هاوسەرۆكی هەدەپە: ئەردۆغان و حكومەت پشتگیرییان كەمبووەتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونەوە و گفتووگۆیان لەبارەی هەوڵی داخستنی هەدەپە، پرسی كۆبانێ، پرسی سیاسەتمەدارانی هەدەپە كرد.
ئەمڕۆ شەممە ئانالینا بیربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ توركیا لە شاری ئەنقەرە لەگەڵ میتحاد سانجار، هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە كۆبوەوە.
هاوسەرۆكی هەدەپە بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای ڕاگەیاند:" هەوڵی داخستنی هەدەپە، بەردەوامی هێرشی داگیركەری و سووربوون لەسەر هەڕەشەكان و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكان لەدژی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، راستەوخۆ پەیوەندیان بە كێشەی كوردەوە هەیە".
هاوسەرۆكی هەدەپە لە كۆبونەوەكەدا كە نوێنەرانی پارتە سیاسیەكانی ئەنجومەنی فیدڕالی ئەڵمانیاش ئامادەبوون تەئكیدیكردەوە:" بیانوی حكومەتی توركیا بۆ ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنور راست نییە، و وتیشی: "ئەردۆغان و حكومەت پشتگیرییان كەم بووەتەوە، بەم ئۆپەراسیۆنانە هەوڵدەدەن سیاسەتی ناوخۆ بەپێی خۆی دیزاین بكەن".
هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە لە قسەكانیدا بۆ ئانالینا بیربۆك باسی لەوەكرد:"زۆر گرنگە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر بەهای دیموكراسی بێت و ئامانجی ئاشتی و ئارامی جیهانی بێت".
دوای ئەوەی دوینێ گەیشتە توركیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ناكۆكی توركیا و یۆنان و هەڕەشە داگیركەریەكانی دەوڵەتی تورك بۆ باكوری سوریا ناكۆكیەكانیان لەبەردەم میدیاكان ئاشكرا بوو، ئانالینا ڕایگەیاند:" توركیا دەبێت ڕێز لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئەوروپا بگرێت لەبارەی مافەكانی مرۆڤ".
لە كۆبوونەوەكەی هاوسەرۆكی هەدەپەو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەریەكە لە فەلەكناس ئوجا وتەبێژی كۆمسیۆنی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەدەپە و شەڤین جۆشكون، پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری مووش، بەشداربوون.