دەقی رێككەوتنی توركیاو سویدو فینلاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە چوارچێوەی رێككەوتنێك لەبارەی بەگژداچونەوەی چالاكییەكانی (یەپەگە)، (پەیەدە) و بە "تیرۆریست" ناساندنی (پەكەكە)، توركیا پشتگیری خۆی بۆ بە ئەندامبونی هەریەكە لە فینلاند و سوید لە رێكخراوی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) راگەیاند.
لە دەقی رێككەوتنەكەی نێوان ئەو سێ وڵاتەدا راگەیەندراوە، لە پێناو بوون بە ئەندام لە رێكخراوی ناتۆ پێویستە فینلاند و سوید بە تەواوەتی پشتگیری خۆیان بۆ پاراستی ئاسایشی توركیا دوپاتبكەنەوە و ئەو دو وڵاتە بەهیچ شێوەیەك پشتگیری لە چالاكییەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) نەكەن.
لەسەر فینلاند و سوید پێویستە بە هەموو شێوەیەك دژ بە پرینسیپەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بن
ئاماژەبەوەشكراوە، لەسەر فینلاند و سوید پێویستە بە هەمو شێوەیەك دژ بە پڕەنسیپەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بن و وەك رێكخراوێكی "تیرۆریست"ی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، رێگریش بكەن لە ئەنجامدانی چالاكی لەسەر ئاستی گروپ و تاك بۆ پشتیوانی لەو رێكخراوانە و پشتگیری لە مانەوە و داڵدەدانی هیچ لایەنگیرێكیان نەكەن.
لە رێككەوتنە سێ لایەنییەكەی توركیا، فینلاند و سویددا هاتوە، "لەسەر فینلاند و سوید پێویستە بەشێوەیەكی گشتی كار لەسەر بەگژداچونەوەی ئەو پارت و گروپ و رێكخراوە تیرۆریستییانە بكەن كە چالاكی سەربازیان دژ بە سەروەری خاكی توركیا هەیە، دەشبێت پشتگیری لە روبەڕوبونەوەی ئەو گروپ و كەسانەش بكەن كە هەڕەشەن بۆ سەر توركیا".
دەبێت هەریەكە لە فینلاند و سوید كار لەسەر دیپۆرتكردنەوەی ئەو كەسانە بكەن كە لەلایەن توركیاوە داواكراون