دوای نۆ ساڵ وەسیەتەكەی شێركۆ بێكەس جێبەجێنەكراوە
ماڵەكەی شێركۆ بێكەس دەكرێتە مۆزەخانە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
بەبۆنەی تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شێركۆ بێكەسی شاعیر، مەراسیمێك بەبەشداری بەشێك لەكەسوكارەكەی و بەشێكی زۆری هونەرمەندان و كەسایەتییەكانی شاری سلێمانی لەهۆتێل گراند میلینیۆم بەڕێوەچوو، ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا بەشێك لەوەسیەتەكەی شێركۆ بێكەس جێبەجێنەكراوە كەئەوانیش خەڵاتی ساڵانەو كردنەوەی كافتریایەكە لەنزیكی گۆڕەكەی، بەڵام هەڵۆی كوڕی دەڵێت ماڵەكەی دەكرێتە مۆزەخانە.
لەمەراسیمەكەدا چەندین وتارو چالاكی هونەری و رۆشنبیری پێشكەشكراو هۆنراوەكانی شێركۆ بێكەسیش بەشیكی دیكەی بەرنامەی كاری مەراسیمەكە بوو.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەوتارێكدا رایگەیاند: تەنیا بۆ یادی شێركۆ لێرە نین، یادی شارستانی و رەسەنی و نەمری و زیندوویی وشەی كوردی دەكەینەوە، یادی هەموو ئەدیبانی سەردەمی زێڕین و نوێ دەكەینەوە، شێركۆ توانی بڵێسە بێت بۆ مەشخەڵی شۆڕشی نوێ، زۆر كەس هەڵەی لێكدانەوەی كردووە بۆ نازناوی بێكەس، ئەو بنەماڵە بەڕێزە بۆ بێكەسی كورد نازناوی بێكەسیان هەڵگرتووە.
هەڵۆ شێركۆ بێكەس لەمەراسیمەكەدا چەند پارچە هەڵبەستێكی باوكی خوێندەوەو پاشانیش هونەرمەند پەیوەند جاف چەند تێكستێكی شێركۆ بێكەسی بەگۆرانی پێشكەشی ئامادەبووان كرد.
هەڵۆ شێركۆ بێكەس سوپاسی ئەو كەسانەی كرد كەپشتیوان بوون لەیادكردنەوەكەو بەهاوڵاتی وت: "مژدەی كردنی ماڵەكەی شێركۆ بێكەس بەمۆزەخانە رادەگەیەنم كە لەداهاتوویەكی نزیكدا دەكرێتەوەو لەسەر ئەركی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بووە، سوپاسی تایبەتی كاك فاروقی مەلا مستەفاش دەكەم كە پەیكەری شێركۆ بێكەسی لەناوەندی رۆشنبیری دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ دروستكردووەو یەكەم كارە بۆ پرۆژەی مۆزەخانەی شێركۆ بێكەس".
هەڵۆ شێركۆ بێكەس وتیشی: "ئەو یادانەی كەكراون دوو بەش بوون، رۆژی چواری مانگیش لەپاركی ئازادی یادەكە كرایەوە، دەبێت ئەم بۆنانە بكرێن بەساڵانە و قسە لەسەر دیوە شاراوەكانی ژیانی شێركۆ بێكەس بكرێت".
هونەرمەند پەیوەند جاف بەهاوڵاتی وت: "بڕیارمانداوە هەموو ساڵێك یادی شێركۆ بێكەس بكەینەوە، سەبارەت بەخەڵاتیش دەبێت حكومەت ئەو بڕیارە بدات و خەڵات دابنرێت بەناوی شێركۆ بێكەسەوە، ئەو مەراسیمەی ئەمڕۆ ساڵی نۆیەمەو هەر جارەو كۆمەڵێك شاعیرو هونەرمەندو كەسایەتی بەشداری تێدا دەكەن"، وتیشی: "پاش نەمانی شێركۆ بێكەس شیعر بەرەو كزی چووە".
شێركۆ بێكەس كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایەق بێكەس، یەكێكە لەدامەزرێنەرانی قوتابخانەی شیعری نوێی كوردی، خاوەنی چەندین دیوان و نامیلكەی شیعرییە، شیعرەكانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراون.
شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس، لەدنیای ئەدەبی كوردیدا بەپایەیەكی بەهێزی نوێكردنەوەی شیعری كوردی دادەنرێت، ئەو جگە لەوەی چەندین شیعری نیشتیمانی و ئەوینداری نووسیوە، هاوكات وەك فەرهەنگێكی دەوڵەمەند وابووە بۆ زمانی كوردی.
شێركۆ بێكەس خاوەنی پتر لە 30 كتێبی شیعرییە، بەشێك لەشیعرەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی عەرەبیو توركیو فارسی و ئینگلیزیو سویدیو دانیماركی و فەرەنسیو ئیتاڵی و ئەڵمانیو هەنگاری.
وەسیەتنامەكەی شێركۆ بێكەس
من نامەوێت لەهیچ كام لەگردو گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبوونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بەقەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبداو ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لەپاركی ئازادیداو بەتەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی 1963ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترەو تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بەمردووییش نزیكی ئەو خەڵكەو ژن و پیاوی شارەكەم و دەنگی مۆسیقاو گۆرانی و هەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم. با كتێبخانەكەم و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێنی مەزارەكەم، با كافتریایەك و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆ ئەوەی شاعیران و نووسەران و كچ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لەئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵڵا وەیسییەكەی مەردان و سروودی خوایە وەتەن ئاواكەیەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لەپرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی «بێكەس»ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخانبكرێ و بدرێت بەجوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵەو خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كەجێیدەهێڵم.
سەبارەت بەوەسیەتنامەكەی شێركۆ بێكەس هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە زەردەشت رەفیق وتەبێژی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی، باسی لەوەكرد ئەوەی لەسەر شارەوانی بووە جێبەجێیان كردووە، ئەوی دیكەش پەیوەندی بەحكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.