گروپە گەشتیارییەكان بۆ هاوڵاتی: گەشتەكانمان بۆ بادینان ڕاگرت
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
دوای روداوەكەی دوێنێ سنوری قەزای زاخۆ كە نزیكەی30كەس بوونە قوربانی، چەند گروپێكی گەشتیاری عێراق، گەشتەكانیان بۆ بادینان ڕادەگرن.
محەمەد مستەفا، نوێنەری کۆمپانیای بورجی العەرەب گواستنەوەی گەشتیارەكانە لە بەغدابۆ هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا هاوڵاتی وت"بە دڵنیاییەوە روداوەكەی زاخۆ كاریگەری زۆر دەكاتە سەر كەرتی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان وبەتایبەت بۆ بادینان، ئێمە بڕیارمان داوە بە ڕاگرتنی گەشتەكان تا كاتێكی نادیار، بەپێی زانیاریەكانم چەند گرۆپێكی دیكەش هەمان شت گەشتەكانیان ڕاگرتووە"
تا رۆژی روداوەكە محەمەد و هاورێكانی هەفتانە سەدان گەشتیاریان لە پارێزگایەكانی خوارووی عێراق دەگواستەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
"ڕاگرتنی گەشتەكان یان كەمبوونەوەی رێژەی گەشتیاران كاریگەری زۆر لەسەر خەڵكی كوردستان وبەتایبەت شوێنە گەشتیارەكان دەكات.
نوێنەری كۆمپانیا گەشتیارییەكە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە" بەدڵنیایەوە بۆ ئێمەش ناخۆشە توشی زیانێكی گەورە دەبینەوە، بەڵام پاراستنی گیانی هاوڵاتیانمان سەرووی هەموو شتێكە".
هاوكات داوای لە عیراق و حكومەتی هەرێم كرد فشاری زۆر لەسەر توركیا بكەن تا چیتر شوێنە گەشتیارەكان بۆردومان نەكرێت و خەڵكی گەشتیارو مەدەنی نەبێتە قوربانی.