مەسرور بارزانی بڕیاری شەفافییەت دەدات
"وردبینی و پێداچونەوەی قۆناغەكانی نەوت و گاز و داهات و خەرجییەكانی بەردەوام دەبێت"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك دەردەكات لەپێناو شەفافییەت و گەیاندنی بە رای گشتی لەرێگەی دەزگاكانی راگەیاندەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی حوزەیرانی 2022، كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و ژمارەیەك بڕیاری دەركرد، یەكێك لە بڕیارەكانیش پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچونەوەی قۆناغەكانی نەوت و گاز و داهات و خەرجییەكانی بەردەوام دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە.
لە دەستپێكی كۆبونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە دیدارەكەی لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستاندا و لەمبارەیەوە وەزارەت و بەرپرسانی حكومەتی ڕاسپارد، هاوكاری زیاتری دەزگاكانی ڕاگەیاندن بكەن و ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكەن و زیاتر زانیاری و ڕونكردنەوە دەربارەی كار وچالاكییەكانی حكومەت بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕایگشتی كوردستان بگەیەنن، ئەمەشی بە بەشێك لە كارنامەی حكومەت لە ڕوی شەفافیەت و ئاگاداركردنەوەی ڕایگشتی وەسف كرد.
هاوكات، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەرەڕای پشتگیریكردنی لە وتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ژمارە 11 ساڵی 2013 كرد، ئەویش لە ڕێگەی دەركردنی ڕێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاساكە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سیستماتیك، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە ڕۆژنامەنوسان و هاوڵاتییان ڕێك بخرێتەوە.
هەروەها كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت، دەرەنجامی بڕیاری كۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە كێشەی بەنزین خستەڕو، سەرۆك وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ كاركردنیان بۆ دابەزاندن و كۆنتڕۆڵكردنی نرخی سوتەمەنی و پاراستنی كوالێتییەكەی و ڕاشیسپاردن كە بەردەوامبن لە سەر ئەو ڕێكارانە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و كۆنترۆڵكردنی نرخی سوتەمەنی.
لەلایەكی دیكەوە بڕگەی دووەمی كۆبونەوەكە، بریتیبو لە گرنگترین كار و پڕۆژەكانی چاكسازی كە لە لایەن وەزارەتەكانی كابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەكاربونیان ئەنجامدراون لە چوارچێوەی هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی كاری كابینەكە و یاسای چاكسازیی ژمارە 2 ساڵی 2020 كە لە لایەن وەزیرەكانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش بۆ ڕایگشتی بڵاودەكرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیران، جەختی كردەوە لە بەردەوامبون لەسەر پلان و بەرنامەی چاكسازیی كابینەكە كە بەشێكی گرنگ و سەرەكی بەرنامەی كاری كابینەكەیە.
لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردە و پێشنیارەكانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەسەند كرد تایبەت بە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردن بە بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 140 و داڕشتنەوەی بڕیاری ژمارە 145 تایبەت بە ئاسانكاریی بۆ دابینكردنی پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان، تاوەكو بارگرانی نەبونی بەرهەمە خۆراكیەكان یان گرانبونیان لە سەر هاوڵاتییان دروستنەبێت، ئەویش بە بەردەوامبونی هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان تا 30ی (ئەیلول/9)ی 2022 وەك ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستوی ڕوەكی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەكر ، پاقلەمەنی وشك ( نۆك، نیسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش) ، شیری منداڵان بە هەمو جۆرەكانییەوە.
لە بڕگەی كۆتاییدا، ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێكی خستەڕو سەبارەت بە پێویستی و گرنگی بەردەوامبونی پرۆسەی وردبینی و پێداچونەوەی سەرجەم قۆناغەكانی پرۆسەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و برەودان بە شەفافیەت لە ڕێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی ڕاپۆرتەكانی تایبەت بە زانیاری و ژمارەكانی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت و گاز بۆ ڕایگشتی.
لەكۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بڕیاریدا بە بەردەوامبونی پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچونەوەی قۆناغەكانی نەوت و گاز و داهات و خەرجییەكانی، لە دوای چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی خزمەتگوزاریی وردبینی كۆمپانیای دیلۆیت ، لە ڕوی نرخ وتێچوی خزمەتگوزارییەكە و خستنەڕوی ڕاپۆرتی مانگانە، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی و فراوانكردنی چالاكیبەكانییان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی مانگانە .
جەختیش لەسەر ڕاهێنانی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم كرایەوە بۆ بەرزكردنەوەی تواناكانیان و نوێكردنەوەی یاسا وڕێنمایی و پێوەرەكانی دارایی و وردبینی كارپێكراو لەهەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نوێ و هاوچەرخەكانی ئەم بوارە .