موراد قەرەیلان پەردە لەسەر چەندین نهێنی گەورە لادەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل پەردە لەسەر چەندین نهێنی لادەدات لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەرخاكی هەرێمی كوردستان و دەشڵێت لە باشوری كوردستان هاوكارییان دەكرێت و بە شێوەیەكی نهێنی و شاراوە ئەو داگیركەرییە قبوڵ كراوە".
ئەمڕۆ دووشەممە 18ی تەموزی 2022، هەواڵی فورات، نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چاوپێكەوتنێكیان لەگەڵ موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل ئەنجامدراوەو تێدیا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە" لە ئاڤاشینەوە بۆ مەتینا، لە ناوچە و گۆڕەپانێك بە فراوانیی ٦٠ كیلۆمەتر، شەڕێكی گەورە هەیە. بەلانیكەمەوە لە ٥٠ شوێن دا لە نێوان هەڤاڵان و سەربازانی دوژمندا مەودای ١٠٠ مەتر هەیە، ئەمە شەڕێكی زۆر قورسە. ئێمە ئێستا لەوێ تاكتیكێكی نوێ بەكاردەهێنین، ئێمە ناكشێینەوە".
هاوكات قەرەیلان دەشڵێت:" بێگۆمان ئەم شەڕەی كە بەڕێوەدەبرێت، بەر لە هەموو شتێك بۆ پاراستنی باشوری كوردستانە، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی باشوری كوردستان و هەموو كوردستانە. جگە لەوە، ئەم شەڕە بە تەنها بۆ ئەوەش نییە، بۆ بەهای دیموكراتی و هەبوون و ئازادی هەموو گەلەكەمانە. لەبەرئەوەی دوژمن بە تەنها دوژمن پارچەیەك نییە، دوژمنی هەموو كوردستانە. ئەم دوژمنە دەیەوێت كورد لە هیچ شوێنێك نەبێتە خاوەن دەستكەوت. ئێمەش دژی ئەو عەقڵیەتە تێدەكۆشین".
دەقی چاوپێكەوتنی موراد قەرەیلان:
ماوەی ١٦ مانگە هیچ زانیارییەك لە ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدەست نەگەیشتووە. هەروەها لە جەژنی قورباندا ڕێگە نەدرا بنەماڵە و پارێزەرەكانی سەردانی بكەن و چاوپێكەوتن ئەنجام بدەن. دەیانەوێت چی بكەن و چۆن دەبێت لەم دۆخە تێبگەین؟
پێش هەموو شتێك ١٤ی تەمووز ڕۆژێكی گرنگە بۆ خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان و ڕۆژی شكۆی نەتەوەیی و ڕۆژی بڕیاری چالاكیی مەزنە. پێش هەموو شتێك بە ڕێزەوە یادی هاوڕێیان خەیری دورمووش، كەمال پیر، عاكف یەڵماز و عەلی چیچەك دەكەمەوە، كە ئەم چالاكییەیان ئەنجامدا. ئێمە بەڵێنمان پێداون و ئەو بەڵێنەمان بۆ خۆمان كردە بنەما. ڕەنگە كەموكوڕیمان هەبێت، بەڵام ئەمڕۆش هەوڵ دەدرێت تێكۆشان لەسەر هێڵی ئەوان پەرە پێبدەین و بەرەو پێشی ببەین. ڕۆح و هێڵی ١٤ی تەمووز ڕۆح و هێڵی سەركەوتنە، ئەمڕۆ گەریلاكانی ئازادیی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو ڕۆحە تێكدەكۆشن و هەوڵدەدەن سەربكەون. ئێمە جارێكی تر یادی پاڵەوانەكانی ڕۆژی شكۆی نەتەوەییمان بە رێزەوە دەكەینەوە.
هاوكات ١٢-١٦ی تەمووز لە مێژووی كوردستاندا ڕۆژانی كۆمەڵكوژین. لەو مێژووانەدا كۆمەڵكوژیی دۆڵی زیلان ئەنجام دراوە. لە ١٢ی تەمووزی ١٩٣٠دا و لە كاتی ڕاپەڕینی ئاگریدا، داگیركاریی دەوڵەتی تورك گەلەكەمانی لە دۆڵی زیلان، بە ژنان، مندالان، بە تەمەنەكان و پیرەكانەوە شەهید كرد. ئەمە كوشتار و كۆمەڵكوژییەكی گەورە و دڕندانە بوو. بەفەرمی ئاماژە بە ١٥ هەزار شەهید كراوە، بەڵام باس لەوەكراوە، كە ئەم ژمارەیە بەلایەنی كەمەوە دوو هێندە زیاترە لەو ژمارەیە. ئەو هەموو مرۆڤەمان لە دۆڵی زیلان لەلایەن داگیركاریی دەوڵەتی توركەوە شەهید بوون. من بە ڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی دۆڵی زیلان دەكەمەوە. ئێمە درێژەپێدەری رێگا و ئامانجەكانی ئەوانین.
وەك دەزانرێت، كاتێك لە ئاگری ڕاپەڕین گورزی لێدرا، دەوڵەتی توركی داگیركار وتی، "خەونی كوردستان لێرە نێژرا"، واتە، وتی، ئیدی كوردستان مردووە، بەڵام حەوت ساڵ دواتر هەمان كۆمەڵكوژی لە دێرسیم لە سالانی ١٩٣٧-١٩٣٨ ئەنجامدایەوە و لەوێش و وتیان: "ئیدی لە كوردستان كەس نەماوە سەر بەرز بكاتەوە". دوای ئەم كۆمەڵكوژیانە، بۆ ماوەیەكی زۆر بێدەنگییەكی گەورە هەبوو. هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ بەرامبەر ئەو كۆمەڵكوژی و پاكتاوكارییانە هەڵوێستێكی مێژوویی بوو. ئەو لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوەیە، كە ڕێبەر ئاپۆ لە دژی كۆمەڵكوژی و دڕندەییەكان ئەنجامی دا، بووە بنەمای تێكۆشان. ئێمە نەوەی ئەو شەهیدانە، لەسەر ئەم بنەمایە دروستبووین و ڕاپەڕین. لە كەسایەتیی هەڤاڵانی زیندانی ئامەد دا جارێكیتر بینیی، كە دەیانەوێت گەلی كورد كۆمەڵكوژ بكەنەوە.
هاوكات سەركەوتن بەرامبەر ئەو كۆمەلكوژییانە و سەرفیرازیی هەڵوێستی ١٤ی تەمووز لە دژی ئەو كۆمەڵكوژییانە ئەوەی دەریخست و سەلماند، ئەو زوڵمە لە قەڵای ستەمدا تێكچووە و بە كوشتن گەلی كورد كۆتایی نایەت. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەو گۆڕە، كە گوایە كوردستانی تێیدا نێژرابوو بە بەرخۆدانی ١٤ی تەمووز تێكشكێنرا. ئێمە دەزانین هەڵمەتی ١٥ی تەباخ لەسەر بنەمای ڕۆحی ١٤ی تەمووز پێكهات. بەو خەبات و تێكۆشانە، ئەو كوردانەی، كە پێیان وابوو ئیدی مردوون، دیسانەوە زیندوون، دیسانەوە بووەتەوە بە گەلێكی خۆڕاگر وبەرەنگار، هەم لە خۆیان و هەم خاوەندارییان لە دۆزی خۆیان كرد. لەو كاتەوە تا ئێستا ئەم رێگا و رێپێوانە بەردەوامە.
لەم چوارچێوەیەدا، دەتوانم وەڵامی پرسیارەكەت بدەمەوە. داگیركاریی دەوڵەتی تورك بە هەڵوێست و كردارەكان و سزاكانی خۆی بە ڕێبەر ئاپۆی وت: "من كێشەی كوردم چارەسەر كرد (مەبەستی ئەوەیە بە كۆمەڵكوژی و پاكتاوكردن و سڕینەوە چارەسەری كردوە)، بەڵام تۆ راپەڕیت، تۆ دیسانەوە كوردت زیندوو كردەوە'. بەم شێوەیە لەلای خۆیەوە ڕێبەرایەتی تاوانبار دەكات و دەڵێت، "تۆ بوویتە هۆی ئەوە ئەم كێشەیە دیسان زیندوو بێتەوە و بكەوێتە ناو رۆژەڤ و بەرنامەی كارەوە"، بۆیە ئەوان ئەمڕۆ ڕووی هێرش و گوشارەكانیان بۆ سەر ڕێبەرایەتییە.
هیچ نموونەیەك لە شێوەی سیستەمی ئەشكەنجەی ئیمراڵی لە هیچ شوێنێكی ئەم جیهانەدا بەدی ناكرێت و نییە. ئەوە سیستەمێكە، كە هیچ نموونەیەكی نییە. پێشتر كەسێك لەوێ بوو و لەم چەند ساڵەی دوایشدا سێ هەڤاڵی تریش لەوێن. ئەوان لە جیهان دابڕێنراون. وەك ئێوەش وتتان، سەرباری ئەوەی جەژن بوو، سەرباری ئەوەیی گەلەكەمان و دۆستانمان داوای بینین و چاوپێكەوتنیان هەیە، بەڵام بەڵام كەس گوێ لە داخوازییەكانیان ناگرێت، چونكە لە ئیمراڵی سیاسەتی پاكتاوكردن هەیە. نە ماف، نە یاسا، نە ڕەوشت و نە مەردبون هیچیان لەوێ نییە. هەموو شتەكان پێشێلكراون، تەنیا لەوێ بە یاسای داگیركاری كار بۆ پاكتاوكردن و سڕینەوە دەكرێت.
بێگومان ئەمە تەنها لە دژی رێبەر ئاپۆ و هەر سێ هەڤاڵی ئەوێ ئەنجام نادرێت. ئەم سیستەمە لە دژی هەموو گەلەكەمان و دیموكراسی هەرێمەكە بەڕێوەدەبرێت. بۆ گەلەكەشمان نكۆڵیكردن، لەناوبردن، سڕینەوە و سیستەمی جینۆساید و پاكتاوكارییان دەستپێكردووە، بۆ گەلانی نوچەكە فاشیزم، زوڵم، دڵڕەقیی و دیكتاتۆری دەستبەكار بووە. بەم شێوەیە دەیانەوێت بەو سیستمە رێگە لە داخوازیەكانی دێموكراسی و ئازادی و یەكسانی بگرن. ئەو سیستەمە، كە دەوڵەتی تورك لە ئیمراڵی دایمەزراندووە، ئەو ڕۆڵەی هەیە.
لایەنە دیمۆكراتیك و ئۆپۆزسیۆن لە توركیا باش لەو ڕاستییە تێنەگەیشتوون و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و ڕاست دروست هەڵوەستەیان لەسەر نەكردووە، بۆیە دژایەتیی گۆشەگیرییان نەكرد. ئەوەش بووە هۆی بەهێزبوونی ڕژێمی ئاكەپە و مەهەپە. دەبێت لە توركیا هەموو ئەو كەسانە، كە دەیانەوێت دیموكراسی بچەسپێت و لە دژی ئەم ڕژێمەن، دەبێت دژی سیستمی ئیمرالی و گۆشەگیری بن، چونكە هیچ ماف و یاسا و ئەخلاقێك لەم سیستەمەدا نییە، هەموو شتێك لەم سیستەمەدا پێشێل كراوە، لەم سیستەمەدا ئەشكەنجە و پاكتاوكردن هەیە، ئەگەر تۆ ئەمە بە ئاسایی بزانیت ئەوا لە هەموو شوێنێك ئەم سیستەمە جێبەجێ دەكەن، هەر خۆی هەوڵەكانی رژێمی فاشیست ئێستا بۆ ئەمەیە، سیستمی ئیمرالییان بەسەر هەموو زیندانەكانی كوردستان و توركیا بڵاوكردووەتەوە و ئێستاش لە دەرەوەی زیندانەكان لە هەموو شوێنێك دەیچەسپێنن. بارودۆخێكی وەها لە گۆڕێدایە.
بۆیە هەموو ئەوانەی لە توركیا لایەنگری دیموكراسین و دژی فاشیزمن و یەكسانییان دەوێت، دەبێت لە دژی سیستمی ئیمراڵی بن. تەنها وتنی 'من دژ بە گۆشەگیریم' مانای ئەوە نییە، كە مرۆڤ لە دژی ئەو سیستەمەیە. ئەگەر مرۆڤ تەنها بەو سیستمە بڵێت، گۆشەگیری، ئەو بە باشی ناتوانێت سیستەمە ڕاستەقینە تێبگات و باسی بكات. تەنیا وشەی گۆشەگیری ناتوانێت گوزارشت لە سیستمی ئیمرالی بكات. دەوترێت كە "گۆشەگیریی رەها هەیە"، بەڵام ئەوەش بە باشی جێگەی خۆی ناگرێت چونكە فاشیزم سیستەمێكی جینۆساید و پاكتاوكردنی لە كوردستان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندووە، لەبەر ئەوە ناوەڕۆكەكەی زۆر فراوانە. بە كورتی ئەگەر مرۆڤ دژایەتی ئەوە نەكات و لە دژی نەوەستێتەوە و تێنەكۆشێت، ئەوا ئەستەمە لە توركیادا شتێك بەناوی دادپەروەری، یاسا و دێموكراسی بەدی بێت، بۆیە پێویستە لەم چوارچێوەیەدا تێكۆشان هەڵبسەنگێنرێت.
ماوەی ١٦ مانگە كەس ئاگاداری ڕێبەر ئاپۆ نییە. هەندێكجار ئەردۆغان خۆی بە مەبەستی شەڕی دەروونی هەندێك قسە دەكات. هەڤاڵانمان پێشتر چەند هەڵسەنگاندنێكیان لەم بوارەدا كردووە، بۆیە نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەوە، یان دووبارەیان بكەمەوە، بەڵام ڕوونە بۆچی سیستمەكە ئەم شتانە دەهێنێتە ڕۆژەڤ و ناو ڕای گشتییەوە. لەكاتی جەژندا ڕێگەیان بەبنەماڵەی ڕێبەرایەتی و هەڤاڵانی نەدەدا، كە لەگەڵیاندا كۆببنەوە و چاوپێكەوتن ئەنجام بدەن. سەرنج بدە ئێمە لە سەردەمی پەیوەندیداین، جیهان زۆر بچووك بووەتەوە، یەكێك لەو سەری جیهانەوە دەتوانێت لە یەك چركەدا قسەی لەگەڵ ئەوی تر لەو سەری جیهان دا بكات. ئەو دانوستانانە بەڕێوەدەچن، بەڵام كەس نازانێت، ماوەی ١٦ مانگە لە ئیمرالی چی ڕوودەدات. لە كوێ ئەوە نموونەی هەیە؟ لە هیچ كوێ.
ئەوان سیاسەتی گۆشەگیریی ڕەها، فاشیزم و كۆمەڵكوژی پەیڕەو دەكەن، بەڵام هێشتا ناتوانن ڕێگری لە ڕێبەرایەتی بكەن، چونكە بیروبۆچوونەكانی ڕێبەرایەتی ئێمە دیوارەكانی گۆشەگیریی شكاندوە، نەك هەر لە كوردستان، بەڵكو بە سەرتاسەری ناوچەكە و جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئیتر مرۆڤ نەك وەك نزیكایەتییەكی مرۆییانە، بەڵكو لەبەر ئەوەی بیر و ڕامانەكانی ڕێبەر ئاپۆیان پێ باشە، پشتیوانی و خاوەنداریی لێدەكەن و ئازادیی ئەویان دەوێت. ئەمڕۆ بۆ ئازادی ڕێبەرایەتی سەندیكاكان، لایەنە دیموكراتیكەكان و كەسایەتییە ناودارەكان لە جیهاندا تێدەكۆشان و هەڵمەت و كەمپەین ئەنجام دەدەن. داگیركاریی دەوڵەتی تورك نەیتوانیوە ڕێگری لە ڕێبەرایەتی بكات، ڕێبەرایەتیی ئێمە لەڕووی جەستەییەوە و لە ژێر گۆشەگیریدایە، بۆیە دەبێت ڕێبەرایەتیمان لە ڕووی جەستەییەوە ڕزگار بكەین. دەبێت لەم بوارەدا تێكۆشانمان زیاتر بكەین. ڕاستە ئێمە رایدەگەیەنین، كە پێویستە هەموو لایەنگرانی دیموكراسی لە توركیا تێبكۆشن بكەن، بەڵام ئەمە لە پێش هەموو شتێكەوە ئەركی ئێمە، گەلەكەمان و بزووتنەوەكەمانە. لەم بوارەدا دەبێت ڕەخنە لەخۆمان بگرین، بێگومان كەموكوڕیمان هەیە، بۆیە دەبێت تێكۆشان گەشتر و بەهێزتر بكەین و سیستمی ئیمراڵی لە ناو ببەین. بەم شێوەیە دەكرێت كوردستان ئازاد بكرێت و توركیا دیموكراتیك بكرێت، جگە لەوە هیچ ڕێگایەكی تر نییە.
ئەو شەڕە، كە بە هێرشی داگیركاری بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا دەستی پێكرد، سێ مانگی تێپەڕاندووە، ئێوە دەتوانن لەبارەی ئەو جەنگەوە چی بڵێن؟
لە بنەڕەتدا دەوڵەتی داگیركەر و پاكتاوكاری توركیا دەیخواست لەم چوار ساڵەی ئەمدواییەدا دید و كۆنسێپتی نوێی خۆی جێبەجێ بكات و باشووری كوردستان داگیر بكات. بۆ ئەوەش دەیخواست لە پێش هەموو شوێنەكانەوە خواكورك، پاشان حەفتانین و دوای ئەوەش گارە داگیر بكات، وەك دەشزانرێت هێرشیشی كردە سەر مەتینا و زاپ و ئاڤاشین، ئەو بە فراوانی هێرشی كردە سەر ئەو شوێنانە، بەڵام پلانەكەیان شكستی هێنا. ئەمساڵ ئەو هێرشانەی بە فراوانی ئەنجامدا، بە بەكارهێنانی شێواز و میتۆدی تەكنیكی ئەو كارەی كرد. لە ١٤ی نیسانەوە دەستیپێكرد، هەروەك ئەوەی ئێوە باستان كرد، ئەو هێرشە سێ مانگی تێپەڕاندووە.
كاتێك دەوڵەتی تورك ئەو هێرشەی دەستپێكرد، لە ڕاگەیاندن و میدیاكانی خۆی زۆر قورسایی خستبووە سەری، بەڵام دوای ٣ بۆ ٤ ڕۆژ بۆیان دەركەوت، كە حساباتەكانیان یەك ناگرێتەوە، كاتێك بینییان گورز دەخۆن بە هێواشی لە ڕۆژەڤ و كارنامەی هەڵانانەوە دەریانهێنا و ئێستا بە ڕاگەیاندراوی كورت و بە چەند ڕستەیەكی كەم و چەند وشەیەك باسی دەكەن، چونكا دەیانەوێت ڕاستیەكە لێرەدا بشارنەوە. بەڕاستی ئێمەش ناتوانین بە باشی شەڕی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بە ڕای گشتی بگەیەنین، دەتوانین بڵێین، كە لەسەدا ٢٠ی ئەوەی ڕوودەدات و هەیە بە ڕای گشتی دەگەیەنرێت. زۆر شت بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و مرۆڤ ناتوانێت ڕایبگەیەنێت و بڵاوی بكاتەوە. لەو ڕووەوە كەموكوڕیمان هەیە.
ئەمڕۆ لەوێ شەڕێكی زۆر گەورە هەیە. لە ئاڤاشینەوە بۆ مەتینا، لە ناوچە و گۆڕەپانێك بە فراوانیی ٦٠ كیلۆمەتر، شەڕێكی گەورە هەیە. بەلانیكەمەوە لە ٥٠ شوێن دا لە نێوان هەڤاڵان و سەربازانی دوژمن دا مەودای ١٠٠ مەتر هەیە. ئەمە شەڕێكی زۆر قورسە. ئێمە ئێستا لەوێ تاكتیكێكی نوێ بەكاردەهێنین، ئێمە ناكشێینەوە. هەڤاڵانمان لە پشت دوژمنەوەن. بۆ نمونە ئێستا لە كۆڕەژارۆ شەڕێك هەیە، بەڵام لە پشت ئەوەوە لە گەلیی نێروەش شەڕ هەیە. لە وەرخەل شەڕ هەیە، بەڵام لە شوكێ-یش شەڕ هەیە، لەوێش چالاكی ئەنجام دەدرێن. حاڵەتێكی وەهایە، كە ئەوان لە ناو یەكدان و پێكەوە بەستراون. لەچەند بەشێكی ئەم جوگرافیایەدا و لە هەندێك شوێندا بە ئەندازەی ١٥ و لە هەندێك شوێنی تردا بە ئەندازمی ٢٠ كیلۆمەتر بە بەردەوامی و هەمیشەیی شەڕ هەیە. لە هەمان كاتدا بۆردومانێك هەیە، كە بەبێ ڕاوەستان بەردەوامیی هەیە.
دیارە ئەم ساڵ دوژمن خۆی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی سەربكەوێت، ئامادەكاریی سیاسی و دیپلۆماتیكی كردووە، بۆ ئەوەی هێزەكانی باشووری كوردستان دەنگ نەكەن و بێدەنگ بن و ببنە یارمەتیدەر، بۆ ئەوەی عێراق دەنگ نەكات و هێزە جۆراوجۆرەكانی دەرەوە ببنە یارمەتیدەریان، هەم كارێكی دیپلۆماسیان ئەنجامداوە و هەم تاوەكو ئاستێك دیارە، كە ئامادەكاریی تەكنەلۆژی و سەربازییشیان كردووە. بەم شێوەیە دەیانەوێت داگیر بكەن.
بەپێی پلانی ئەوان لەماوەیەكی كورتدا ئەنجامیان بەدەستبهێنایە. باخچەلی لە قسەكانیدا وتبووی ‘لەنێوان دوو جەژندا ئێمە پەكەكە لەناو دەبەین‘ واتە بە پێی لێكدانەوەی ئەوان، ئەوان لە ماوەیەكی كورتدا ئەنجامێكیان بەدەستبهێنایە. لێرەدا باس لە دۆخی گشتی دەكەن، تەنیا باسی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ناكەن. بەڵام بەرامبەر بەوەش بەرخودانی هەڤاڵانیش مێژووییە. بەرخودانێكی زۆر گەورە هەیە. زۆر لە هەڤاڵانمان لە قسەكانیاندا باسیان لەوەكرد. ئەوە راستە. تائێستاش لەم سێ مانگەدا سەرباری ئەوەی دەوڵەتی تورك خاوەنی زۆر توانا و دەرفەتە و لە دەریشەوە پشتیوانی لێدەكرێت، سەرباری ئەوەی بە هێزێكی زۆرەوە، بە تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتوو لە هەمووی گرنگتر بە چەكی قەدەغەكراویش هێرشی كردووە، تائێستا هیچ ئەنجامێكیان بەدەستنەهێناوە. ئاشكرابوو كە دەوڵەتی تورك رەنگە هەندێك هێزی خۆی بۆ رۆژئاوا یا خود بۆ هەندێك شوێنی تر ئامادە كردبوو بەڵام لەم شەڕەی زاپ، ئاڤاشین و مەتینادا ناچاربوو هەموو هێزە یەدەگەكانیشی بخاتە ناو شەڕەوە.لەسەرەتای مانگی تەمموزەوە هێزە تایبەتەكانی سەر بە سوپای گشتییان خستەكار. ئەو هێزێكی زۆر بژاردەیە. لە چەمچۆ و شاخی ئامێدی ئەو هێزە هەرە بژاردەیەی خۆیان خستە كار. دوژمن چ چەكێكی بەدەستەوە بێت لەم شەڕەدا بەكاریدەهێنێت. وەك ئێمە زۆر جار دەڵێین زۆر جۆرەی چەكی كیمیایی بەكاردەهێنن. بەڵام لەو دواییەدا وەك هەڤاڵانیش رایانگەیاندبوو، ئێمەش باسمان لێكرد ئیتر چەكی تاكتیكی ئەتۆمی بەكاردەهێنن. لە راستیدا ئێمە ١١ مانگە لەو بارەوە لێكۆڵینەوە دەكەین. ئێمە هەوڵ دەدەین تێبگەین ئەوانە چ چەكێكن و چۆن بە كاردەهێنرێن. تەقەمەنیەكی ئاسایی نییە. هەڤاڵان هەندێك لێكۆڵینەوەیان كردووە، ئێمەش وەك هەپەگە لێكۆڵینەوەكانمان بەردەوامە.
ئێستا ئێمە دەبینین كە دوو بۆمبی نوێ بەكاردەهێنرێت. یەكیان بۆمبی ئەتۆمی تاكتیكی بە كاردەهێننن واتە هەندێك تەقەمەنی جیا و ماددەی ئەتۆمی تێكەڵدەكەن، دەیكەنە تەقەمەنی و ژەهرێكی زۆر بەهێزە. بۆمبی تەرمۆباریكیش بەكاردەهێنن. هەر دوو جۆرەكان بەكاردەهێنن. بە كورتی لەدەستیاندا چ چەكێكی قەدەغەكراو هەبێت رژێك فاشیست هەرهەموویان لە بەرامبەر ئێمە بەكاردەهێنێت. ئێف ١٦ خۆی لە خۆیدا بەكاردەهێنێت، لە سێ مانگدا ٢.٥٠٠ هێرشی ئاسمانی كردووە. ئێستا بەو جۆرە شەڕ دەكەن، شەڕێكی لەم جۆرە مەگەر لە نێوان دوو دەوڵەتدا رووبدات.
دوای سێ مانگ دەتوانرێت ئەمە بوترێت: دەوڵەتی تورك ئەنجامی بەدەستنەهێناوە و لە بنەڕەتدا شكستی هێناوە. بۆ ئەوەی ئەو شكستەی خۆی پەردەپۆش بكات، ئەوان دوایین هێزەكانی خۆیان خستووەتەكار بەڵام ئەو هێزانەش گورزی قورسیان بەركەوتووە. لە هەر شوێنێكەوە هاتوون گورزیان لێدراوە و لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە ئەنجامێك بەدەستبهێنێت، بەڵام دانی پێدا نانێت. ئەگەر تەیب ئەردۆغان و خولوسی ئاكار دان بەو رەوشەدا بنێنن، رژێمی ئێستا راستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە. بۆ ئەوەی نەڕوخێت سانسۆرێكی گەورە دەخاتە سەر راستی شەڕ. كەس ناتوانێت لەسەر ئەو بابەتە زانیاری بڵاوبكاتەوە. زانیارییەكان هەمووی لەلایەن خولوسی ئاارەوە دەدرێت. كەسێكی تر ناتوانێت لەو بارەوە شرۆڤە بكات.
مردووانی خۆیان ئاشكرا ناكەن، هەموو شت دەشارنەوە لە راستیدا بە بێ ئابڕووییەكی گەورەوە دەجوڵێنەوە. نەك هەر یاسا نێونەتەوەییەكانی شەڕ پێشێل دەكەن، پێوەرە ئەخلاقیەكانیش بنپێ دەكەن. سەربازانیان دەمرن، بەڵام ناتوانن لێرە بیانبەن، بۆ ئەوەی تەرمەكان لە ناو ببەن بە فڕۆكە بۆردومانیان دەكەن و پارچەپارچەیان دەكەن. ئەو شوێنەی تەرمەكانی تێدان بۆردومان دەكەن. بۆ نمونە لە ئەشكەوتی برینداران لە رۆژهەڵاتی زاپ بە هۆی بۆنی تەرمەكان ناتوانن بجوڵێنەوە. لەبەر ەئوەی ناوچەكە بە پارچەی تەرم پڕ بووە و هەموویان بۆردومان كراون. ئاخۆ چی بە بنەماڵەی ئەو سەربازانە دەڵێن، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبێت.
لە بنەڕەتدا پێشتر رێوشوێنیان گرتبووە بەر. كاتێك ئەو سەربازانە خۆیان بۆ سەربازی ناونوس كردبوو لەگەڵ بنەماڵەكانیشیان بەڵگەنامەیان واژۆ كردووە و لەگەڵ ئەوان تۆماری دەكەن، كە ئەگەر بە پێی بەرچەوەندی دەوڵەت ئەگەر پێویست بكات دەبێت بیشارنەوە، راینەگەیەنن، ئەگەر بە پێچەوانەی ئەوە بجوڵێنەوە، دەبێت گەرنتی بدەن. لەبەر ئەوەی كێ لەشەڕدا بمرێت، مووچەیەكی زۆر دەدەنە بنەماڵەكەی. بە هۆی هەڕەشەی بڕینی ئەو مووچەیە كەس قسەی لەسەر ناكات. بنەماڵەی سەربازەكانیش قسە ناكەن. یەك دووانیان قسە دەكەن. بۆ نمونە تەرمەكانیان بە دەست هەڤاڵانەوەیە، بەڵام باسی ناكەن. هەڤالان ناوی ئەوانیان راگەیاند، بەڵام دیسانیش قسە ناكەن. لە بارەی ەو سەربازانەی لەشەڕ بەرامبەر هەڤاڵاندا مردووە، دەڵێن 'گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ مرد'. ئەمە لەكاتێكدایە تەرمەكەی لە چیایە. واتە هەموو شتێك بە درۆ بەڕێوەدەبات. لەبەر ئەوەی شكستیان هێناوە لە باشور، مەخمور و رۆژئاوا هێرشدەكاتە سەر ناوچەی مەدەنی نششین و هەڵدەكوتێتە سەر گەلەكەمان لە باكور و سیاسەتی دیموكراتیك. بە شێوەیەكی دوور لە پێوان ئەوە دەكەن.
بێگومان وەك هەڤاڵان وتیان، ئەگەر هێزێكی فیدایی نەبووایە ئەو شەڕ نەدەتواندرا بەڕێوەببرێت. بێگومان ئێمە هێزەكەمان لە هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ وەردەگرین، لە سەر بنەمای گیانی ١٤ی تەمموز گەیشتووینەتە ئاستێك.ئێمە خاوەن بڕواین و ئامادەین كە خۆمان فیدا بكەین. لایەنێكی بەو جۆرەی هەیە، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە. لە هەمان كاتدا شێوازێكی تاكتیكیش هەیە. لە قوڵایی تاكتیكیدا ئاستێك بەدەستهێنراوە و پێرفۆرمانسێك هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەڕ هێز پسپۆڕ ەبێت و شێوازی شەڕ نەزانێت، ناتوانێت بەرپەرچی ئەو هەموو هێرشە بەرفراوانە بداتەوە. لێرەشدا هێزەكانمان گەیشتوونەتە ئاستێك. واتە ئامادەكاری هەیە. لە رووی سەربازی پڕۆفیشناڵەوە بۆ شكستدانی هێزێكی گەورەی دوژمن بە هێزێكی بچوك، لە قوڵایی تاكتیك و شەڕدا گەیشتووتە ئاستێك. بەم جۆرە دەتوانرێت ئەنجام بەدەست بخرێت.
ئێستا ئێمە شێوازێكی نوێی تەكنیكی بەڕێوەدەبەین. ئێمە دەمانەوێت بە ستراتیژی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ شكست بە دوژمن بهێنین. ئامانجی شێوازی تاكتیكی نوێمان ئەوەیە كە ئەو چەكانەی دوژمن بەهێز دەكەن ئەو چەكانە لەناو ببەین. بە وتەیەكی تر، ئامانجی بەكارهێنانی زەوی –ژێرزەوی و هەروەها قوڵایی بەرفراوانی گشتیی رووبەریی زەمینی ئەوەیە كە هێزی ئاسمانی دوژمن بێ واتا بكەین، فڕۆكە سیخوڕییەكان بێ ئەنجام بن و بەم جۆرە رووبەڕووی دوژمن بێتەوە. ئامانجەكە ئەمەیە و زۆرجار دەستەبەر كراوە. رەنگە لە هەندێك شوێن هەڵە و كەموكوڕی هەبن، ئەمە راستە، بەڵام زۆربەی جار وابووە و بۆ ئەمەش دوژمن تەنگی پێهەڵچنراوە. واتە ئەوان دەیانوت 'بە هێزی ئاسمانی خۆمان ئەنجام بەدەستدەهێنین'. ئەوە رووینەدا، نەیانتوانین، ئێستاش دەڵێن 'ئێمە بە چەكی قەدەغەكراو ئەنجام بەدەستدەهێنین'. لەبەرامبەر ئەوەش هەڤاڵان رێوشوێن دەگرنەبەر و هێرشەكان پوچەڵ دەكەنەوە. گەر رێوشوێنی پێویستمان بەرامبەر ئەو چەكە كیمیاییانە نەگرتایە، لە راستیدا زیانێكی گەورەمان بەربكەوتایە. ئەگەر زیانی زۆری نەداوە، هۆكارەكەی گرتنەبەری رێوشوێنە لە لایەن ئێمەوە. ئێمە دەتوانین بە رێوشوێنی تەكنیكی و شێوازی پراكتیكی كە لەلایەن هەڤاڵانەوە تاقیكراونەتەوە، هێرشەكان پوچەڵ بكەینەوە. بەڵام دوژمنیش ئیتر لەوەدا پێداگری دەكات. واتە دوژمن هیچ ئەنجامێكی بەدەستنەهێنا، بەڵام پێداگری دەكات. لەبەر ئەوەش شەڕ تا دێت درێژتر دەبێت، هەر بەم جۆرەش درێژدەبێت. بەم جۆرە دیارە. لەبەر ئەوەی نایانەوێت راستی شكستی خۆیان قبوڵ كەن و لەسەر ئەوە پێداگری دەكەن، هەڵبەت ئێمە لێرە ئەو هەموو رەنجەمان كێشاوە، ئەم شەڕ بۆ ئێمەش گرنگە. ئێمە دەمانەوێت رێگری لە داگیركەر و فاشیزمی دوژمن بكەین و دوژمن بەرەو شكست ببەین. هەر بۆیە بۆ ئێمە گرنگە و ئێمە پێداگری دەكەین. ئێستا شەڕ لەو چوارچێوەدا بەردەوامە.
یەكەم جار كە سوپای تورك لە شەڕ لەگەڵ ئێوە ئەو هەمووە زیانە گیانیەی بەردەكەوێت. ئێوە ئەمە بە چییەوە دەبەستنەوە، بۆچی هەموو ئەوانەشیان لەبەر چاو گرتوە؟
بەر لە هەموو شتێك دەبێت بزانرێت كە زیانە گیانییەكانی دەوڵەتی تورك یەكجار زۆرن. ئەوەش لە ئاماری سێ مانگدا هاتووە. زیانە گیانیەكانی دەوڵەتی تورك هەزار و ٥٠٠ زیاترە، بەڵام تائێستا ٣٠-٤٠ كەسیان راگەیاندووە. وەك وتم، سانسۆرێكی زۆر هەیە، راستییەكان لە كۆمەڵگای توركیا دەشارنەوە. تەیب ئەردۆغان و خولوسی ئاكار لەو ئەنجامە بەرپرسیارن. واتە سەربازەكان دەنێرن، بەڵام بۆیان گرنگ نییە كە ئەو هەموو مرۆڤە دەمرن یان نا. دەڵێن 'بڕۆن ئەنجام بەدەستبهێنن'. ئەوانیش دێت، یان دەكوژرێن، یان دەكەونە داوەوە. لەبەر ئەوە ئەوان لەمە بەرپرسیارن. ئەوان بكوژن. بەم جۆرە دەیانەوێت دەسەڵاتداری خۆیان بپارێزن. بۆ بەرژەوەندی خۆیان بۆ رێگریگرتن لە روخانی رژێمەكەیان ئەم شەڕە دەكەن، دوژمنایەتی كوردان دەكەن. سەربازی تورك تا ئامێدی چ كارێكیان هەیە بۆچی دێن؟ بە گەلی تورك دەڵێن، 'داهاتووی ئێمە لەوێ دەستەبەر و مسۆگەر دەبێت'. دەستەبەركردنی داهاتووی تۆ لەوێ نییە، تۆ گەلت برسی كرد، ئێوە بۆخۆتان مەترسین بۆ سەر توركیا! واتە گەلی كورد و دەستكەوتەكانی وەك مەترسی بۆ توركیا نیشان دەدەن. بەم جۆرە دەیەوێت هەستی شۆڤینیستی لەناو گەلی تورك زیندووبكاتەوە، ئەو هەستانە گەورە بكات و بەرەو كوردستان ئاراستەیان بكات. چ كارێكیان لە باشووری كوردستان هەیە؟
خولوسی ئاكار پەسنی خۆی دەدات كە لە ماوەی ٧ ساڵدا ٢٧ هەزار كوردی كوشتووە. هەڵبەتە ئەوە درۆ دەكات. گەمە بە ژمارەكان دەكات. ئەو ژمارەیە لە شەهیدمان نییە، هەرچەندە لەو ٧ ساڵەدا هەزاران شەهیدمان داوە. هەڵبەت شەهیدمان هەیە. واتە دەستیان بە خوێنی ئێمە سورە. دەستیان بە خوێنی گەنجانی كورد و تورك سورە. گەنجانی تورك و كورد دەكوژن و دەیانەوێت لەسەر ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتداریی خۆیان بدەن. لەسەر ئەو بنەمایە بێ هەژمار سەربازی خۆیان دەنێنرنە هەموو شوێنێك بەم جۆرە ژمارەی مردووەكانی خۆیان زیاد دەكەن. بەڵكوو ئەم سەردەمە، ئەو سەردەمەیە كە دەوڵەتی تورك زۆرترین زیانی گیانی بەركەوتووە. واتە تا ئێستا زۆر جار هێرشی ئەنجامداوە بە تایبەتی لە ساڵانی ٩٠ لە دژی باشوری كوردستان ئۆپراسیۆنی گەورەی ئەنجامداوە، بەڵام لە هیچ هێرشێكدا هێندەی ئێستا زیانی گیانی بەركەوتووە. ئۆپراسیۆنەكانی پێشووتر بە زۆری نزیكەی مانگێك بەردەوام دەبوو، بەڵام ئێستا لەم شەڕ چوار ساڵانەدا لە باشور بەردەوام هێرش دەكرێت، تەنیا لەم سێ مانگەی دواییدا شەڕ بە شەو و رۆژ بەردەوامە.
لەم شەڕەدا زیانی گیانی ئەوان زۆر زۆرن، بەڵام ئێمە نامانەوێت لەسەر مردووان لێكدانەوە بكەین. مەبەستی ئێمە ئەوەیە: ئێوە ناتوانن بە كوشتن بگەنە ئەنجام! ئێوە ناتوانن بە كوشتن پەكەكە پاكتاو بكەن! ئێوە ناتوانن بە كوشتن كورد لە ناو ببەن! ئێوە ناتوانن بە كوشتن دۆزی ئازادی كوردستان بوەستێنن! لەبەر ئەوەی دۆزی ئازادی كوردستان بە گیانی ١٤ی تەمموز دامەزراوە، ئەم گەلە راستیەكە، ئەم پارتە راستیەكە، گەریلاكانی كوردستان راستیەكن! ئێوە ئیتر ناتوانن شكیتی بدەن! ئێمە دەمانەوێت ئەوە بەو بیركردنەوە شۆڤینیستیە نیشان بدەین. گەریلاكانی ئازادی كوردستان شكست ناهێنن. ئێمە دەمانەوێت ئەمە بسەلمێنین. جیا لەوە مەبەستی ئێمە كوشتنی زیاتری مرۆڤەكانە. نا! ئێمە دەمانەوێت مردن بوەستێنرێت. ئێمە دەمانەوێت رێگری لە مردنەكان بكەین. هەڵبەتە ئێمە شەڕی پاراستنی شۆڕشگێڕی شكۆمەندانە دەكەین. ئێمە شكۆ و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان دەپارێزین. ئێمە ئایندەی گەلەكەمان و هەموو هێزە دیموكراتیكەكان دەپارێزین. لەبەر ئەوە ئێمە ئەم شەڕە دەكەین. ئێمە ئەمڕۆ بۆ گەلی كورد و دیموكراسی گەلانی هەرێمەكە هەموو مەترسیەكان دەخەینە بەرچاو و بە گیانی فیداییبوونەوە شەڕ دەكەین. گەر دۆزێكی بەم جۆرە نەبووایە، بۆ خۆ گیانی خۆمان دۆزیوەتەوە. ئێمە دەزانین كە لە بەرامبەر ئەم دوژمنە بەرخودان ئەركێكی پیرۆزە و لەبەر ئەوە خۆڕاگری دەكەین. هەموو هاوڕێیانمان بەم هەستانە، بەو بڕوا و ئیرادەیە خۆیان وەك شێر و قارەمانانی شەڕ دەكەن. لەبەر ئەوە بۆ ئێمە دۆزێكی پیرۆزە. ئێمە دەزانین كە ژیانی ئازاد دەتوانرێت بەم جۆرە دەستەبەر بێت. ئێمە دەزانین كە ئازادی كۆمەڵگا ئازادی گەلان لێرەیە. بۆ ئەوەش ئێمە هەموو مەترسیەكان لەبەر چاو دەگرین و هەڵبەت ئێمە تا كۆتایی بەردەوام دەبین و ئێمە سەردەكەوین.
بەڵام دوژمن خەیاڵ دەكات. كورد وەك دوژمنی خۆی دەبینێت و پەكەكە وەك دوژمن پیشان دەدات، دەڵێت ' مەترسی لەسەر ئێمە هەیە' و بەم شێوەیە هەوڵ دەدات دەسەڵاتەكەی بپارێزێت. دەیەوێت بە كوشتن بەردەوامی بە دەسەڵاتەكەی بدات. واتە دەیەوێت لەناومان ببات و هەبوونی خۆی هەمیشەیی بكات، بەم شێوەیە خۆی لەنێو كۆمەڵگادا بە قبوڵكردن بدات. بۆیە شەڕ دەكات، بەڵام شەڕی ئێمە شەڕێكی دادپەروەرانەیە. لەسەر بەهای مرۆڤایەتی دروست بووە. بۆیەش هەر میلیتانێكی ئەم تەڤگەرەكە لەسەر رۆحی ١٤ی تەمووز بە خۆشەویستی، فیداكاری و بوێریەكی زۆریەوە تێدەكۆشێت و لەسەر ئەم بناغەیە سەردەكەوین.
لە قسەكانی پێشووتاندا وتبووتان، " ئێمە ئەم شەڕە بۆ پاراستنی باشور دەكەین." لەسەر ئەم بابەتە بانگەوازیتان بۆ زۆر ڕێكخستن و پارتەكانی باشوری كوردستان هەبوو. لێرەدا پێشكەوتنێك هەیە یان نا؟
بێگۆمان ئەم شەڕەی كە بەڕێوەدەبرێت، بەر لە هەموو شتێك بۆ پاراستنی باشوری كوردستانە، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی باشوری كوردستان و هەموو كوردستانە. جگە لەوە، ئەم شەڕە بە تەنها بۆ ئەوەش نییە، بۆ بەهای دیموكراتی و هەبوون و ئازادی هەموو گەلەكەمانە. لەبەرئەوەی دوژمن بە تەنها دوژمن پارچەیەك نییە، دوژمنی هەموو كوردستانە. ئەم دوژمنە دەیەوێت كورد لە هیچ شوێنێك نەبێتە خاوەن دەستكەوت. ئێمەش دژی ئەو عەقڵیەتە تێدەكۆشین. ئەم شەڕە چەندین ساڵە بەردەوامە. بە تایبەتی لە ساڵی ڕابردووە، زیاتر پەرەی سەندووە. لەم سێ مانگەی دواییدا، زۆرتر و بڵاتر بووەتەوە. شەڕێكی زۆر سەخت بەڕێوە دەبرێت.
زۆر جار بانگەوازمان لە سیاسەتی باشوری كوردستان كردووە. داوامان لە لایەنەكان كرد. من بانگەوازیەكە جارێكی دیكە دووبارە دەكەمەوە. ئێمە بە شێوەیەكی پراكتیكی لە شەڕداین. ئێمە نامانەوێت لەسەر ئەو شتانە بوەستین كە ئەنجامی نییە. لەەبەرئەوە كەموكورتی هەیە. سەیر كەن. لە سەردەمی ئێمەكا كە راگەیاندن زۆر پێشكەوتووە، جیهان بچووك بووە و هەموو شوێنێك پێكەوە بەستراوەتەوە. بادینان لە دەرەوەی ئەو هاوكێشەیە ماوەتەوە، نە راگەیاندنی جیهان و نە راگەیاندن هەرێمی، هیچیان نایەن و زانیاری بەدەست ناهێنن. شەڕەكە لە قۆڵایی هەرێمە و لە زاپ بە تەنها نییە. لە تەنیشت ئامێدی، لە پشت دێرەلۆك و شێلادزێ شەڕ هەیە. دەبێت كە گەلەكەمان لەوێ بەهۆی دەنگی فڕۆكە و تۆپەوە نەخەوێت، بەڵام سەرنج بدەن بە شێوەیەكی فەرمی لە رۆژەڤدا نییە، هیچ كەسێك باسی ناكات. ناتوانن بیكەن بە ڕۆژەڤ. ئەمە دۆخێكی جددیە و بۆچی وایە.
بابەتێكی دیكە؛ نمونە ئەوە سێ مانگە شەڕ بەردەوامە. دەوڵەتی تورك دەیەوێت داگیركاری بكات. دێتە كوێ ڕێگە دروست دەكات. لێرەدا دەزانرێت كە پلانەكەی هەمیشەییە. دار دەبڕێتەوە. لەبەریەوە دەیەوێت سیستمێكی وەك خۆی دروست بكات. ئەمە داگیركەریە. ئەمە بە تەنها ئۆپەراسیۆنێك لەدژی ڕێكخستنێك نییە. ئەم شەڕە داگیركردنی وڵاتێكە، بەڵام هێزەكانی باشور بە تەنها سەیری دەكەن.
ئێستا پەدەكە هاوكاری ئەوان دەكات؛ واتە لەگەڵ دەوڵەتی توركدایە. ئەمە تاوانباركردنی پەدەكە نییە. راستیە و هەموو كەسێك دەبینێت. بەڵام ئەمەش راستیەكە كە ئەگەر هاوكاری و یارمەتیدانی پەدەكە و بێدەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبوایە، دەوڵەتی تورك نەیدەتوانی بەم ئەندازەیە ٣ مانگ شەڕ بكات. بە شێوەیەكی دیكە، كاتێك حكومەت بێدەنگ دەبێت و بە بێدەنگبوونیش سنوردار نابێت و هەرێمەكە بە رووی هاتوچۆ و بە تایبەتی راگەیاندن دەگرێت، ئەو كاتە كەس ئاگای لەم شەڕە نابێت و هەموو كەسێك دۆخەكە نۆڕماڵ دەبینێت. ئەمە یەك.
دووەمینیش، بێدەنگی حكومەتی عێراقیش ئەم ئەنجامەی دروست كردووە. حكومەتی عێراقیش بێدەنگە. كاتێك دەوڵەتی تورك لە ساڵەكانی نەوەتەكاندا هات، حكومەتی عێراق لەدژی وەستایەوە؛ هەرچەند جار بە جار هاوپەیمانیشیان هەبوو، بەڵام هێزەكانی باشوور دژی وەستانەوە. لەم جۆرە دۆخانەدا، یەكێتی ئەوروپا و دەزگانی دیكە، بڕیاریاندا و بۆ كشانەوەی دەوڵەتی تورك كاتیان دیاری دەكرد. لەم چوارچێوەیەدا فشار لەسەر توركیا دروست دەبوو و دەكشایەوە. گەر ئێستا سەیركەن، هیچ شتێكی بەو شێوەیە نییە. بەم ئەندازەیە خاكی باشوری كوردستان داگیركراوە و لەم سێ مانگەدا ژمارەیەكی زۆر چەكی قەدەغەكراو بەكارهێنراوە، بەڵام هەموو كەسێك بێدەنگە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی لە باشوری كوردستان هێزی فەرمی دەسەڵاتدار بێدەنگن. بێدەنگی رازیبوون و هاوكاریە. هەمان شت بۆ عێراقیش راستە. لەبەر ئەوە دوژمن پێداگیری لەسەر هێڕشەكان دەكات.
ئەگەر بەم شێوەیە نەبوایە، ئەو بەرخۆدانەی كە گەریلا تاوەكو ئێستا پیشانی دەدا، دوژمنی پارچە پارچە دەكرد. بۆ نمونە هەموو جموجووڵێكیان شكستی هێنا و لە هەموواندا تێكشكان. ئەم بەرخۆدانە شتێكی ئاسایی نییە. ئەم بەرخۆدانی بە راستی مێژووییە. لەوانەیە ئێستا گفتوگۆی لەسەر نەكرێت، چونكە لە حسابی ئەواندا نییە، بەڵام مێژوو ئەمە لەبیر ناكات. ئاسان نیییە كە دووەمین هێزی ناتۆ، لەگەڵ هەموو تەكنەلۆژیای خۆی دوای سێ مانگ راوەستێت. ئێستا وەستاوە، ناتوانێت داگیركاری بكات. راستە. لە هەندێك شوێن هەیە، بەڵام ئێمەش لەوێین، ئێمەش لەوێین و لەنێو شەڕداین. ناتوانێت بێتە زۆر دەڤەری دیكە. ئەگەر هەوڵیش بدات هەر ناتوانێت. لەبەرئەوە ئەم شەڕە شتێكی ئاسایی نییە. بە راستی بۆ هەموو كوردستان شانازیە. ئەمڕۆ كچ و كوڕانی كورد بە خوڵقێنەری، بە بوێری و بە سەركەوتووانە لەدژی سوپایەكی گەورە دەوەستنەوە. ئەمە بۆ هەموو كەسێك جێگەی شانازیە. ئەمە بۆ ئەو كەسانەی كە بە خۆیان دەڵێن كورد، شانازیە. بەڵام سەیری دەكەین، هەندێك هاوكاری دوژمن دەكەن، هەندێك تەماشا دەكەن و هەندێكی كەمیش لەدژین، بەڵام زیاتر تاكەكەسن. ئەو خۆپیشاندانانەی كە بە شێوەیەكی تاكەكەسی ئەنجام دەدرێن، خۆپیشاندانی ڕێكخستننەكراو و ناجەماوەری كاریگەری زۆر دروست ناكەن. سەیركەن؛ ئەگەر فشاری سیاسی هەبوایە، دەوڵەتی تورك نەیدەتوانی بەم شێوەیە بەردەوام بێت. ناچار دەبوو بكشێتەوە. فشاری لەسەر نییە، بە پێچەوانەوە هاوكاری دەكەن و یارمەتی دەدەن. بۆ نمونە هەڵە و تاوانەكانی دەوڵەتی تورك دەشارنەوە، پیشان نادرێن و ئاشكرا ناكرێن. بەم ئەندازەیە كۆمەڵكوژی دەكات، بەڵام دەیشارنەوە.
بۆ نمونە دوژمن بەم دواییانە دوو منداڵی لە بامەرنێ شەهید كرد. هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن وتیان: "پەكەكە كردی" دواتر دەركەوت كە پەكەكە نەیكرد، هەندێك لەدەزگا سەربەخۆكان ئەمەیان ڕوونكردۆتەوە، بەڵام ئەم هەواڵ و لێدوانانە ڕێگرن لە كاردانەوەی جەماوەری بەرامبەر ئەم كوشتارانە. واتە گەلی كورد و گەلانی جیهان و ڕای گشتی دەتوانن لە ئاستێكی زۆر بەرزدا كاردانەوەیان بەرامبەر بە دەوڵەتی تورك هەبێت، بەڵام لە باشوور بێدەنگی هەیە، لەبەر ئەوەیە كە گەشە ناكات. كێشەكە تەنیا پەدەكە نییە و لایەنی تریش هەیە .تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش زۆر بە ئاسایی باسیان دەكات. ئەمە لە كاتێكدایە كە مەترسیی سەر باشووری كوردستان زۆر گەورەیە و داگیری دەكەن. ئێستا ئێمە شەڕ دەكەین. ئێمە بۆ باشوری كوردستان شەڕ دەكەین، ئێمە بۆ هەموو بەهاكانی گەلی كورد تێدەكۆشین. ئێمە بۆ بەها دیموكراتییەكان تێدەكۆشین. ئەگەر نا، ئێمە دەتوانین جانتاكانمان ببەین و بڕۆین و خۆمان بخەینە لاوە. ئەوە نابێت، پێویستە ئەم دوژمنە بوەستێنین.
ئەم دوژمنە دوژمنێكی ئاسایی نییە. ئەم دوژمنە دوژمنێكی وەهایە كە وەك ورچ وایە. بۆ نموونە ئێستا هەندێك لەگەڵ ئەم دەوڵەتە شۆڤێنی و دژە كوردانەی توركیا هاوپەیمانی دەكەن. هاوپەیمانی لەگەڵ ئەم دەوڵەتە، وەك ئەوەیە لەگەڵ ورچەكەدا بێت، دەكەوێتە ناو هەمان جانتا .تۆ نازانیت كەی ورچەكە گەرووی تۆ دەگرێت و دەتخنكێنێت. واتە دیار نییە كەی هێرش دەكاتە سەر ئەوانەی كە لەگەڵیدا هاوڕان. ئەگەر سەیری مێژووی دەوڵەتی تورك بكەین چەندین نموونەی لەو شێوەیە دەبینرێن. بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێت هەموو كەسێك لەمەسەلەكە تێبگات و كەس پشتیوانی لەو داگیركارییەی توركیا نەكات و هەمووان دژایەتی بكەن. ئێمە هەڵوێستێكی نەتەوەییمان دەوێت. ئێمە داوای ئەوەمان كرد، من ئەم بانگەوازیە دووبارە دەكەمەوە.
پرسێكی دیكە ئەوەیە كە، دەوڵەتی تورك هەموو جۆرە چەكێكی كیمیایی و چەكی ئەتۆمی تاكتیكی و بۆمبی تەرمۆباریك بەكاردێنێت. ئەمانە هەمووی چەكی قەدەغەكراون. ئێمە دەمانەوێت شاندێك بێت و لێكۆڵینەوە بكەن. دەزگا پەیوەندیدارەكانی ئەم كارە دەڵێن: "ئەگەر حكومەتی هەرێم یان عێراق بانگهێشتمان بكات، ئەوا دێین" ئەوانیش بانگیان ناكەن. باشە، ئەگەر خۆیان بانگیان ناكەن، شاندە سەربەخۆكان دێن، ناهێڵن شاندە سەربەخۆكان بێن و ناتوانن لە سلێمانی تێپەڕن. ئایا سەدام پێشتر چەكی كیمیایی لەدژی گەلەكەمان بەكارنەهێنابوو، ئایا قەتڵوعامی نەكردبوو؟ ئێستا سەدامێكی نوێ سەریهەڵداوە، زۆر خرابترەنلە سەدام و دەیەوێت كورد لەناوببات، چەكی كیمیایی لە دژی ئێمە بەكاردێنێت، لە ناوچەیەكی تەسك و پێوانەكراو كە تەنها كاریگەری لەسەر هەندێك ناوچە هەیە، بەهەمان شێوە چەكی قەدەغەكراو بەكاردێنێت و یاساكانی جەنگی جیهانی پێشێل دەكات. كەواتە بۆچی ڕێگری لە وەفدەكان دەكەیت؟ با بێن و ببینن چی ڕوویداوە، بەڵام ناهێڵن.
لەلایەكی دیكەوە؛ هەمان ئەو سانسۆڕەی كە لەبارەی شەڕەكە لە توركیا بەسەر میدیاكانی توركیادا سەپێندراوە، لە باشووریش هەیە سەیركەن، لە ئامەد ١٦ڕۆژنامەنوسی كورد دەستگیركراون، بۆ ئەوەی هیچ كەسێك لەتوركیا باسی ئەم بابەتانە نەكات. نەیانهێشت كەس بێتە بۆتان و شوێنانی دیكە یان مەیدانی جەنگ، نەیاندەویست كەس قسە بكات، زۆر فشار دەكەن. لە باشوور هەمان سانسۆڕ هەیە. بۆیە زۆر كەس باسی شەڕ ناكەن. بۆ نمونە، ئێستا هەموو میدیاكانی باشوور ناتوانن بێنە ئامێدی و چاودێری شەڕ بكەن؟ بە دڵنیاییەوە دەتوانن. هەمیشە شەڕ هەیە، بەڵام نایخەنە بەرنامەی كارەوە. دەوڵەتی تورك ئەو جۆرە كۆنترۆڵەی پەرەپێداوە كە سانسۆڕیش بەسەر میدیاكانی باشووردا سەپێندراوە .بۆیە هەرێمەكە لە هاتوچۆ دەگرن.
ئەمە هەمووی پشتگیری و هاوكاریە، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ هاوكاری دەوڵەتی تورك دەكەن. كاتێك ئەمە هەمووی كۆدەبێتەوە. وادەكات كە دەوڵەتی تورك لەگەڵ ئەوەی گورزی بەركەوتووە، بەڵام لەسەر داگیركەری سوور بێت و بەردەوام بێت. لەگەڵ ئەوەی رێگریمان لەوە كردووە و ڕێگە نادەین، بەڵام دبینرێت كە لەلایەكی دیكەوە دێت؛ دەبینرێت كە لە باشورەوە دێت؛ واتە ئێستا لەنێوان ئێمە و دوژمندا شەڕ هەیە.
من لێرەوە بانگەوازی لە هەموو گەلەكەمان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان؛ بە تایبەتی گەلی هێژامان لە ئامێدی، بامەڕنێ، دێرەلۆك و شێلادزێر قاڕەمان و گەلی باشور بە گشتی دەكەم؛ گەلەكەمان بە چاوی خۆی دەبینێت كە ئێمە چی دەكەین، بۆچی تێدەكۆشین، چۆن خۆمان فیدا دەكەین. بۆ نمونە هەندێك كەس دەڵێن، ئەم شەڕە بەهۆی پەكەكەوە هەڵگیرساوە. بەم شێوەیە نییە. با وای دابنێین وایە. ئەو كاتە پەكەكە شەڕ دەكات؛ هیچ نەبێت پەكەكە گەمارۆ مەدەن، لەدژی پەكەكە كار نەكەن، ئەگەر بۆ پەكەكە بێت، پەكەكە بەرخۆدان دەكات، باج دەدات و هەموو شتێكی خۆی كردووتە قوربانی. باشە ئەمە قاڕەمانی نییە، باشە ئەمە وڵاتپارێزی نییە، باشە ئەمە كوردستانیبوون نیە؟ لەبەرئەوە دیارە كە دوژمن دەیەوێت ئەم شوێنە داگیر بكات. باشە ئێستا لە عەفرین چی دەكات؟ هەموو ڕۆژێك چی بەسەر كورددا دەهێنێت؟ پێویستە هەموو كەسێك بڕیاری خۆی بدات. بانگ لە وڵاتپارێزان دەكەن؛ وڵاتپارێزان پێویستە لە بەرگریدا بە تەنها جێمان نەهێڵن. پشتگیری بكەن. پشتگیری گەلەكەمان مەعنەویاتێكی گەورەیە. پێویستە كەس نەكەوێتە تەڵەكەوە. راستە؛ فشار هەیە، بەڵام دەتوانرێت ڕێگری لە هەموو فشارێك بكرێت و پشتگیری بە شێوەیەكی راستەقینە پێشكەش بكرێت. ئەم شەڕەی ئێمە شەڕێكی مێژووییە؛ تێكۆشانی هەبوون و ئازادی گەلی كوردە؛ تێكۆشانی خوڵقاندنی دوارۆژی گەلی كورد و دیموكراسی توركیاە. تاوەك لەدژی دەوڵەتی تورك نەبینە ئیرادە، گەلی كورد ناتوانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ئیرادە. تاوەكو ئێمە لە بەرانبەر دەوڵەتی تورك نەوەستینەوە و دەوڵەتی تورك نەشكێنین، گەلی كورد نە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نە لە باشور و لە هیچ شوێنێت ناتوانێت سەربەخۆ و ئازاد بژی. پێویستە هەموو كەسێك ئەمە بزانێت. بەم هۆیەوە ئەم شەڕە شەڕێكی مێژووییە و ئێمە داوا لە هەموو وڵاتپارێزان دەكەین كە تاوەكو لە دەستیان دێت پشتگیری بكەن."