هەپەگە لەبارەی بۆردومانی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر زاخۆ هاتە دەنگ

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
"هیچ هێزێكمان لەو ناوچەیە نیە و گردەكانی چواردەوری ئەو هاوینەهەوارەش لەلایەن سوپای توركیاوە داگیركراون بۆیە ڕوداوی كۆمەڵكوژیەكەی زاخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە".

ناوەندی راگەیاندن چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) دەربارەی بۆردومانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرخی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لێدوانێكی نوسراوی بڵاوكردەوە تیایدا باس لەوەدەكات كە هیچ هێزێكیان لەو ناوچەیە نیە كە دەوڵەتی تورك كۆمەڵكوژیەكەی تیادا ئەنجامداوە و " دەوڵەتی تورك ئامانجی ئەوەیە ژیانی هاوڵاتیان كۆتایی پێبێت لە هەرێمەكە دەریان بكات".
هەپەگە داوا دەكات لەو كەسانەی باوەڕیان بە ڕاستی هەیە و بە ویژدانەوە ئەو كوشتارە دڕندانەیە لە دەرەوەی ڕەوشتی مرۆیی دەوڵەتی تورك دەبینن لە دژی ئەم تاوانە مرۆڤایەتییە هەڵوێست وەربگرن.

" نابێت كەس هەوڵ بدات ئەم كۆمەڵكوژییە بە ئەنقەستانەی دەوڵەتی تورك بشارێتەوە و بۆ ئەو ڕووداوە دەستگیرۆیی بكرێت، چونكە ئەمە یەكەم كۆمەڵكوژی نییە دەوڵەتی تورك دەیكات هەروەك دەوڵەتی تورك لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠ دا بە ئەنقەست دوو گەورەبەرپرسی سەربازی عێراقی كردە ئامانج و كوشتی، هێرشەكە بۆ هەمان مەبەست كۆمەڵكوژییەكی پلان بۆ داڕێژراو بوو ڕێكەوت نییە"، هەپەگە وا دەڵێن.

هەروەها ئەوەش بیردەهێنێتەوە كە" دەوڵەتی تورك لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە ئەنقەست خەڵكی مەدەنی لە بامەرنێ و كانی ماسی چەند شوینی دیكە كردووەتە ئامانج".

هاوكات ئەوەش دووپاتدەكەنەوە كە" هیچ هێزێكمان نییە لەو ناوچەیەی كە ئەمڕۆ كۆمەڵكوژییەكەی تێدا ئەنجام درا لە ناوچەكانی نزیك ئەم هەرێمەش گردەكان لە لایەن دەوڵەتی توركەوە داگیركراون و لە ناوچەكەدا باڵادەستن، هێزە سنوورییەكانی عێراق و هێزە جیاجیاكانی هەرێمیش هەن كە سەر بە حكومەتی هەرێمن لە ناوچەكەدا بۆیە ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار