جەمیل بایك نهێنییەكانی میت ئاشكرا دەكات
میت ناتوانێت بچێتە كەلارو كۆمەڵكوژییەكی وەها ئەنجامبدات ئەگەر هاوكاری نەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێكی باڵای قەندیل باس لەو هاوكاریانە دەكات كە بۆ دەزگای هەواڵگری میت لەهەرێمی كوردستان دەكرێت و دەشڵێت:" ئەمڕۆ میتو توركیا پەكەكە دەكەن بەبیانوو، بەڵام لەڕاستیدا داگیركاریی مەترسی جدییە بۆسەر باشووری كوردستان".
جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)و یەكێك لەبەرپرسە هەرە باڵاكانی قەندیل لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات دیدارێكی ئەنجامداوەو دەڵێت:"توركیا هەموو ڕۆژێك هێرشدەكاتەسەر باكور، باشوورو ڕۆژئاوای كوردستان، بەئاشكرا ڕایگەیاندووە، كێ بۆ ئازادیی كورد تێبكۆشێت دوژمنی منە، چونكە دەیەوێت ڕیشەی كوردان لەبنەوە هەڵكەنێت".
باس لەوەشدەكات، "هەربۆیە كێ بۆ كوردان تێكۆشان بكات دەیكەنە ئامانج، توانای دەوڵەتی تورك بەتەنها ئەوەندەنییە كە بتوانێت لەكەلار هەڤاڵ فەرهادو هاوڕێكانی شەهیدبكات، ئەگەر پارتیو پاراستنی پارتیو سیخوڕەكانیان، میتیان ئاگادارنەكردبێت، میت ناتوانێت بچێتە كەلارو كۆمەڵكوژییەكی وەها ئەنجامبدات".
زیاتر لەوبارەیەوە وتویەتی:"پارتیو پاراستنی پارتی لەهەرێمەكانی پاراستنی میدیاو هەموولایەك سیخوڕی بۆ میت دەكەنو زانیاریی كۆدەكەنەوە، شوێنو ماڵو ئۆتۆمبێلی هاوڕێكانمان بەتایبەتی هاوڕێیانی بەرپرسیار دیاریدەكەنو دەیدەن بەمیت، میتیش لەم ڕێگەیەوە ئەم هێرشانە دەكاتو كۆمەڵكوژی ئەنجامدەدات، ئەگەر پارتی هاوكاری میت نەكات، ناتوانن لەهیچ شوێنێكی باشووری كوردستانو كەلار یەك هەنگاویش هەڵگرن".
هێرشدەكاتەسەر حكومەتی عێراقو دەڵێت:"توركیا بۆ لەناوبردنی كوردان ئەركو زەمینەیەكی گەورەی داوە بەمیت، میتیش بەهاوكاری پارتی ئەم ئەركە جێبەجێدەكات، لەباكوریش هاوكاریان هەیەو لەڕێگەی ئەوانەوە هێرشدەكەن، حكومەتی عێراق خۆی بێدەنگكردووە، توركیاش باشوری كوردستان داگیردەكاتو بارەگا دروستدەكات، كەچی حكومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێكی نییە، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت كە هاوبەشن لەو كۆمەڵكوژییانە بۆیە بێدەنگن".
زیاتر لەوبارەیەوە بایك وتویەتی:"گەلی عێراقو هەندێك لایەنیش لەدژی داگیركارییەكانی دەوەتی توركن، بەڵام دەبێت فشار لەحكومەتەكەیان بكەن، ئەگەر فشاربكەن حكومەت ناتوانێت ئاوا بێدەنگ بمێنێتەوە، چونكە مەترسی گەورە هەیە بۆ سەر عێراق".
داوای هەڵوێست لەخەڵكی هەرێمو عێراقیش بەگشتی دەكاتو دەڵێت:"هەركەسێك دەڵێت من بۆ گەلی كوردو ئازادیو دیموكراسی تێدەكۆشم، پێویستە دژی داگیركاریی خاوەن هەڵوێست بێت، پێویستە هەڵوێستەكان بكرێنە كردارو بەهێزبكرێن، چونكە ئەمڕۆ میتو توركیا پەكەكە دەكەن بەبیانوو، بەڵام لەڕاستیدا داگیركاریی مەترسی جدییە بۆسەر باشووری كوردستانو عێراقیش، لەسەر ئەم بنەمایە من بانگەوازیی لەلایەنەكانی عێراقو گەلی عێراقو لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەكەم، لەدژی داگیركاریی دەوڵەتی تورك بوەستنەوە، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵوێست نیشان نەدەین سبەی گورزی كوشندە دەخۆین".
لەبارەی ئەو پەیوەندیانەی بەكەسوكاری گەریلاو شەهیدانەوە دەكرێت بایك زانیاریی گرنگی ئاشكراكردو وتی:"میت بەتایبەتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە خۆیان دەگەیەننە وڵاتپاریزان، خانەوادەی شەهیدان، تێكۆشەرانو ڕەنجدەران، زەمینە دەخەنە بەردەستیانو بەزمانێكی نەرم دەڵێن پارەتان پێدەدەین، كارتان بۆدەدۆزینەوەو ئەگەر دۆسییەتان هەبێت ئێمە لەناویدەبەین، دەڵێن كێشەی ئێمە لەگەڵ كورد نییەو تەنها كێشەمان لەگەڵ پەكەكە هەیە، دوای ئەوەی ئەوانمان لەناوبرد، كێشەی كورد چارەسەردەكەین".
جەمیل بایك ئاماژە بەوەشدەكات، "ئەوكەسانەشی كە ڕازینابن خزمەتیان بكەن هەرەشەی كوشتنیان لێدەكەنو هەندێكیشیان دەكوژن، دەڵێن ئەگەر ئێوە لەدژی پەكەكەو گەریلا نەوەستنەوە، ئێوەش لەناودەبەین".