ژینا قوربانیی باڵاپۆشی لەئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەرگی ژینا ئەمینی ئەو كچە كوردەی كە بەسەردان چووە تاران و دوای چوار رۆژ تەرمەكەی رادەستی بنەماڵەكەی كرایەوە زۆرترین كاردانەوەی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانی لێكەوتەوە.
ژینا ئەمینی كە لەناسنامەی ئێرانیدا بە مەهسا ناوی تۆماركراوە لەشاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكببوو تەمەنی 22 ساڵ بوو، ئەو رۆژی سێشەممەی رابردوو (13/9/2022) سەردانی تارانی كردو پۆلیسی ئەو شارەش بەتۆمەتی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكەی دەستگیریان كرد.
برای ژینا بەمیدیاكانی ئێرانی راگەیاندووە كەپۆلیس پەلاماری ئەویشیان داوەو هێرشیان كردووەتەسەر، دوایی بەزۆر ژینایان بۆ بنكەی پۆلیسی ئەخلاق لەتاران گواستووەتەوە.
دایكی ژینا دەڵێت: كچەكەی باڵاپۆش بووەو میكیاجیشی نەكردبوو، بەڵام پۆلیس دەستگیریان كرد، ژینا ئەمینی تەنها چەند خولەكێك دوای دەستگیركردنی و گواستنەوەی بۆ بنكەی پۆلیس، داوا دەكات ئازاد بكرێت چونكە جلەكانی هیچ كێشەیەكی نییە.
وەك لەتۆماری كامێراكانی پۆلیسی تاران بڵاوكراوەتە، ژینا ئەمینی دوای گفتوگۆیەكی كورت دەكەوێتە سەر زەوی و دەبوورێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو پشكنینی تیشكەی كەبۆی كراوە ژینا لەسەری دراوەو زەبر بەر سەری كەوتووە.
باوكی ژینا بەڕۆژنامەی (شەرق)ی ئێرانی راگەیاندووە كەپۆلیس رێگەی نەداوە لەنەخۆشخانە چاوی بەكچەكەی بكەوێت و ئەوەش گومانەكانی لەسەر مەرگی ئەو كچە زیاد كردووە.
بەوتەی پۆلیس، ژینا ئەمینی جەڵتەی دڵ لێی داوەو دوای رەوانەكردنی بۆ بنكەی پۆلیس زیاتر لەدوو جار بوژانەوەی دڵی بۆ كراوە، دواجار ئەو دوای چوار رۆژ مانەوەی بە بێهۆشی لەنەخۆشخانەی كەسرا لەشاری تاران گیانی لەدەستدا.
مەرگی ئەو بەئاستێك كاریگەریی دەروونیی لەسەر خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دانابوو كە لەماوەی ئەو چوار رۆژە بێهۆشبوونە وێنەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو لەمیدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرایەوە.
پێش مەرگی ژینا، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆمارو باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی دەزگای داد داوای لێكۆڵینەوەی وردیان لەڕووداوەكە كرد، وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەش بەڵێنیدا بۆ دۆزینەوەی تاوانبارو هۆكارەكانی مەرگی ژینا ئەمینی.
مەرگی ژینا كاریگەریی زۆری لەسەر رای گشتی هەبووەو پۆلیسی بەشی ئەخلاقی ئێرانیش تۆمەتبار دەكرێت بەبەكارهێنانی توندوتیژیی، رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، سەبارەت بەمەرگی ژینا رایگەیاند؛ بەكارهێنانی ئەو ئاستە لەتوندوتیژییە ناپێویستەی پۆلیسی ئێران مایەی نیگەرانییەو هەر ئەوەش هۆكاری مەرگی ژینا بووە.
جەیك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریكاش رایگەیاند نابێت چاوپۆشیی لەمەرگی ژینا بكرێت.
ژینا دەبێتە هێما
رۆژی شەممە (19/9/2022) تەرمی ژینا رەوانەی سەقز لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كرایەوە بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر لەشارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتەوە بەخاكسپێردراو بنەماڵەكەشی رایانگەیاند لەخوێنی رۆڵەكەیان خۆش نابن.
