ئێران؛ لەماوەی هەفتەیەكدا 32 كەس لەسێدارەدراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند: "لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 32 كەس لەناو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدراون كە ژمارەیەك ژنیان لەناودایە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی كە ئەمڕۆ هەینی 29-7-2022 بڵاوكراوەتەوە: "لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 32 كەس لەناو زیندانەكانی ئێران لەسێدارەدراون كە سێ كەسیان ژن بوون و بە تاوانی كوشتنی هاوژینەكانیان سزادراون.
رێكخراوەكە ئاشكراشیكرد: "لەسێدارەدان لەناو زیندانەكانی ئێران رووی لە هەڵكشان كردووە" رێكخراوەكە باسی لە سێدارەدانی سوهەیلا ئابادی دەكات، كە بەپێی رێكخراوەكە بە 15 ساڵی بەشوودراوە و دوای 10 ساڵ بەهۆی ناكۆكیی خێزانییەوە، هاوژینەكەی خۆی كوشتووە.
رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران باس لە بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان و كوشتن لەو وڵاتەدا دەكات و دەڵێت: "هەژاری و دۆخی سەختی ئابووری، پاڵنەری سەرەكیی زیادبوونی تووندوتیژین لە نێو كۆمەڵگەدا."
بەپێی ڕاپۆرتێكی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، بەشی زۆری سزادراوان بە تاوانی سیاسی گیراون و 146 كەس كە بە تاوانی كوشتن دەستگیركرابوون لەو شەش مانگەدا سێدارەدراون و ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "لە 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 251 كەس لە گرتوخانەكانی ئەو وڵاتە لەسێدارەدراون".