ئەردۆغان هەنگاوی كرداری دەنێت بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزێكی زۆری میلیشیاكانی نزیك سوپای توركیا بە چەك و تانك و زرێپۆشەوە رەوانەی سنووری شارۆچكەی تەل رەفعەت كراون بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان.
ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی تەموزی 2022ن ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی توركی كە سەر بە حزبەكەی ئەردۆغانە بڵاویكردووەتەوە كە "كاروانی سەربازیی هێزەكانی "سوپای نیشتمانیی سووریا" میلیشیاكانی سەر بە ئەردۆغان لە شارۆچكەی عەزاز باكووری سووریاوە بەڕێكراوە، چەندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، مووشەكهاوێژی فرەلوولە و تۆپی هاوەن لەخۆ دەگرێت. ئامادەكاریان كردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی.
دوای ئەوەی شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیا داگیركرا، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی شارەكە ئاوارە بوون و بەشێكیان لە تەل رەفعەت نیشتەجێبوون.
پێشتر هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەنجومەنی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە لە ماوەی رابردوودا چەندین جار تەل رەفعەت لەلایەن تۆپخانەكانی توركیا تۆپباران كراوە و هێزەكانی سوریای دیموكرات وڵامیان داونەتەوە.
چەند جارێك ئەردۆغان هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی سەربازییان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كردووە و جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەڵێنی داوە كە وانەیەك بدەنە سوپای توركیا و بەرگری لە خاكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بكەن.