وەزیری بەرگری و دەرەوە و سەرۆك ئەركانی سوپا لە پەرلەمان ئامادە دەبن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەرلەمانی عێراق لەبارەی تۆپبارانەی توركیا لەزاخۆ، كۆدەبێتەوەو و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەو سەرۆك ئەركانی سوپا بانگێشت كراون، بڕیارە فوئاد حوسێن راپۆرتی لێكۆڵینەوەيان بخاتەروو.
ئەمڕۆ شەممە 23ی تەموزی 2022، بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان، تایبەت لەبارەی هێرشەكەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی توركیا لەزاخۆ كۆدەبێتەوە.
تێیدا هاتووە، وەزیرانی (بەرگری و دەرەوە)و سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بانگهێشتكراونو ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبن.
بڕیارە لەو كۆبونەوەیەدا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە راپۆرتی لێكۆڵینەوە بخاتەروو كە سەرۆكایەتی وەفدێكی عێراقی كردو سەردانی "گوندی پەرەخێ"یان كرد.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 20ی تەموزی 2022 بەهۆی تۆپبارانی ناوچەیەكی گەشتیاریی لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 9 گەشتیار گیانیان لەدەستداو 26ی دیكەش برینداربوون.
فوئاد حوسێن، كەلەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری دەرەوەی عێراقە ئەوەی دووپاتكردەوە كە سوپای توركیا لەرێگەی چوار تۆپەوە بۆردومانی گوندی پەرەخێی كردووە، هەروەها راشیگەیاند:" توركیا بەرپرسیاری رووداوەكەیەو دەبێت داوای لێبوردن بكات و قەرەبووی كوژراوان و بریندارانی رووداوەكە بكاتەوە".
هاوكات دوێنێ فوئاد حوسێن لەگەڵ هاوتا ئێرانیەكەیدا جارێكی دیكە توركیای بەدرۆ خستەوەو وتی:" پەكەكە لەو ناوچەیە بوونی نییەو توركیا ئەنجامدەری رووداوەكەی زاخۆ بووە".