سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا بۆ هاوڵاتی: مالكی بەفەرمی نەبووەتە كانیدی سەرۆك وەزیران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا، كە نوری مالكی سەركردایەتی دەكات دەڵێت" لەكۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی نوری مالكی بە فەرمی نەبووەتە كاندید تەنها چەند ناوێك باسكراون".
وائیل ركابی، سەركردە لە دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی تایبەتدا بەهاوڵاتی وت:" لەكۆبونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی بریار نەدراوە نوری بكرێتە كاندیدی سەرۆك وەزیران، بەڵام لێرەو لەوێ باسكراوەو هیچ شتێكی فەرمی نییە".
ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە نوری مالكی مافی خۆیەتی وەك هەر سەركردەیەكی دیكە كاندید بێت، وتیشی:" چەند ناوێك باس كراون، بەڵام بڕیار لەسەر هیچ كاندیدێك نەدراوە و هێڵدراوەتەوە بۆ كۆبونەوەكانی دیكە و وەرگرتنی بۆچونی لایەنەكانی دیكە".
رۆژی سێشەممە 14ی حوزەیران، لەنوسینگەی مالكی، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوپەیمانی عەزم و بابیلۆن كۆبونەوەو تێیدا باسیان لەوەكرد پەلە بكرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی تەوافوقی، لەپاش كۆبونەوەكە میدیا عێراقییەكان ئەوەیان خستەروو كە نوری مالكی بەهێزترین كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.
نوری مالكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسایە و خاوەنی 37 كورسی پەرلەمانەو لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكاندایە كە بەهەموویان خاوەنی 81 كورسی پەرلەمانن و بە نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێران هەژمار دەكرێن.
دوای دەستلەكاركێشانەوەی هەموو پەرلەمانتارانی سەدر كە 73 كورسی هەبووە، دۆخێكی سیاسی نوێ هاتۆتە ئاراوەو چاوەروان دەكرێت لایەنەكانی دیكە حكومەت پێكبهێنن بەبەشداری سونەو كورد.