەر بكات لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەمووان".
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییە كاراكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كردووە، بەشداری بكەن لەدیالۆگ و دانوستانەكان، ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە بۆ نزیكبونەوە لە لایەنەكان كە "حكومەتی داهاتو دەبێت حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا بێت كە خزمەتگوزاری پێشكەش بكات".