حزبە جیابووەوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان یەكدەگرنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای 16 ساڵ هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران یەكیانگرتەوە، هەردوو باڵی كۆمەڵەش لەهەوڵدان بۆ یەكگرتنەوەیان.

نزیكەی دوو دەیەیە زیاترین ناكۆكی و لێكدابڕان لەناو حزب و پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان روودەدات بەڵام لەهەنگاوێكی چاوەڕوانكراودا هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستان یەكگرتنەوەیان راگەیاندو بڕیاریاندا بەیەك ناوو لەچوارچێوەی یەك حزبدا دەست بەكارەكانیان بكەنەوە.

بەپێی رێكکەوتنێك مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەبێتە سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و خالید عەزیزی دەبێتە سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان دەبێتە وتەبێژی حزبی دیموكرات.

هەنگاوەكەی حزبی دیموكرات وەكو حزبێكی كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، لەكاتێكدایە دەسەڵاتی ئێران رووبەڕووی كێشەو قەیرانی زۆر بووەتەوە، بەدوور نازانرێت هەردوو حزبی دیموكرات بەیەكگرتنەوەیان سەركەوتنی بەرچاو لەبەرپەرچدانەوەی سیاسەتەكانی تاران لەخۆرهەڵاتی كوردستان بەدەستبهێنن.

حزبی دیموكراتی كوردستان لەساڵی 1945 دامەزراوەو سەركردایەتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەكۆنگرەدا یەكلایی دەكرێتەوە، هەردوو حزبی دیموكرات دوای 16 ساڵ لەبەیاننامەی هاوبەشی یەكگرتنەوەیاندا رایانگەیاندووە: "ئەنجامدانی كۆنگرە لەلایەن سەركردایەتی هاوبەشی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەڕێودەچێت".

مێژووی جیابوونەوە لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا

حزبی دیموكراتی كوردستان كە لەساڵی 1945و دوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵەی ژێكاف لەشاری مەهاباد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دامەزراوە، قازی محەمەد یەكەم سكرتێری حزبەكە بووە، لەماوەی زیاتر لە 77 ساڵی تەمەنیدا لەسەر ئاستی سەركردایەتییەكەی چەندجارێك رووبەڕووی ناكۆكیی و جیابوونەوە بووەتەوە.

دوای رووخانی كۆماری كوردستان و لەسێدارەدانی قازی محەمەد، ساڵانێكی زۆر حزبی دیموكرات بەشێوەی نهێنی كارو چالاكییەكانی ئەنجامداوەو لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش لەباشوری كوردستان كۆنگرەی دوەمی  حزبەكەیان بەست و لەساڵی 1964 عەبدوڵا ئیسحاقی ناسراو بەئەحمەد تۆفیق وەك سەركردەو سكرتێر لەلایەن كۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموكرات هەڵبژێردرا، دواتر ئەحمەد تۆفیق ساڵی 1973 لەلایەن حزبی بەعس لەعێراق دەستگیركراو هەر لەو ساڵەشدا لەسێدارە درا.

پاشان دكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملۆ كە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بوو لەساڵی 1973 وەك سكرتێری گشتی حزبی دیموكرات هەڵبژێردراو سەركردایەتیی ئەو حزبەی كرد، قاسملۆ لە 13ی تەمموزی  1989 لەڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا تیرۆركرا،  دوای قاسملۆ د.سادق شەرەفكەندی بوو بەسكرتێری گشتی حزبی دیموكرات و ئەویش لەساڵی 1992 لە رێستۆرانتی میكۆنووس لەشاری بەرلینی ئەڵمانیا تیرۆر كرا.

حزبی دیموكرات خۆی بەدرێژەپێدەری رێگەی قازی محەمەد، سەرۆكی تاكە كۆمارەكەی كورد لەمەهاباد دەزانێت  و وەك حزبی پێشەواو پێشڕەو خۆی پێناسە دەكات.

لەساڵی 1985-ەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ شەڕی ناوخۆی نێوان حزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵە روویدا، ساڵی (1988) باڵێكی حزبی دیموكرات وەك ناڕەزایەتی دژی جەنگی ناوخۆیی لەنێوان حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، جیابوونەوەی خۆیان راگەیاندو بەباڵی رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ خۆیان ناساند.

جیابونەوەی هەردوو حزبی دیموكرات

ساڵی 2006 دوای قوڵبوونەوەی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی حزبی دیموكرات، جیابوونەوە لەو حزبە روویدا هەندێك سەرچاوەی حزبی دیموكرات ئاماژەیان بەوەكرد، دوای نزیكەی شەش ساڵ لەناكۆكی ئەو جیابوونەوەیە روویدا.

رۆژی (7/12/2006) عەبدوڵا حەسەن زادە جیابوونەوەی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك)ی بەئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس راگەیاندو لەلێدوانێكدا دەڵێت: هۆكاری جیابوونەوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەماوەی دوو ساڵە ناكۆكیی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوبردن و سەركردایەتیی لەحزبی دیموكراتدا چارەسەر نەكراوەو دواجار بڕیار لەو جیابوونەوەیە درا.

عەبدوڵا حەسەن زادە (16/12/2006) رایگەیاند؛ بڕیاریانداوە وەك ناڕەزایەتیی بەرامبەر باڵی زۆرینەی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەسەركردایەتیی مستەفا هیجری لەو حزبە جیاببنەوەو بەناوی پێشووی حزبەوە كە حزبی دیموكراتی كوردستان و بەبێ پاشگرەی "ئێران" بووە وەك (حدك) بەردەوامبن لەخەبات و تێكۆشانیان.

حەسەن زادە لەوكاتەدا تەئكیدیكردەوە ناكۆكییەكانیان ماوەی زیاتر لەدوو ساڵی خایاندووەو دواجار بەشێوازێكی ئاشتییانە جیابوونەوەیان راگەیاندووە.

لەلایەكی دیكەوە باڵی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند دوای هەوڵێكی زۆرو نێوەندگیریی پارتە كوردستانییەكان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان (حدك) بڕیاری جیابوونەوەی داوە.

دوو ساڵ دوای جیابوونەوەی هەردوو حزبی دیموكراتی حدك و حدكاو لەساڵی 2008 جیابوونەوە لەنێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێری كوردستانی ئێران-یش روویدا.

ئەو دوو لایەنەی كۆمەڵەش نزیكەی دوو ساڵە هەوڵی یەكگرتنەوە دەدەن و تائێستا ژمارەیەك دانوستان و گفتووگۆ لەنێوان سەركردایەتی هەردوولادا بەئامانجی یەكگرتنەوە كراوە.

حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك)  و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) وەك دوو حزبی جیا كەخۆیان بەخاوەنی سەرەكی رێبازی حزبی دیموكرات دەزانی بەدوو سەركردایەتی جیاواز بەردەوامبوون لەكارو چالاكییەكانیان.

لەساڵی 2018 ئەو دوو حزبە لەگەڵ كەمبوونەوەی ناكۆكییەكان و دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانیان، لەگەڵ دوو باڵی كۆمەڵەو سازمانی خەباتی ئیسلامی كوردستانی ئێران لەبەیاننامەیەكدا كارو هەنگاوی هاوبەشیان بەناوی -ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان- راگەیاند.

دواجار رۆژی یەكشەممە (21/8/2022) دوای چەندین مانگ لەكۆبوونەوەو دانوستان هەردوو حزبی دیموكرات بەبڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك یەكگرتنەوەی خۆیان راگەیاند.

لەبەیاننامە هاوبەشەكەیاندا دەڵێن: "لەمەودوا بەناوی (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران) درێژە بەكارو چالاكییەكانیان دەدەن، تاكاتی بەستنی كۆنگرەی  حدكا، 12 كەس سەركردایەتیی ئەو حزبە یەكگرتووەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن.

هاوكات لەبەشێكی تری بەیاننامەكەیاندا باس لەوەكراوە، " ئەگەرچی رۆڵەكانی دیموكرات لەماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵی رابردوودا بەسەر دوو حزبی جیادا دابەش ببوون، بەڵام خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان، هیچ كات ددانی خێریان بەم لێكجیابوونەوەیەدا نەناو بەڕەسمییان نەناسی. لەهەر بۆنەو دەرفەتێك بۆ دەربڕینی داوای یەكگرتن و پەیامی یەكگرتنەوەخوازیی خۆیان سوودیان وەرگرت و سەلماندیان كەحزبی دیموكرات، ئەمانەت و سەرمایەی خەباتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، قبووڵ ناكەن ئەم ئەمانەت و سەرمایەیە، لەمە زیاتر بەدووپارچەیی و لێكدابڕاوی بمێنێتەوە".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار