دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا چۆن زەواهری ناسییەوە و کوشتی؟

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ڕابەری قاعیدە ئەیمەن زەواهری لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کوژرا، ئەمەش لە دوای کوژرانی ئوسامە بن لادنەوە گەورەترین لێدانە لە گروپەکە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند زەواهری چەند ساڵێکە خۆی حەشارداوە و ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دۆزینەوە و کوشتنی زەواهری دەرەنجامی کارێکی " بە ئارام و بەردەوامی " کۆمەڵگەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری بووە.

هەتاوەکو پێش ئەوەی ئەمەریکا کوژرانی زەواهری ڕابگەیەنێت، دەوترا زەواهری لە ناوچە خێڵاوییەکانی پاکستان یاخود لەناو ئەفغانستاندا خۆی حەشارداوە.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ڕۆیتەرز کرد و ووتی " ساڵانێکە حکومەتی ئەمەریکا ئاگاداری ئەو تۆڕەیە کە پێی وایە پشتیوانی لە زەواهری کردووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا و دوابەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بەرپرسەکان چاودێری ئاماژەکانیان کردووە لەسەر بوونی ئەل قاعیدە لە وڵاتەکەدا."

بەرپرسانی هەواڵگری لەم ساڵدا بۆیان دەرکەوتووە کە خێزانەکەی زەواهری، هاوسەرەکەی و کچەکەی و منداڵەکانی گواستوویانەتەوە بۆ ماڵێکی پارێزراو لە کابوڵ و دواتر زەواهرییان لەو شوێنەدا ناسیووەتەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بە جۆو بایدنی وتووە" لە چەند مانگێکدا بەرپرسانی هەواڵگری متمانەیەکی زیاترییان لادروست بووە لەسەر ئەوەی بەڕاستی زەواهرییان لە ماڵە پارێزراوەکەی کابوڵدا ناسیوەتەوە، هەروەها لە سەرەتای مانگی چوارەوە دەستیان کردووە بە پێدانی زانیارییەکان بە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا."

بەرپرسەکە وتی " توانیمان لەڕێی کۆمەڵێک سەرچاوەی سەربەخۆی زانیارییەوە شێوازی ژیانی بزانین و ئۆپەراسیۆنەکەی لێ ئاگادار بکەینەوە."

بەرپرسەکە وتی جارێکیان زەواهری گەیشتۆتە ماڵە پارێزراوەکەی کابوڵ، بەرپرسەکان ئاگاداری ئەوە نەبوون ماڵەکەی جێهێشتبێت و چەند جارێک لە باڵکۆنییەکەی ماڵەکەدا بینیویانە، لە کۆتاییشدا هەر لەو باڵکۆنییەدا کوژرا.

وتیشی " بەرپرسەکان لێکۆڵینەوەیان لە پێکهاتە و بونیاد و سروشتی ماڵە پارێزراوەکە کردووە و بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە دانیشتوانەکەی کردووە تاوەکو ئەمەریکا بتوانێت بە نهێنی و بەبێ زیان گەیاندن بە بونیادی بیناکە ئۆپەراسیۆنێک بۆ کوشتنی زەواهری ئەنجام بدات، هەروەها بۆ ئەوەی مەترسییەکانی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و خێزانەکەی زەواهری کەم بکاتەوە.

هەروەها وتیشی " لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا سەرۆک چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕاوێژکارە سەرەکی و ئەندامانی کابینەکەیدا کردووە تاوەکو بە وردی لێکۆڵینەوە لە زانیارییە هەواڵگرییەکان بکەن و هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ گرتنەبەری باشترین ڕێگە. لە 1 ی مانگی حەوتدا بایدن لە کۆشکی سپی لەلایەن ئەندامانی کابینەکەیەوە پێشنیاری ئۆپەراسیۆنێکی بۆ کراوە، بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیان بێرنسیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.

وتیشی " بایدن پرسیاری وردی سەبارەت بەو شتانە کردووە کە دەیزانین و چۆنیش زانیومانە "، هەروەها لەنزیکەوە شیکاری بۆ مۆدێلی ماڵە پارێزراوەکە کردووە کە کۆمەڵگەی هەواڵگری دروستییان کردووە و هێناوییانە بۆ کۆبوونەوەکە.

وتی بایدن پرسیاری سەبارەت بە ڕووناکی و کەش و پێکهاتەی خانووەکە کردووە، هەروەها پرسیاری سەبارەت بەو فاکتەرانە کردووە کە دەکرێت کاریگەرییان لەسەر سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە هەبێت. سەرۆک داوای شیکارییەکیشی کردووە بۆ ئەگەری لێکەوتەکانی ئەنجامدانی هێرش لە کابوڵ.

وتیشی"بازنەیەکی نزیکی پارێزەرانی باڵای نێو دەزگاکە شیکارییان بۆ ئەو زانیارییانە کردووە و ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە زەواهری ئامانجێکی یاساییە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی سەرکردایەتیکردنی ئەل قاعیدەوە.

بەرپرسەکە وتی لە 25 ی مانگی حەوتدا سەرۆک بایدن کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی کابینەکە و ڕاوێژکارەکانیدا کرد تاوەکو دوایین زانیاریی بدەنێ و تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت بکەن، لەوانەش کوشتنی زەواهری چۆن کاردەکاتە سەر پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ تاڵیباندا، دواتر بایدن فەرمانیکردووە "هێرشێکی ئاسمانی وردی تایبەتمەند " ئەنجام بدرێت، بە مەرجێک کە مەترسییەکانی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی کەم بکاتەوە.

وتیشی"لە کۆتاییدا هێرشەکە لەڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە و بە موشەکی هێڵفایەر لە 30 ی مانگی حەوتدا لە کاتژمێر 9:45 خولەک بەکاتی ڕۆژهەڵات ئەنجامدرا."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار