ئابووری توركیا لەلێواری روخانیدایە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێژەی هەڵاوسان لە توركیا بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرزبووەتەوەو لە 25 ساڵی رابردوو هاوشێوەی نەبووە بێجگە لەدابەزینێكی زۆری بەهای لیرەی توركی بەرانبەر دۆلار، پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەردۆغان و حكومەتەكەی بە شكستخواردوو وەسف دەكەن كە سیستمێكی خراپی دارایی و ئابووری وڵات بەرێوەدەبەن.
بە پێی داتای دەزگای ئاماری توركیا رێژەی هەڵاوسان لە مانگی حوزەیران لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ سەدا 78.62% بەرزبووەتەوەو لەسەر ئاستی مانگانە رێژەی هەڵاوسان بەراورد بە مانگی ئایار بە رێژەی سەدا 4.95 %بەرزبووەتەوە.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر پلانەكەی بە دابەزاندنی نرخی سوو بەردەوامەو سەرۆكی توركیا دەڵێت لە رێگەی سیاسەتەكەی پاڵپشتی لە بەرهەمهێنان و هەناردە و رەخساندنی هەلی كار دەكەن.
لە لایەكی دیكەوە بەهای لیرەی توركی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆ ئاستی 16.37 لیرە بەرامبەر دۆلارێك دابەزی و سەدا 2.4ـی بەهاكەی لەدەستدا. لە دەستپێكی ئەمساڵیشەوە لە ئاستی 13.31 لیرەوە بۆ 16.76 لیرە بەرامبەر دۆلارێك دابەزی، واتە سەدا 25ـی بەهاكەی لەدەستدا.
پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و شارەزایانی ئابووری توركیا، ئەردۆغان و حكومەتەكەی بە شكستخواردوو وەسف دەكەن كە دۆخی دارایی و ئابووری بەرەو داروخان دەبات كە بەهای لیرەش بەرانبەر دۆلار زۆر دابەزیووە.
بریارە ناوەراستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە توركیا ئەنجام بدرێت و لەئێستاوە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن كار لەسەر شكستی بەرێوەبردن و دۆخی ئابووری توركیا دەكەن و وەك كارتێكی بەهێز رووبەرووی پارتی(ئەكەپە)ی ئەردۆغانی دەكەنەوە.