جەمیل بایك: توركیا هۆكاری ناسەقامگیرییە لە عێراقدا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوسەرۆكی كەجەكە دەڵێت: توركیا هۆكاری ناسەقامگیرییە لە عێراقدا و لە دوای هەڵبژاردنیشەوە دەیویست لەرێگەی بارزانی و حەلبوسیەوە پۆستە باڵاكانی عێراق لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە.
ماڵپەڕی رۆژ نیوز بڵاویكردەوە، جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان- كەجەكە لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تایبەتی ستێرك تیڤی-دا ڕایگەیاند:"لە عێراقدا سەقامگیری بوونی نەبێت، ئەوا هۆكارەكەی توركیایە، چونكە دەیەوێت لەو رێگەیەوە بە مەرامەكانی خۆی بگات".
رونیشیكردەوە: "كاتێك كۆمەڵكوژییەكەی پەرەخێ ڕوویدا، ناڕەزایەتییەكی توند لە نێو خەڵكی عێراقدا دروستبوو، دیاربوو، كە ئەمە بەردەوام دەبێت و كاریگەریشی لەسەر گەلی كورد و لەسەر وڵاتانی عەرەبی و گەلی عەرەب و شوێنەكانی دیكە دەبێت، بە واتایەكی دیكە بزووتنەوەیەكی زۆر بەهێز لە دژی توركیا پەرەی سەند، پێویستە خەڵكی كوردستان سوود لەم بابەتە وەربگرن".
وتیشی: "توركیا و كۆمەڵكوژی پەرەخ لە بەرنامەی كار لابران و بابەتێكی دیكەیان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە بەرنامەی كارەوە، بەڵام كۆمەڵكوژییەكەی پەرەخ پرسێكی وەها نەبوو، كە لە بەرنامەی كار دەربهێنرێت و پێویستە هەمیشە لە بەرنامەی كاردا بمێنێتەوە و ئەمە بە ڕێكەوت ڕووینەداوە و بە ئەنقەست بوو، بەوەش ویستیان خەڵكی باشور و ئەو كەسانە بترسێنن، كە دژی توركیا دەوەستنەوە، بۆ ئەوەی كەسی تر دژی توركیا نەوەستێت".
جەمیل بایك باسی لەوەشكرد: " توركیا ئامانجی بەدەستهێنانی میساقی-میلییە، واتە دەیەوێت موسڵ، كەركوك و هەموو باشووری كوردستان بەدەست بهێنێت و ئەگەر ئەو شوێنانە بكەوێتە دەستی، لە سیاسەتی عێراقدا دەبێتە هێزی باڵادەست، واتە عێراق بە تەواوی لە خزمەت دەوڵەتی توركدا دەبێت".
هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە دەڵێت: توركیا بۆ ئەوەی بە ئامانجەكانی بگات، دەبێت خەڵك ئاوارە بكات، بارزانی و هەندێ كەسی تریش لە عێراق لەگەڵیانن، دوای هەڵبژاردن پلانێك جێبەجێ دەكرا، واتە لەگەڵ بارزانی، سەدر و حەلبوسی حكومەت پێكبهێنرێت، بەو هیوایەی سەرۆك كۆمار و حكومەت ببەنەوە، لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاوی نوێ پێشبخەن و ئەردۆغانیش دەیوت لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنەدا دۆخێكی نوێ لە عێراق دێتەئاراوە، واتە حكومەتی توركیا و بارزانی بە پاڵپشتی ناتۆ پێكبهێنرێت و پەكەكە و هێزە دیموكراتەكانی عێراق لەناو ببەن و دواجار جینۆسایدی كورد تەواو بكەن، بەڵام ئەم پلانە سەری نەگرت، پلانێكی تر كاری پێكرا".
جەمیل بایك رایگەیاند: "بارزانی و سەدر و ئەوانەی لە پشتیانەوەن، ڕێگەیان نەدا بەوانەی دۆستی ئێرانن و لێی نزیكن كە حكومەت پێكبهێنن. ئەمجارە ئەوان پلانەكانیان تێكدا، ئێستا مەترسییەكی وا لە سەر عێراق هەیە، دیار نییە شەڕی ناوخۆ گەشە دەكات یان نا، هەندێك تا ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدان شەڕی ناوخۆ بەرەوپێش نەچێت، واتە بتوانن جارێكی تر هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام بدەنەوە، بەڵام ئەمە زۆر كاریگەری نابێت، چونكە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا بینیمان نزیكەی ٨٠%ی بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە، واتە ئەمە گوزارشت لە ڕاستییەك دەكات."
هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە باسی لەوەشكرد:" لە عێراقدا ئەگەری شەڕی ناوخۆ لە ئارادایە، ئەگەر شەڕی ناوخۆ پەرەبستێنێت، ئەوا پارچەبوون و مەترسی گەورە لە عێراق بەدوای خۆیدا دەهێنێت، توركیا سەقامگیری لە عێراق ناوێت، ئەگەر لە عێراقدا سەقامگیری نەبێت، هۆكاری یەكەم خودی توركیایە، بۆ بەرژەوەندییەكانی بارزانی و هەندێك لە سوننە بەكار دەهێنێت، دەیەوێت عێراق لەناو ململانێكاندا لاواز بێت تا بتوانێت لەو وڵاتە بەئامانجەكانی بگات."
وتیشی: "ئەگەر هەیە توركیا و بارزانی هێرش بۆ سەر شەنگال و مەخموور بكەن، هەروەها لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیاش پەرە بە هێرشێكی نوێ دەدەن، هەموو ئەم ئەگەرانە هەن، پێویستە هەمووان بەپێی ئەم ئەگەرانە ئامادەكاری بكەن، ئەگەر ڕێگری لە شەڕی ناوخۆ كرا، ئەوە مانای ئەوە نییە، كە مەترسییەكە نەماوە و كێشەكان چارەسەر كراون".
جەمیل بایك رونیكردەوە: ئەگەر پەرە بە دیموكراسیەت لە عێراقدا بدرێت، كاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت، ئێمە دەمانەوێت هێزەكانی دیموكراسی لە عێراقدا ڕێگری لە دووبەرەكی بكەن و عێراق بەرەو دیموكراسیبوون بەرن، ئەمەش بە پارادایمەكانی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر دەكرێت، ئەگینا جێبەجێ نابێت، پێویستە هەمووان لەم ڕاستییە تێبگەن ئەو پلانانەی تا ئێستا لە عێراق جێبەجێ دەكرێن، كێشەی ئەو وڵاتە چارەسەر ناكەن و قووڵی دەكەنەوە و دووبەرەكی لێدەكەوێتەوە".