حەسەن زیرەك؛ پاش مردنیشی چریكەیەكی زیندووە
هاوسەرێكی زیرەك كۆتا قسەی پێش كۆچی دوایی بۆ هاوڵاتی دەگێڕێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
پەنجا ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك تێدەپەڕێت، هاوسەری پێنجەمی بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» هەموو گۆرانیەكانی بۆ من وتووە».
كاتێك باس لەهونەری میوزیك و گۆرانیی كوردی دەكرێت، حەسەن زیرەك بەیەكێك لەئەستێرە هەرە درەوشاوەكانی هونەری كوردی دادەنرێت كە تائێستاش گۆرانییەكانی بە زیندوویی ماوەتەوە.
حەسەن زیرەك لە 29ی تشرینی دووەمی 1921 لە دایكبووە، دوو بۆچوونی جیاواز لەبارەی زێدی ئەو هونەرمەندە هەیە، یەكێكیان بۆ بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی دەگەڕێننەوە، ئەوی دیكەشیان بۆ گوندی هەرمێلەی سەقز.
جگە لەوتنی، حەسەن زیرەك تێكست و ئاوازی بۆ گۆرانیەكانیشی داناوە، بەهۆی دەنگە خۆش و هونەرە بەرزەكەیەوە لەهەر چوار پارچەی كوردستان ناسراوە، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان.
ئەو هونەرمەندە لەتەمەنی منداڵییەوە گۆرانی وتووەو بەهۆی ئەوەی لێهاتوو بووە، بەزیرەك ناسراوە، بەهۆی رووداوێكەوە رووی كردووەتە باشووری كوردستان، لە 1953 دەچێتە بەغداو هونەرمەند عەلی مەردان دەبینێت، بۆ یەكەمجار دەنگی لە رادیۆی بەغدا تۆمار دەكرێت، دواتر چەندین بەرهەمی دیكەی لەو رادیۆیە تۆماركردووە و ئەوەش هۆكارێكی دیكەی بەناوبانگبوونی بووە.
هونەرمەند حەسەن زیرەك لە 1958 گەڕاوەتە ئێران و لە رادیۆی تاران، كرماشان و تەورێز گۆرانی وتووە، هەر لەو ساڵەدا، میدیا زەندی، میدیاكاری كورد دەناسێت و ژیانی هاوسەری لەگەڵدا پێكدەهێنێت و دوو منداڵیان دەبێت.
زیرەك شیعری بەشێك لەشاعیرانی كوردی لەبەرهەمەكانیدا بەكارهێناوە، لەوانە نالی، وەفایی، پیرەمێرد، هێمن، سەید كامیل ئیمامی، كوردی و هەردی.
لەبەرهەمە بەناوبانگەكانی ئەو هونەرمەندە، «نەورۆز»، «وەك قومری»، «كەتانە»، «هەی نار»، «كرماشان شاری شیرینم»، «ئەمان دكتۆر» و «ئەسمەر» ن.
حەسەن زیرەك لە 26 حوزەیرانی 1972 بۆ دواجار چاوی لێكنا، بەڵام هونەرەكەیی هەر زیندووە، پاش كۆچی دوایشی لەبۆكان بەخاكسپێردرا.
لەرۆژهەڵات و باشوری كوردستان بەگۆرانی و میوزیك و گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی 50 هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی حەسەن زیرەك بەرزڕاگیرا.
لەسلێمانی لەچەند شوێنێك لەیەك كاتدا یادی حەسەن زیرەك كرایەوە، رابیعەخان هاوسەری پێنجەمی حەسەن زیرەك، لەیەكێك لەمەراسیمەكان ئامادەبوو، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» حەسەن زیرەك، لەزەماوەندێكدا منی ناسی و عاشقم بوو دواتر ژیانی هاوسەریمان پێكهێنا، ئەو قوتابخانەیەكی جوانی بۆ تەواوی جیهان جێهێشتووە، بە نەخوێندەواری خۆی ئەو گۆرانیە جوانانەی وتووە، هەموو كەس لێی رازی بووە».
هاوسەری پێنجەمی حەسەن زیرەك كە بەوتەی خۆی كۆتا هاوسەری بووە، داوا دەكات ئەو هونەرمەندە كۆچكردووە لەیاد نەكرێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت هیچ كوڕێكی نەبووە، تەنها دوو كچی هەیەو ئەوانیش لەتارانن.
وەك رابیعەخان دەڵێت:»حەسەن زیرەك هەزار و 800 بەرهەمی هەبووە، ئێستاش زیاتر لە 800 بەرهەمی بەتۆماركراوی ماوەتەوە».
هەروەها وتیشی:» حەسەن زیرەك تەنیا دەفێكی جێماوە تاخۆم بمێنم بە كەسی نادەم».
لەوەڵامی پرسیارێك كە ئایا حەسەن زیرەك هیچ گۆرانییەكی تایبەتی بۆ وتووە، رابیعەخان وتی:» ئەرێوەڵا تا بەیانی گۆرانی بۆ دەوتم، وەكو كراس رەشێ و لەسیلەی قەبران و هەموو گۆرانیەكی بۆ دەوتم هیچ گۆرانیەكیم لەیادناچێت».
«من پێنجەم هاوسەری حەسەن زیرەكم، ئەو كەسایەتیەكی زۆر ئاغا بوو، رێزی بوو لەهەموو جێگایەك كەس لێی ناڕەحەت نەدەبوو، منیش هەمووكات لەخزمەتی بووم و نەمهێشتووە بەتەنیا بێت، منداڵەكانی لای من نەبوون، لای دایكی خۆیان بوون، سێ بۆ چوار مانگ نەخۆش بوو، كۆتا قسەی وتی رابە گیان دوای پرسەكەم بچۆرەوە ماڵی باوكت و زوو زوو بێرە سەر گۆڕەكەم»، رابیعە وای وت.
هاوكات، هونەرمەند سەڵاحی خزری بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد كە زیرەك نازناوێكی زۆر شیاو بوو بۆ حەسەن زیرەك، یەكێك لەبەختەوەرترین گۆرانیبێژانی كورد بووە، ئەو خۆی خۆی پێگەیاندووە لەسفرەوە هەتا سەد، لەگەڵ گەورەترین ئۆركێستراكانی ئەوكات گۆرانی وتووە، هەمیشە شانازی بەكوردبوونیەوە كردووە پێویستە كوردیش شانازی پێوەبكات.
هاوڕێ كوڕی رابیعە خان، هاوسەری پێنجەمی حەسەن زیرەك ئەوەی خستەڕوو كە ماڵی سۆفی كەریم هەموو ساڵێك یادی حەسەن زیرەك دەكەنەوە لەڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان هەمیشە یاد دەكرێتەوە، وتیشی:»زۆر گۆرانی حەسەن زیرەك هەیە بڵاونەكراونەتەوە و لای ئەو بنەماڵەو شوێنانەن كە تێیدا تۆماركراوە، ئەوەی تائێستا تۆماركراوە زیاتر لەهەزار گۆرانی تۆماركراوی هەڵگیراوە».
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە ئەوەندەی زانیاریم هەیە حەسەن زیرەك تەنیا پێنج جار هاوسەرگیری كردووە.