داوا لە بارزانی و حەلبوسی دەكرێت بچنە سەر مێزی گفتوگۆو مالكی كاندیدە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مالیكی بەهێزترین كاندیدە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، داوا لە بارزانی و حەلبوسی دەكرێت بچنە سەر مێزی گفتوگۆ.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەسەردانێك گەیشتە شاری بەغداو ڕاستەوخۆ چووە ماڵی نوری مالیكی بۆ بەشداریكردن لەكۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەبارەت بەئاڵۆزیە سیاسییەكان بەتایبەت دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر لەپرۆسەی سیاسیی.
بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیانكردەوە، قۆناغی داهاتوو گرنگەو پێویستی بەپەلەكردن لەدەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكانو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە كە توانای جێبەجێكردنی داواكاری عێراقییەكانی هەبێتو ژیانێكی شایستە دابینبكاتو ئاسایشو سەقامگیریش بۆ هەمووان بپارێزێت.
ئەوانەی بەشداربووی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ پشتیوانی تەواویان بۆ نوری مالكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران پیشانداوەو بەڵێنیانداوە كار بۆ سەرخستنی بكەن.
فازڵ مەواد ئەندامی دەوڵەتی یاسا بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند:" نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كاندیدی بەهێزی چوارچێوەكەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتووی عێراق".
هەروەها راشیگەیاند:"وەك چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لەبارزانیو حەلبوسی دەكەین بچنەسەر مێزی گفتوگۆو كار بۆ پێكهێنانی حكومەت بكەن، خواستی زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە نوری مالیكی ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو".
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە ئەگەر سەدر سوربێت لەسەر بڕیارەكەی، ئەوا دەبێت شوێنی پەرلەمانتارەكانیان پڕبكرێتەوەو دواتر لەگەڵ كوردو سوننەكانو پێكهاتەكان حكومەت پێكبهێنرێت.
هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە خاوەنی 31 كورسییە لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، نوێنەری زۆرینەی سونەكان كە خاوەنی 37 كورسییە، لەگەڵ موقتەدا سەدر كە خاوەنی 73 كورسی پەرلەمانی عێراق بوو هاوپەیمانی(رزگاری نیشتمان"یان پێكهێنا، بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی سەدر، هاوپەیمانییەكە هەڵوەشاوەتەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بە نزیك ئێران هەژمار دەكرێن، كشانەوەی سەدر وەك سەركەوتن لە پرۆسەی سیاسی تۆمار دەكەن كە بە نزیك لە ئەمریكاو وڵاتانی كەنداو توركیا تۆمەتباریان دەكرد.