سەرەڕای رێگرییەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ئێران ژمارەیەكی بەرچاو لەخەڵكی شاری سەقزو شارەكانی دیكە بەكاروانی هەزاران ئۆتۆمبێل پێشوازیان لەتەرمی ژینا ئەمینی لەسەقز كرد.
مەرگی ژینا ئەمینی لەتاران و چەند شارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان ناڕەزایەتیی لێكەوتەوە باوكیشی بەمیدیاكانی ئێرانی راگەیاند: كچەكەیان قوربانیی توندتیژی پۆلیسەو لەهۆكارەكانی مەرگی كچەكەیان خۆش نابن و تەنها رۆژێك دوای بەخاكسپاردنی ژینا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران پەیوەندیی كرد بەبنەماڵەی ئەمینیی و رایگەیاند مەرگی ژینا كاریگەریی زۆری لەسەر داناوەو بەڵێنیشی داوە هۆكارەكانی مەرگی ئاشكرا بكات.
بەگشتی تا رۆژی سێشەممە 20ی ئەیلول بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژیی پۆلیسی ئێران دژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بۆ مەرگی ژینا چوار كەس گیانیان لەدەستداو 80 كەسیش برینداربوون و نزیكەی 250 كەسیش دەستگیركراون.
یاسای باڵاپۆشی
بۆ یەكەمجار لە (9/8/1983) یاسای باڵاپۆشی بەناوی یاسای سزای ئیسلامی بەمەبەستی جێبەجێكردنی باڵاپۆشی و بەكارهێنانی سەرپۆش لەشوێنە گشتییەكانی ئێراندا پەسندكراوە.
دوای ئەوەی ساڵی 2019 سعودیە یاسای سەرپۆشی زۆرەملێی لەوڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە ئێران و داعش و بۆكۆحرام و تاڵیبان یاسای باڵاپۆشییان سەپاندووە لە جیهاندا.
روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی لەساڵی 1979 و دوای رووخانی سیستمی پاشایەتیی لەئێران وتارێكی سەبارەت بەباڵاپۆشیی پێشكەشكردو جەختی لەبەكارهێنانی سەرپۆش و چارشێو لەوڵاتەكەی كردەوە.
ئەگەرچی تاساڵی 1983 هیچ یاسایەكی تایبەت تەنها بۆ باڵاپۆشبوونی ژنان و جلوبەرگ بەگشتی لەئێران بوونی نەبووە، بەڵام تائەو سەردەمە تەنها كار بەیاسای سزادانی ئیسلامی كراوە.
پێشتر بەپێی ماددەی (102) یاسای پشتوانیی ئیسلامی مامەڵە لەگەڵ خراپیی هەڵسوكەوت و باڵاپۆشیی لەئێران كراوەو دواتر ژمارەی یاساكە بۆ (141)ی یاسای سزادانی ئیسلامی گۆڕا.
بەپێی ئەو یاسایە هەر كەسێك لەئێران بەئەنقەست لەشوێنە گشتییەكاندا هەڵسوكەوتێكی پێچەوانەی ئاینی ئیسلام بنوێنێت بۆ ماوەی 10 رۆژ تا دوو مانگ سزای زیندانیی بەسەردا دەسەپێنرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و بەپێی ئەو یاسایە ئەگەر ژن یان كچێك بەبێ سەرپۆش باڵاپۆش لەشوێنە گشتییەكانی ناو ئێران دەركەوێت، دەستگیردەكرێت و 72 قامچیی لێدەدرێت و بۆی هەیە 10 رۆژ تا دوو مانگ سزای زیندانیی بەسەردا بسەپێنرێت، هەرچەندە لەهەندێك حاڵەتیشدا تەنها بە رێنمایی و هۆشداریی و ئاگاداركردنەوە ئەو ژن و كچانەی كەكێشەی باڵاپۆشییان هەبێت لەسزادان دەربازیان دەبێت.
بەپشتبەستن بەهەمان یاسای سزادانی ئیسلامی هیچ كارمەندێكی ژن یان كچ بۆی نییە لەدامەزراوەكانی ئێران بەبێ باڵاپۆش و تەنانەت لە هەندێك حاڵەتیشدا بەبێ چارشێو دەركەوێت و هیچ ژنێكیش بۆی نییە بەبێ سەرپۆش و باڵاپۆش سەردانی دامەزراوەكانی حكومەت لەو وڵاتەدا بكات.
ناڕەزایی دژی سەرپۆش
لەڕاپرسییەكی ساڵی 2020 كە لەلایەن ناوەندی گەمان بۆ تووێژینەوە لە رایگشتی ئێران ئەنجامدراوە (72٪)ی دانیشتوانی ئێران بەژن و پیاوەوە دژی یاسای باڵاپۆشیی زۆرەملێ بوون.
لەساڵی 1979 دوای ئەوەی بەرپرسان و دامەزرێنەرانی ئەوكاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوان و وتارەكانیاندا جەختیان لەباڵاپۆشیی و بەكارهێنانی سەرپۆش بۆ ژنان و كچانی وڵاتەكە كردەوە بۆ یەكەمجار لەو ساڵەدا خۆپیشاندانێكی سەرتاسەریی لەدژی بالاپۆشیی بەزۆرەملێ ئەنجام درا.
تائێستا دەیان گردبوونەوەو ناڕەزایەتیی لەدژی یاسای باڵاپۆشیی بەزۆر لەئێران بەڕێوەچووەو تێیدا ژمارەیەكی بەرچاو لەژنان و كچان دەستگیركراون و تەنانەت لەساڵی 2016 سێ ژنە چالاكوان كەدژی سەرپۆش چالاكییان ئەنجام دابوو بە 55 ساڵ زیندانیی سزا دران.
پۆلیسی ئەخلاق
ئەركی جێبەجێكردنی ماددەی 141 یاسای سزادانی ئیسلامی بۆ باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسێكی تایبەت لەئێران جێبەجێ دەكرێت كە بەپۆلیسی ئەخلاق ناو دەهێنرێت و ئەو هێزەش كەپێكهاتوون لەپۆلیسی ژن و پیاو لە رێگەی گەڕان لەشوێنە گشتییەكان ئەو كچ و كوڕانە دەستگیردەكەن كە بەپێی یاساكە جلوبەرگ و هەڵسوكەوتەكانیان پێچەوانەی یاساو رێساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت.
سەرپۆش فڕێدان بۆ ژینا
سەرچاوەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویانكردووەتەوە تائێوارەی رۆژی دووشەممە (19/9/2022) بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكان لەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی شارەكانی سەقزو سنە زیاتر لە 50 كەس برینداربوون و ژمارەیەكیش بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شارەكانی ئێران كراون.
كاردانەوەكان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی بەرفراوانتر بوو جگە لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان هونەرمەندانی كوردو فارس و تورك لەئێران و توركیا چالاكیی تایبەت بۆ مەرگی ئەو كچە كوردە ئەنجامدەدەن، لەو چوارچێوەیەدا كەتایون ریاحی؛ ئەكتەری فیلمی یوزارسیف كە رۆڵی زوڵەیخای دەگێڕا بە بەشداریی لەبەرنامەیەكی راستەوخۆی تەلەفیزیۆنی لەشاری تارانەوە رایگەیاند وەك ناڕەزایەتییەك بۆ مەرگی ژیناو ئەو باڵاپۆشییە زۆرەملێیەی كەهەیە چیتر سەرپۆش ناكات و ئەو باڵاپۆشیی بەناچارییە، هاوشێوەی درۆیە، بۆیە چیتر سەرپۆش بەكارناهێنێت.
لەلایەكی دیكەوە هونەرمەندو گورانیبێژی بەناوبانگی فارس، گوگوش پێش دەستپێكردنی كۆنسێرتەكەی لەشاری فرانكفۆرد لەئەڵمانیا، رایگەیاند؛ مەرگی ژینا كاریگەریی زۆری لەسەر ئەو هەبووە بەڵام ناچارە كۆنسێرتەكەی پێشكەش بكات، بۆیە ئەو كۆنسێرتە پێشكەش بەژیناو بنەماڵەكەی دەكات.
جگە لەمانە بەشێك لەچالاكوانانی ژنان لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەبڕینی پرچیان هاوخەمی و ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.