لێپرسینەوەكان؛ راوكردنی ئاژەڵە كێوییەكانی گەرمیان راناگرێت
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان: توانای دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانەمان نییە كە راو دەكەن
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
ژیانی ئاسك و ئاژەڵە كێوییەكانی دیكەی گەرمیان بەهۆی راوكردنی راوچیە یاساشكێنەكانەوە لەمەترسیدایەو لەئێستادا لەبەراورد بە 10 ساڵی رابردوو لەسەدا 80%یان لەناوچوون، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان دەڵێت:" دەسەڵاتی لێپێچینەوەمان نییە لە راوكەران و دەسەڵاتی یاسایی سزای قورسی دیاری نەكردووە، بۆیە ئێستاش نەك بەشەو بەنوێژی نیوەڕۆش راوكردن بەردەوامە".
لەناوچەكانی گەرمیان دەیان جۆر ئاژەڵی كێوی بوونیان هەیەو لەئێستادا رووبەڕووی دوو مەترسی بوونەتەوە، یەكێكیان وشكەساڵییە و ئەوی دیكەیان كە بەردەوامە راوكردنیانە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان دەڵێت:" بەهۆی ئەو كەموكورتیانەی كە هەمانە ناتوانین ژیانی ئاژەڵە كێوییەكانی گەرمیان بپارێزین و هیچ كەسێكیش گوێ لەداواكاریەكانمان ناگرێت".
شوان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" سنوری گەرمیان تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ ئاژەڵانی كێوی و ئاسك بەتایبەتی، بەڵام بەهۆی راوكردن و وشكەساڵییەوە تا بێت ژمارەی ئاسكەكانی سنورەكە كەم دەكات، تا وای لێهاتووە نەك بەشەو بەڕۆژی نیوەڕۆش راو دەكرێت".
ناوبراو كەماوەی دوو ساڵە لەو پۆستەدایە، هێمای بۆ ئەوەكرد كە لەماوەی ساڵی رابردوودا 111كەسیان دەستگیركردووە و ساڵانە نزیكەی 100بۆ 200 كەس دەستگیردەكرێن لەكاتی راوكردندا، وتیشی:" ئێمە گرفتێكمان هەیە لەبەرئەوەی كە ناتوانین ئیجرائات لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكەین كە دەستگیریان دەكەین دەبێ بەئەمری حاكم دەستگیر بكرێن و رادەستی ئەوان بكرێت، بۆیە زۆر جار ئەمە كێشە بۆ ئێمە دروست دەكات دەسەڵاتی لێپێچینەوەمان نیە لەگەڵ ئەو كەسانەدا".
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد لەو سزایانەی كە دادوەر دەریدەكات بۆ راوچیەكان لێی رازی نین، وتیشی:" بەسزایەكی سووك ئەو كەسە بەغەرامەیەكی كەم رزگاری دەبێت، دادگاش ناتوانێت سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنێت".
"لەم مانگەدا چوار دەبەی سووتەمەنی بۆ یەك مانگی ئێمە دابین كراوە ئەمە بەشی یەك رۆژی یەك بنكەمان ناكات نەك بۆ مانگێك، زۆر جار ئاگادار دەكرێینەوە كە راوچیەك خەریكی راوكردنە لەشوێنێك وەك خۆم بەشەرمەوە بە بەڕێوەبەری بەشەكان دەڵێم بۆ ئەوەی بچنە ئەو شوێنە، چونكە سووتەمەنیمان نیە زۆر جار لەسەر گیرفانی خۆمان ئەركەكان رایی دەكەین، جگە لەوەش ئێمە كە سەیارەیەكمان خراپ دەبێت كەس نیە بۆمان چاك بكاتەوە"، بەڕێوەبەری دارستان و ژینگەی گەرمیان وای وت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ئەوەشی روونكردەوە كە چەندین جار نووسراویان ئاڕاستەی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی داستانی حكومەتی هەرێم كردووە، بەڵام هیچ كەسێك وەڵامیان ناداتەوە.
شوان محەمەد ئەوەشی ئاشكرا كرد كە زۆرجار ئێمە تووشی شەڕە تەقە دەبینەوە لەگەڵ راوچیەكاندا، وتیشی:" راوچیەكان تەقەمان لێدەكەن زۆر جار كەسی ئاسایی و پلەداری سەربازیشیان تێدا هەبووە و پۆلیسمان لێ بریندار دەبێت، هەندێ كات لەدەرەوەی دادگاو بەسوڵحی عەشایەری كێشەكان چارەسەر دەكرێت، هیچ بەرپرسێكمان لەسەر راوكردن دەستگیرنەكردووەو بەئێمە دەستگیر ناكرێن، جگە لەوەی كەپلەداری سەربازی هەبووە راوی كردووە و دەستگیركراون".
سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەموو كەسێك كە راو بكات لەبەرامبەر یاسادا یەكسانە چ بەرپرس بێت یان كەسی ئاسایی و كاری دادگایە سزاكان دیاری بكات.
جەلال شێخ نوری، سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" زۆرجار داواكاریەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی داستانمان جێبەجێ كردووەو ئەوەی لەتوانای ئێمەدا بێت كردوومانە و هەندێك داواكاریش لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیەو گەیاندوومانەتە سەرووی خۆمان".
هەروەها وتیشی:" هەموو كەسێك كە راو بكات لەبەرامبەر یاسادا یەكسانە چ بەرپرس بێت یان كەسانی ئاسایی، پێویستە وەك یەك سزا بدرێن لەماوەی رابردووشدا لەسەر بڕیاری ئێمە دوو پلەداری سەربازی لەسەر راوكردن دەستگیركراون و دراون بەدادگاو سزاشیان وەرگرتووەو كاری دادگایە سزاكان دیاری بكات".
لەگەرمیان ئاژەڵی كێوی و بەتایبەت ئاسكەكانی دەشتی گەرمیان رووەو لەناوچوون دەچن و هیچ لایەنێكیش نیە پارێزگارییان لێبكات، لەكاتێكدا بارودۆخی سروشتەكەی بووەتە شوێنی مانەوەی ئاسكی تایبەت بەخۆی.
نیعمەت مەلۆ، چالاكوانی ژینگەو ئاژەڵی كێوی، بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو گەرمیان ناوچەیەكە كە زۆر ئاژەڵی كێوی تێدایە كە لەناوچەكانی دیكەدا نیە وەك ئاسكی گەرمیان، پشیلەی دارستان، سوێسكە، رێوی، پوش خورما، بەڵام ئەو ئاژەڵانەو بەتایبەت ئاسكی كێوی بەپێی ئاماری ساڵی رابردوو لە 10 ساڵی رابردوودا سەدا هەشتای ئاسكەكان كەمیان كردووە.
نیعمەت مەلۆ، جەختی لەوەشكردەوە كە ئەو رێژە بێسنورەی كە راوچیەكان راویان دەكەن و بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بۆ پارێزگاری ئاژەڵانی كێوی نەتوانراوە وەك پێویست بپارێزرێن.
" لەئێستادا ئەگەر ناوچە سنووریەكانی ئێران نەبوایە وەك ئەودیوی شاخی بەمۆو سنوری خانەقین كەبەزۆری ناوچەیەكی پارێزراون بۆ ئاسكەكانی گەرمیان ئێستا بەتەواوەتی لەناوچوبوون بەهۆی راوكردنەوە"، نیعمەت مەلۆ چالاكوانی ژینگە و ئاژەڵی كێوی وای وت.
ئەوەش دەڵێت، "گەر وەك پێویست كارنەكرێت بۆ پارێزگاری لێكردنی ئاسكەكانی گەرمیان بەتەواوەتی لەناودەچن و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕی زیاتر بداتەوە بۆ هاوكاریكردنی ئەو لایەنانەی كە پاێزگاری لەئاژەڵە كێویەكان دەكەن".