دۆسیەی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی وەزارەتی نەوتی عێراق یەكلاكراوەتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەپەیامێكدا رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی بەپێی دەستور بڕیارەكانی ناچارین بۆ هەمو لایەنەكان راشیگەیاند:"دۆسیەی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی سكاڵاكار كە وەزارەتی نەوت بوو یەكلاكراوەتەوە".
فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند كە دادگای فیدڕاڵی عێراق بەشێكە لە دەسەڵاتی دادوەری و كارەكانی بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەكات كە بە تەواوی جیاوازە لە كاروباری حكومەت، بۆ دەرخەری ئەو راستیەش بەشێك لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی دژی خواستی حكومەت بون.
هەروەها راشیگەیاند:" دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان جێگەی مشتومڕ و ناكۆكی بوو، دادگای فیدڕاڵی دۆسییەكەی لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوت یەكلایی كردەوە، هۆكارەكەشی ئەوەبو كە وەزارەتی نەوت لایەنی سكاڵاكار بوە وەك هەر دۆسییەكی دیكە و بەڵگەكانی خۆی پێشكەش كردووە، دادگاكە مافی مامەڵەكردن بە سامانی سروشتی بە گوێرەی دەستوریی، بۆ حكومەتی فیدڕاڵی گەڕاندووەتەوە".
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە دەسەڵاتی دادوەری عێراق نابێتە بەشێك لە ناكۆكی نێوان لایەنەكان.
لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێكی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەركرد كە ماف دەدات بە وەزارەتی نەوت دەستبگرێت بەسەر بیرە نەوتییەكانی هەرێم و داهاتەكەی بگەرێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق.
لە بەرانبەردا حكومەتی هەرێمی كوردستان روئیای خۆی لەبارەی مامەڵەكردن لەسەر دۆسیەی نەوت ئەوەیە كە دوو كۆمپانیای خۆماڵی دروست بكات و هەماهەنگی بكەن لەگەڵ كۆمپانیای بەبازاركردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) و جێگری بەرێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ كەسێكی كورد بێت و مافی ڤیتۆكردنی هەبێت لەبارەی بریارو مامەڵەكان.
هەروەها حكومەتی هەرێم ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە ئامادەن فرۆشتنی نەوت بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ سۆمۆدا، بەڵام داهاتی نەوت بخرێتە سەر حساب بانكییەك كە حكومەتی هەرێم بانكەكە دیاری دەكات و دەسەڵاتی راكێشانی پارەكەی دەبێت نەك بەغدا.