لەساڵێكدا نزیكەی 27 هەزار تۆن پێستە هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
ئیمان زەندی
خۆشكردنی پێستەی ئاژەڵ لەهەرێمی كوردستاندا هێشتا نەبووەتە پیشەسازیەكی فراوان و لەخواروو ناوەڕاستی عێراق هاوردەی هەرێم دەكرێت و لەڕێگەی كارگەیەكەوە رەوانەی توركیا دەكرێت.
پێستەی ئاژەڵ لەژیانی ئاژەڵدا بەیەكێك لەو ئۆرگانانە هەژمار دەكرێت كەپارێزگاری لەناوەوەو دەرەوەی لاشەی ئاژەڵەكە دەكات لەمیكرۆبەكان و شانەكانی ناوەوەی بەتەڕی دەهێڵێتەوە، لەدوای كوشتاركردنی ئاژەڵەكە پێستەكەی لەیەكێك لەكارگەكانی كوردستان خۆشدەكرێت، هەندێكی دیكەشی بەهۆی بەركەوتنی دەمەچەقۆو نەخۆشی ئەو پێستانە ژێر خاك دەكرێن.
كەمال ئەحمەد سیدۆ، خاوەن و بەڕێوەبەری كارگەی خۆشكردنی پێستە لەدهۆك سەرەتای دامەزراندنی كارگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1997 و باس لەوە دەكات بیرۆكەی دامەزراندنی كارگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ وانەیەك لەپۆلی پێنجی سەرەتایی، ئەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كاری ئاژەڵداری و قەسابیم كردووە، لەدوای نەوت پیشەسازی پێستە و خوری و ریخۆڵەیە وەبەرهێنانی گرانە، بەڵام كەموكوڕی هەیە، چونكە پەرە بەم پیشەسازیە نادرێت، ئێمە بووین یەكەم باری پێستەی خۆشكراوی رەشەوڵاخمان ناردووە بۆ توركیا».
هێمای بۆ ئەوەشكرد كە لەسەدا 80%ی پێستەی كوردستان فڕێ دەدرێت بەهۆكاری ئەوەی چاودێری باش ناكرێت و پێستەكە بەر دەمەچەقۆ دەكەوێت و دەدڕێنرێت، وتیشی:»پێستەی كوردستان بەراورد بەپێستەی پارێزگاكانی عێراق كوالێتی باشترە، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی كەڵكی لێوەرناگیرێت و ژێر خاك دەكرێت، بەوهۆیەوە ناچارین پێستەی عێراق بەپارە بكڕین».
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ كڕینی یەك كیلۆ پێستەی رەشەوڵاخ 80 سەنت دەدەن، بۆ پێستەی ئاژەڵی بچووكیش 50 سەنت، پێستەی هاوردەش ریخۆڵەكەی بە سێ دۆلار دەكڕن.
«هەموو خوریەكان فڕێ دەدەین، چونكە هیچ كارگەیەك نیە بۆ بەكارهێنانەوەی، لەساڵی 2014 داوامان لەحكومەتی كوردستان كرد زەویەكمان بۆ دابینبكەن رەزامەندی وەزارەتیشمان هەیە پێمان نادەن، رۆژانە دوو تۆن خوری فڕێ دەدەین».، بەڕێوەبەری كارگەی خۆشكردنی پێستە لەدهۆك وا دەڵێت.
كەمال سیدۆی لەم گفتوگۆیەی هاوڵاتیدا باسی قۆناغەكانی خۆشكردنی پێستە دەكات كە دوای ئەوەی پێستە ساغەكان كۆدەكەنەوە دوو كاتژمێر لە ئاوو خوێدا دادەنرێت، دواتر لەخوریەكە جیایدەكەنەوەو مەوادی كیمیایی بۆ زیاد دەكەن تاخوریەكە لێبكەنەوە ئەم هەنگاوەشی بە (نیكڵ) ناوبرد.
هەنگاوی دووەمی پێی دەڵێین (كرۆم) كە رۆنی ماسی و سابونی بۆ ئیزافە دەكەن لەگەڵ كرۆم پاشان دەبێت بەماددەیەكی خام و دواتر رەنگكردنیەتی كە رەنگی (رەش، قاوەیی، جۆزی، سور، سەوز) زۆرترین خواست لەسەر رەنگی رەشەو ئەستوری و رەنگی پێستەكە بەخواستی كڕیاران دیاری دەكەن.
لەكارگەی دهۆك رۆژانە سێ هەزارو 200 مەڕو هەزار و 200 بزن لەگەڵ 15 تۆن چەرمی گا پێستەكەی خۆش دەكرێت، بۆ خۆشكردنەكەش نزیكەی 102 ماددە بەكاردەهێنرێت، ئەوانەش نۆڕە و زەرنیخە لەگەڵ خوێ، ...هتد، بۆ هەزارو 500 پێستە نزیكەی 30 كیلۆ زەرنیخ لەگەڵ 15 كیلۆ نۆڕە بەكاردێت، لەگەڵ 105 كیلۆ خوێ، بەڵام مانگانەش 66 هەزار پێستە فڕێ دەدەن.
ئاماری ساڵانەی هەناردەكردنی بەرهەمی پێستە لەكارگەی دهۆك 960 تۆنە، 240 تۆنیان پێستەی ئاژەڵی بچووكە و 720 تۆنەكەی تر ئاژەڵی گەورەیە، وتیشی:» یەك پێستە بەدوو دۆلار دەفرۆشرێتەوە، باجی گومرگی بۆ یەك تۆن پێستە 50 هەزار دینارە، بەهای رسوماتیش بۆ 26 تۆن نزیكەی یەك ملیۆن و 400 هەزار دینارە.
كارگەی دهۆك پێستەی خاوو نیوخۆشكراو و خۆشكراو هەناردەی وڵاتانی توركیاو ئیتاڵیاو ئیسپانیا لەگەڵ چین و كۆریاو تایوان دەكات، لەكارگەی دهۆك بەرهەمی پێستەی رەشەوڵاخ و گامێشی خۆشكراوی كارگەكە بەكاردەهێنرێتەوە بۆ دروستكردنی قایش، بۆ مانگیك 15 هەزار قایش بەرهەم دەهێنرێت بۆ ساڵەكە 180 هەزار قایش دەكات، ئەم بەرهەمەش بۆ ناوخۆی هەرێمە.
بەپێی ئەو داتاو ئامارەی هاوڵاتی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم دەستی كەوتووە لەساڵی 2021دا 25 هەزار و 378 تۆن پێستەی خاو (خۆشنەكراو)و 394 تۆن پێستەی نیمچە خۆشكراو لەگەڵ 938 تۆن پێستەی خۆشكراو هەناردەی دەرەوەی كوردستان كراوە، هەروەها 306 تۆن پێستەی خۆشكراویش هاوردەی هەرێم كراوە.
لەبارەی پەرەسەندنی پیشەسازی پێستەو نەبونی كارگەی پێویست فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامان و ئاژەڵ لەوەزارەتی كشتوكاڵ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» نایشارینەوە یەكێك لەكێشەكانی پیشەسازی پێستە و خوری لەكوردستان ئەوەیە كارگەی پێویستی نیە، هیچ بەربەستێك نیە كارگە لەكوردستان بێتە پێشەوە، بەڵام دامەزراندنی كارگە جۆرێك لە ریسكی تێدایە كەخاوەن كارگە تووشی دەبێت و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو ریسكانەی نابێت».
هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە چاویان لەسەر ئەوەیە قۆناغی دوای خۆشكردنی پێستەی ئاژەڵ بكەوێتە كار لەهەرێمی كوردستاندا.
لەبارەی ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم چۆن كاری كردووە لەسەر هێڵە گشتیەكانی بواری كشتوكاڵی فیراس وتی:» لەسێ ساڵی دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەم خۆبژێویمان تێپەڕاندووەو ئێستا زیادەمان هەیە لەم بەرهەمە، لەكەرتی ئاژەڵداریش داواكارییەكی زۆر هەیە لەسەر دامەزراندنی پڕۆژەكانی سامانی ئاژەڵ و پاڵپشتی كراون لەیاسای گومرگی بۆ مەوادی عەلەف».
دەستەی وەبەرهێنەران دامەزراندنی كارگەو ئەم پڕۆژانەیان راگەیاندووەو پشتگیری ماددی و زەوی دەكرێن.
هێمن هەینی بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:» خواستی پێستە لەكوردستان كەمە، وەكو هەلی وەبەرهێنانی نوێ هەلمان رەخساندووە بۆ دامەزراندنی كارگەی پێست خۆشكردن لەكوردستان، چەند كارگەمان لەشارەكانی كوردستان و پارێزگاكان دابینكردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێن كاری لەسەر بكات، بەڵام بازاڕەكە هێشتا ئەوە نیە كارگەی گەورە دروست بكەیت بۆ دروستكردنی جل و چەرم».
هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە لەماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمدا زۆرترین مۆڵەت دراوە بەكارگە پیشەسازییەكان و وەبەرهێنەر و ژمارەی مۆڵەتەكانیش 59 مۆڵەتە و بەبەهای 20 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە، زۆرترین كارگەش لەهەولێر دامەزراوە.
«زۆرترین زەوی دابینكرابێت بۆ كارگەی پیشەسازی 200 هەزار مەتر دووجا بووەو بەهاكەی زیاتر لەملیارێك دۆلار بووە، هەروەها وەبەرهێن داوایان بۆ دەستەی وەبەرهێنان بەرزكردوەتەوە كەكارگە لەهەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ دوو كارگە لەدهۆك دابمەزرێنرێت، بەمەش پێنج پرۆژە پێشكەش كراوەو داوای چوار كارگەی چەرمیش كراوە». هێمن هەینی وادەڵێت.
لەكوردستان پێنج كارگەی خۆشكردنی پێستە هەیە كە تەنها یەكێكیان كاردەكات، لەگەڵ سێ كارگەی چەرم.
پێستەی ئاژەڵ بەكاردێت بۆ جلوبەرگ، پێڵاو، پێخەف، كورسی، كوشن، باشترینیان چەرمی مانگایە، كە بۆ ئێكسسواراتی ناوماڵ و ئۆتۆمبێل بەكاردێت، پێستەی نێر باشترە لەپێستەی مێیەكەی، چونكە قەبارەی گەورەترە كەپێی دەوترێت چەرمی گا، هەرچی پێستی ئاژەڵی بچووكیشە بۆ ئێكسسواراتی جانتاو پێلاوی خانمان بەكاردێت.
بەپێی ئامارێكی فەرمی كە هاوڵاتی دەستی كەوتووە لەلێپرسراوی كەرەنتینەی هەموو پارێزگاكان بۆ ساڵی 2021 و سێ مانگی ئەمساڵ 355 هەزار و 282 سەر ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، بەپێی ئاماری سەرۆكی بەشی تەندروستی ئاژەڵی هەرێم 32 كوشتارگە هەیە لەهەرێمی كوردستان.
لەكوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی ئامێری تایبەت بەداماڵینی پێستەی ئاژەڵ هەیە كە پێستەكە تووشی هیچ دڕاویەك ناكات.
د.شاڵاو عارف پسپۆڕی ڤێتێرنەری لەكوشتارگەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»پێستەی ئاژەڵ لەكوشتارگەكانەوە دەگیرێ، سلێمانیش لەهەموو كوشتارگەكانی دیكەی كوردستان زۆرترین بەرهەمی پێستەی هەیە، چونكە ئەم ئاژەڵانە بەئامێری تایبەتی پێستەكانیان دەدەماڵین هیچ زیانێكی بەرناكەوێت».
هەروەها وتیشی: «پێستەی ئاژەڵ بەهیچ جۆرێك ناسوتێنین، چونكە چەرمی مانگا هەمیشە فرۆشی هەیە، چەرمی یەك ئاژەڵی گەورە نزیكەی 50 كیلۆیە كەمتر لە 10 هەزار دینار دەكات، پێستی ئاژەڵی بچووكیش پێنج كیلۆیە زیاتر دەكڕدرێتەوە بۆ چەوریەكەی، بەڵام پێستەكەی سودی لێنابینرێیت و فڕێدەدرێت، چونكە نیمچە رەقە».
جەبار ئیسماعیل بازرگانی پێستەی ئاژەڵە لەهەولێرو لەساڵی 2000ەوە بازرگانی هەناردەكردنی پێستەی خاو دەكات بۆ دەرەوەی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» بەپێی رۆژ كەوتووە كەپێستە بفرۆشین، رۆژی وا هەیە 200 پێستە، رۆژی تر 150 پێستە، رۆژانی پشوو كوشتارگە نیە هیچ پێستەیەك ناكڕین و نایفرۆشین».
كێشی پێستەكان لەنێوان 10 بۆ 15 كیلۆیەو یەك پێستە بەسێ هەزار دەكڕینەوە لەكوشتارگەكان، بەسێ هەزارو 500 بۆ چوار هەزارو 500 پێستەو ریخۆڵە دەفرۆشینەوە بەكارگەكانی ناوخۆو دەرەوە، لەهەولێر 22 كەس بازرگانی بەپێستەوە دەكەن، چەند قەسابخانە هەبێت لەگەڵ مەیدانی ئاژەڵان ئەوەندە بازرگانی پێستە دەكرێت.