ئەردۆغان داوای زیادكردنی مووچەكەی دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەلی جەهەپە ئاشكرای دەكات ئەردۆغان بۆ زیادكردنی مووچەكەی داوایەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا كردووە.
رۆژنامەی "بیرگون"ی توركی بڵاوی كردەوە كە ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە تویتێكدا ئاشكرای كرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا داوایەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ زیادكردنی مووچەكەی بەڕێژەی 40%.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە لەئێستا مووچەی ئەردۆغان 100 هەزار لیرەی مانگانەیە كە دەكاتە پێنج هەزار و 770 دۆلار، بەڵام دوای كردووە بۆی زیادبكرێت و بكرێتە 140 هەزار لیرە كە دەكاتە هەشت هەزار و 135 دۆلار.
سەرۆكی فراكسیۆنی جەهەپە، رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت و دەڵێت:" لە توركیا مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ باسی زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران ناكرێ، بەڵام وادیارە قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر سەرۆك كۆمار دروستكردووە".