ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکەی پلاسخارت بۆ لایەنەکانی عێراق ئاشکرا کرا

2 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی

دوای سەردانیکردنی زۆربەی لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی عێراق، ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکەی پلاسخارت بۆ لایەنەکانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوی عێراق ئاشکرا کرا.

لەوبارەیەوە ئەندامێکى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە رایگەیاندووە، نێردەی تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەستپێشخەرییەکى بۆ چارەسەرى قەیرانى سیاسی کردووە کە چوارچێوە گشتییەکەى بەستنی کۆنگرەیەکى دیالۆگە بەسەرپەرشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان، وتیشى: "سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى هادى عامرى بۆ لاى موقتەدا سەدر پشت بە ئەنجامى سەردانێکى چاوەڕوانکراوى پلاسخارت بۆ لاى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەبەستێت."
 
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە، رۆژی شەممە 6-8-2022 بە کەناڵی رووداوی راگەیاندووە: "سەردانى جێنین پلاسخارت بۆ لاى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە چوارچێوەى دەستپێشخەرییەکەیدا بووە بۆ چارەسەرى قەیرانى سیاسی عێراق. ئێستا پلاسخارت وەکو نێوەندگیر لە نێوان لایەنە شیعەکان کاردەکات".
 
رەحیم عەبوودی وتیشى: "چوارچێوەى گشتیى دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە کۆنگرەیەکى دیالۆگ بە بەشدارى سەرجەم لایەنە شیعە و سوننە و کوردییەکان بکرێت کە نەتەوە یەکگرتوەکان سەرپەرشتى بکات".
 
5ى ئابى 2022، جێنین پلاسخارت لە شارى نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆبووەوە و رایگەیاند: "کۆبوونەوەکى باشمان لەگەڵ سەدر کرد؛ گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی دۆزینەوەى رێگەچارەیەک بۆ قەیرانى سیاسی کرد".
 
بەرپرسەکەى رەوتى حیکمە ئاماژەى بەوەدا کە بڕیارە لەماوەی دوو رۆژدا بە زارەکى یان لەڕێگەى سەردانەوە پلاسخارت نێوەڕۆکى وەڵامى سەدر بۆ دەستپێشخەرییەکەى بگەیێنێتە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و ئەوانیش کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی ئەو وەڵامە رێکبخەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار