ئامارێكی مەترسیدار لەبارەی ژیانی منداڵان لە ئێران ئاشكرا دەكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
قەیران و ئێران بوونەتە دوو وشەی دانەبڕاو لەیەکتر بەتایبەت  کە ئەو وڵاتە سەرەڕای قەیرانە سیاسی و ئابورییەکان رووبەڕووی قەیرانی زۆری منداڵانی ئیشکەریش بووەتەوەو لەئامارەکاندا دەرکەوتووە ئەو وڵاتە یەکێکە لەوڵاتانی جیهان کەزیاترین منداڵی ئیشکەری تێدایە.

ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لەئێران دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ و لەو ژمارەیەش زۆرینەیان رووبەڕووی دەستدرێژی و بێڕێزیی بوونەتەوەو سەرەڕای ماندوێتی و بەناچاری کارکردن ، پۆلیس و خەڵکی ئاسایی و رێبوارەکانی شەقام و شۆستەکانیش ئازاریان داون.
بەرپرسانی پەیوەندیدار بەبواری کۆمەڵایەتی و منداڵانی ئیشکەر رایانگەیاندووە سەرهەڵدانی تاڵیبان لەئەفغانستان بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەی ئەو منداڵانە لەیەک ساڵدا 20 هێندە لەئێران زیاد بکات.
بەوتەی ئەو بەرپرسانە زیاترین منداڵی ئیشکەر بەتایبەت لەتاران-ی پایتەخت سەرقاڵی کۆکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک و کاغەز و ئاسنن، چونکە تەنها ئەو شارە لەساڵێکدا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار لەو پاشماوانە فڕێدەدات کە دواجار دەبێتە سەرچاوەیەکی ناوخوێی و ناتەندروست بۆ منداڵانی کار.
نەخوێندەواری، بەدخۆراکی، دەستدرێژی، خەمۆکی و تەنانەت خۆکوژیی گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ئەو ژمارە زۆرە لەمنداڵانی کار لە ئێران کە ئەوەش داهاتوی وڵاتەکە و نەوەیەکی نوێی تەندروستی خستەوەتە ژێر مەترسییەوە.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە زۆربەی منداڵانی ئیشکەر لەوڵاتەکە خەڵکی ئەفغانستانن و ئەمریکا هۆکاری سەرەکەیی ئەو دیاردەو حاڵەتەیە کە بەرۆکی ئێرانی گرتووەتەوە چونکە ئەمریکا بووەتە هۆی بەردەوامبوونی شەڕو ئاژاوە لەئەفغانستان و ئاوارەکانی ئەو وڵاتەش روو لەئێران دەکەن. 
بەرپرسانی ئێران لەدەیان بۆنەو بەرنامە و رۆژنامەدا ئاماژەیان بەوەکردووە کەوڵاتەکەیان لە 43 ساڵی رابردوودا زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتی ئەفغانستانی داڵدە داوە کە 33%یان منداڵ بوون و ئەو منداڵانەش بەهۆی هەژاریی خێزانەکانیان زۆربەیان بە ناچاریی کاریان کردووە و ئێستاش زۆرینەی منداڵانی ئیشکەر لەئێران هەر ئەندامی ئەو خێزانانەن.
ئێران زیاترین منداڵی ئیشکەری تێدایە
لەئامارە نێودەوڵەتییەکاندا دەرکەوتووە زیاتر لە 160 ملیۆن منداڵ لەسەرتاسەری جیهان بۆ بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان بەناچاری کاردەکەن کە بەمنداڵانی کار یان منداڵانی ئیشکەر ناودەهێنرێن.
لەئامارە رەسمییەکانی حکومەت لەئێران وا بڵاوکراوەتەوە کە 70 هەزار منداڵ لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە کاردەکەن لەکاتێکدا ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی نزیکەی یەک ملیۆن منداڵی ئیشکەر دەکەن.
بەوتەی رێکخراوەکان ئەو یەک ملیۆن منداڵەی کە لەئێران بەناچاریی کاردەکەن 80%یان  بەناسنامە خەڵکی ئەو وڵاتە نین و تەنها 20%ی دانیشتوی وڵاتەکەن واتە لەو یەک ملیۆنە، رەنگە تەنها 200 هەزار کەسیان لەئێران لەدایکبووبێتن یان بەهاووڵاتیی وڵاتەکە ئەژمار بکرێن.
ئامارەکانی حکومەت و رێکخراوو ئەنجومەنە ناحکومییەکانی ئێران بۆ منداڵانی ئیشکەر جیاوازە. بەڵام رێژەی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان دەکرێت و جیاوازیی رەگەزیی لەهەردوو ئامارەکەدا هاوشێوەیە.
بۆ نموونە لە راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێراندا کەناوەندێکی رەسمییە 600 هەزار منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 14 ساڵە لەئێران بەدەستی کاری وڵاتەکە ئەژمار کراون کەدەکاتە 4%ی کۆی دەستی کار لەئێران.
بەپێی رێژەکان زۆربەی منداڵانی ئیشکەر لە رەگەزی نێرینەن کەنزیکەی 67% دەکات و 23%یان رەگەزی مێینەن.
لەکۆی ئەو دوو رەگەزە لەمنداڵانی ئیشکەر 1.6% رووبەڕووی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بوونەوە، 22.7% بەهۆی سەرماو گەرمای زیاد لە رادە، تووشی کێشەی تەندروستیی بوونەتەوە، 15.4% لەو منداڵانە لەلایەن پۆلیسەوە بێڕێزییان پێکراوەو لێدانیان بەرکەوتوە، 21% لە لایەن خەڵکەوە بێڕێزییان پێدەکرێت و لێیان دەدرێت، 3%یان هیچ شوێنێکی حەوانەوەو نووستنیان نییە، 20.7%یا رووبەڕووی برسێتیی دەبنەوە، 13.8% بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە زیانیان پێدەگات و ئەگەری مردنیشیان هەیە.
لە رێژەکان و ئامارەکاندا هاتووە 2%ی کۆی منداڵانی ئیشکەر بێ دایک و باوکن و لەکۆی منداڵانی ئیشکەر تەنها 34%یان رووبەڕووی ئازارو لێدان و دەستدرێژیی نابنەوە.
زبڵ و پاشماوەکان دەبنە بژێویی منداڵان
قاسم حەسەنی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پشتیوانیی لەمنداڵانی کار لەئێران رایگەیاندووە؛ بەپێی هەندێک ئامار نزیکەی 900 هەزار منداڵ لەئێران بەشێوەی خوازراوو نەخوازراو کاردەکەن کە پێچەوانەی ئەو جاڕنامەی مافەکانی منداڵانە لەجیهانداو ئێرانیش لەساڵی 1994 پابەندبوونی خۆی بەو جاڕنامەیەوە راگەیاندووە.
ئەو وتی لەساڵی 2019 بەپێی توێژینەوەیەکی ئەنجومەنەکەیان ئەنجامی داوە نزیکەی چوار هەزار منداڵی ئیشکەر سەرچاوەی بژێوییان گەڕان لەپاشماوەکان و زبڵەکاندا بووە و لەو ساڵەدا بەری رەنجی ئەو منداڵانە 156 ملیۆن دۆلار بووە کە کەمترینی دەست خۆیان کەوتووە و قازانجەکەی بۆ دەڵاڵ و بازرگانەکان و هەندێکجاریش بۆ شارەوانییەکان بووە.
هەر بەپێی توێژینەوەکە لەساڵی 2021 لەسەر دەستی منداڵانی ئیشکەر زیاتر لە 234 ملیۆن دۆلار تەنها لەتارانی پایتەخت کۆکراوەتەوە کە داهاتی ئەوەش کەمترینی بۆ ئەو منداڵانە بووە.
بەوتەی شارەوانییەکانی تارانی پایتەخت، 93%ی ئەو منداڵانەی لەزبڵەکاندا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک و کاغەزن، ئێرانیی نین و خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
تاران، پایتەختی منداڵانی ئیشکەر
لە ئامارەکاندا دەرکەوتووە تەنها لەشاری تارانی پایتەخت کە زیاتر لە 14 ملیۆن دانیشتوای هەیەو رۆژانە لەنێوان چوار بۆ شەش ملیۆن خەڵک لە دەرەوەو ناوخۆی ئێران رووی تێدەکەن زیاتر لە 30 هەزار منداڵی ئیشکەر هەیە.
دیاردەی کاری منداڵان بەشێوەیەکی بەرچاو لەشەقام و کۆڵان و شوێنە سەرەکییەکانی تاراندا بەدیدەکرێت، ئەو دیاردەیە بووەتە یەکێک لەدیمەنەکان کە بەناسنامەی تاران لەقەڵەمدەدرێت.
لە تووێژینەوەیەک لەسەر منداڵانی ئیشکەر لەتاران دەرکەوتووە لە کۆی ئەو ئامارانەی کە سەبارەت بەکاری منداڵان ئاشکرا بووە 12 هەزارو 490 منداڵ تەنها بژێویان لەسەر دەستگێڕیی لە شەقامەکانی ئەو شارەدایە.
دیمەنی منداڵانی دەستفرۆش لەتاران کە داوا لە رێبواران و شۆفێران دەکەن شتەکانیان لێبکڕن چیتر لەو شارە نامۆ نییەو ئەو منداڵانەش بە منداڵانی سەرشەقامەکان ناویان دەهێنرێت.
هەژاری و  کۆرۆناو کار منداڵانی ئێران لەخوێندن بێبەش دەکەن
منداڵانی کار بەهۆی توانای کەمی دارایی و دابینکردنی بژێویی خێزانەکانیان ناچارن دەستبەرداری خوێندن ببن و یان تەنانەت نەچنە بەر خوێندنیش لەدوایین راپۆرتی ناوەندی بەرگریی لەمافەکانی منداڵان ئاشکرابووە کە 14% منداڵانی ئیشکەر هیچ خوێندەوارییەکیان نییە و هاوکات 40 بۆ 60%ی ئەو منداڵانەی کە کاردەکەن بەبێ تەواوکردنی پڕۆسەی خوێندن دەستبەرداری خوێندن و خوێندگە دەبن
سیامەک زەند رەزەوەی ، شارەزای کۆمەڵناسیی لەئێران رایگەیاندووە تەنها بەهۆی کۆرۆناوە سێ ملیۆن و 500 هەزار منداڵ لەوڵاتەکە لەپڕۆسەی خوێندن دواکەوتون کە هۆکاری سەرەکیشی قەیرانی ئابوریی بووە و خێزان و کەسوکاری ئەو منداڵانە توانای ماددی و ئابورییان نەبووە تابلێت و هێڵی ئینتەرنێت دابین بکەن تا منداڵەکانیان لەخوێندنی ئۆنلاین سوودمەند بن.
زەند رەزەوی ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەرچی ئامارەکانی نەخوێندەواری لەناو منداڵانی ئیشکەر زۆر مەترسیدارە، بەڵام هاوشانی ئەوان نزیکەی نیو ملیۆن منداڵ لەئێران بەهۆی هەژارییەوە نەیانتوانیوە بەشداریی پڕۆسەی خوێندن بکەن و بەزمانێکی دیکە خانەوادەی ئەو منداڵانە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەن، نەیان ناردوونەتە بەردەم خوێندن.
ئەو وتیشی حکومەتی ئێران بەرپرسیاری یەکەمە لەو منداڵانەی کە لەخوێندن بێبەش بوون، چونکە بەپێی جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ حکومەتی هەر وڵاتێک دەبێت تاقۆناغی ناوەندیی خوێندن هەموو بوارو پێداویستییەکان بۆ منداڵان دابین بکات.
زەند رەزەوی بەمیدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە حکومەتی ئێران 40 ساڵە لەبواری مافەکانی منداڵاندا پاشەکشێی کردووە و بە بەردەوامیی رێژەو ئاماری قەیرنەکانی لەبواری پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانی شاردراوەتەوە  یان حاشای لێکراوە کە ئەوەش داهاتووی وڵاتەکە بەرەو تاریکیی دەبات، چونکە بە بێ دابینکردن و مسۆگەرکردنی مافەکانی منداڵان داهاتووی هەر وڵاتێک تاریک و ناڕوون دەبێت.
منداڵانی ئیشکەر دەروون و جەستەیان رووبەڕووی کێشەی تەندروستیی دەبێتەوە
دامەزراوەی بێهزیستی (ژیانی باشتر) کە سەر بەحکومەتە بڵاوی کردووەتەوە 80%ی منداڵانی ئیشکەر بەژن و باڵایان هاوشێوەی منداڵانی ئاسایی گەشە ناکات و 86%یش کێشیان کەمە، 77%ی ئەو منداڵانە کێشەی تەندروستیی دەم و ددانیان هەیە، 73%یش رووبەڕووی کێشەی بینین و تەندروستیی دەبنەوەو 61%یش گیرۆدەی کێشەی هەناسەدانن.  
لەو ئامارو رێژانەی دامەزراوەی بێهزیستیدا هاتووە 60%ی منداڵانی ئیشکەر کێشەی قوڕگ و گوێیان هەیەو 82% کێشەی تەندروستیی پێست و 64% نەخۆشییەکانی دڵ و 60%یان نەخۆشییەکانی گەدە هەڕەشە لەژیانیان دەکات.
بەپێی تووێژینەوەکانی ئەو ناوەندە جگە لەو نەخۆشییە جەستەییانە، نەخۆشییە دەروونییەکانیش بەرۆکیان دەگرێت چونکە 80%ی ئەو منداڵانە تووشی هەڵەشەیی و توندوتیژیی دەبن و ناکرێت بەراورد بکرێن بەمنداڵێکی ئاسایی.
منداڵانی ئیشکەر هەر بەهۆی ئەو ژینگەو دۆخە نەخوازراوەی کە لەئێران رووبەڕوویان بووەتەوە پەنا بۆ تاوان دەبەن و لە تووێژینەوەکانی وڵاتەکەدا دەرکەوتووە 50%ی منداڵانی ئیشکەری دزی دەکەن، 41%یان کڕین و فرۆشتن بەماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن، 85%یشیان زیان بەدارایی گشتی و حکومیی دەگەیەنن ، 54%یان بێڕێزیی بەخەڵک دەکەن و 55%یان مەیل و خواستی تاوانکارییان هەیە.
لەتووێژینەوەکاندا دەرکەوتووە توانای تێگەیشتنی منداڵانی ئیشکەر بەهۆی زیانە دەروونی و جەستەییەکانیانەوە بەراورد بەمنداڵانی ئاسایی زۆر کەمتر، لەبەراوردکارییەکاندا ئەوە روون بووەتەوە کە 32%ی منداڵانی ئیشکەر کێشەی لەبیرچوونەوەیان هەیە، 30%یان کێشەی فێربوونیان هەیە، 71%ی بە رێژەیەکی کەم بیرو هۆشیارییان رووبەڕووی کێشە بووەتەوەو 61%یشیان کێشەیان لەقسەکردن و دەربڕیندا هەیە. 
هۆکاری حاشاکردنی بەرپرسانی ئێران لەمنداڵانی ئیشکەر
بەوتەی زۆربەی بەرپرسانی باڵای ئێران زۆرینەی ئەو منداڵانەی رۆژانە لەشەقامەکانی شارو ناوچە جیاوازەکاندا دەبینرێن خەڵکی وڵاتەکە نین و 70 بۆ 80%یان منداڵانی ئەفغانستانن کە بەهۆی بەدەسەڵات گەیشتووی تاڵیبان لەو وڵاتە ئەو منداڵانە لەگەڵ خێزانەکانیان روویان لە ئێران کردووە.
ئەمانوڵڵا قەرائی، پسپۆڕی پێشکەوتوی کۆمەڵناسی لەئێران بەئاژانسی (دانشجو)ی لەوڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هاووڵاتییانی ئێران رۆژانە بە بینینی ئەو ژمارە زۆرە لەمنداڵانی ئیشکەرو بە تایبەت ئەوکیژو منداڵە کچانەی کە دەستگێڕی دەکەن و هەندێکیشیان سواڵکردنیان کردووە بەپیشە، تووشی شۆک دەبن، چونکە ناکرێت وڵاتێکی وەک ئێران ئەو ژمارە زۆرە لەمنداڵانی کاری لەسەر شەقام و کۆڵانەکان و چواڕیان و شوێنە گشتییەکاندا هەبێت!.
بەوتەی قەرائی ئەو دیاردەیە کاریگەریی زۆر نەرێنیی لەسەر باری دەروونیی دانیشتوانی ناوچە جیاوازەکانی ئێران داناوەو تەنانەت لەکۆنتڕۆڵی بەرپرسانیشدا نەماوە، بۆیە ناچار حاشای لێدەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار