پسپۆڕێکی یاسایی: سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پسپۆڕێکی یاسایی عێراقی بڕوای وایە لەئێستادا سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کاربەڕێکەرن و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتیی دیاریكراو.
ئەمیر دەعمی پسپۆڕی یاسایی عێراقی لەلێدوانێکیدا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە" هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەگوێرەی میكانیزمی پێشكەشكردنی داواكاری لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ سەرۆك كۆمار نادروستە، چونكە سەرۆك كۆمار لەلایەن پەرلەمانی ئێستاوە هەڵنەبژێردراوەو سەرۆك وەزیرانیش ولایەتەكەی تەواو بووە، بۆیە ناكرێت بودجە بۆ حكومەت تەرخان بكرێت بەمەبەستی سازدانی هەڵبژاردن.
ئەو پسپۆڕە یاساییە جەخت لەوەدەکاتەوە کە "تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتیی دیاریكراو، تاوەكو شەرعیەت وەربگرێت بەئاڕاستەی تەرخانكردنی بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن".
لەبارەی دادگای فیدڕاڵیشەوە ئەو پسپۆڕە پێی وایە" دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر ئەوە كردووە حكومەتە كاربەڕێكەرەكان ناتوانن ئەو بڕیارانە بدەن كە رەهەندی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتییان هەیە، واتە بەگوێرەی ئەم میكانیزمە ناتوانرێت پەرلەمان هەڵوەشێندرێتەوە".