مالكی؛ كەسایەتییەكان و هێزەكان لەلایەن حەلبوسییەوە بە پارە كڕدراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەشەم تۆماری دەنگی دزەپێكراو كە دەوترێت دەنگی نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بڵاوكرایەوە و تیایدا باس لە سوونەكان دەكات و دەڵێت:" شیعە لە مەترسیدایە و ئێستا بەعسییەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار پێشكەوتوون و هاتونەتە ناو جومگەكانی دەوڵەتەوە".
كەسێك بەناوی عەلی فازڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر ماوەیەكە دەستی كردووە بە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵیك تۆماری دەنگی كە وەك خۆی دەڵێت، هەموویان لە كۆبوونەوەیەكدا تۆماركراوە و دزەی پێكراوە.
لە تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكەدا ئەو كەسەی دەوترێت مالكییە دەڵێت: "زۆرێك لە كەسایەتییەكان و هێزەكان لە لایەن حەلبوسییەوە بە پارە كڕدراون و هەرچی لە كۆبوونەوەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا باسی دەكەین دەگاتەوە بە حەلبوسی، چونكە لە ناوماندا بەكرێگیراوی تێدایە."
لە تۆمارە دەنگییەكەدا كەسەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، "شیعە لە مەترسیدایە و ئێستا بەعسییەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار پێشكەوتوون و هاتونەتە ناو جومگەكانی دەوڵەتەوە."
هەروەها دەشڵێت، "بەعسییەكان حزبییان دروستكردووە لە ژێر ناوی تەقەدوم كە هی حەلبوسییە."
ئەو كەسەی رۆژنامەنووسەكە دەڵێت مالیكیە باس لەوەش دەكات، بە سەرۆك وەزیرانی وتووە، "گوناحت دەگات، حەلبوسی چییە گۆڕانكاری لە سەركردە و پارێزگارەكان دەكات، بەڵام ئەو بێدەنگە تا لە بەرامبەردا حەلبوسی دەنگی پێبداتەوە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران."
ئەوەش دەخاتەڕوو، كە مەرجەعییەتی شیعەكانی بێدەنگە، وەك ئەوەی رووداوەكان مێزەكە بەسەر ئەوان و شیعەدا هەڵنەگەڕێنێتەوە.
بڵاوكردنەوەی تۆمارە دەنگییەكان لە رۆژی 13ی تەمموزەوە دەستیپێكردووە و ئەمەش شەشەم دەنگی دزە پێكراوە، بەڵام نوری مالیكی و حزبی دەعوە رەتیدەكەنەوە كە ئەو تۆمارە دەنگییانە، دەنگی ئەو بێت و رایگەیاندووە كە ئەو تۆمارە دەنگییانە، ساختەن و دروستكراون.
دەسەڵاتی دادوەری عێراق رۆژی 19ی مانگ رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان لە راست و دروستی تۆمارە دەنگییەكانی نوری مالیكی دەستی پێكردووە.