سێ حزبه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵات ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه باره‌گاكانیان چۆڵ بكه‌ن
سێ حزبی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه باره‌گاكانیان چۆڵ بكه‌ن تا حكومه‌تی هه‌رێم به‌فه‌رمی داوایان لێنه‌كات.
2 ساڵ لەمەوپێش
به‌رپرسێكی كۆمه‌ڵه بۆ هاوڵاتی: هێزه خۆجێییه‌كان چه‌ند جارێك ئاگاداریان كردووینه‌ته‌وه سنووره‌كه چۆڵ بكه‌ین.
هاوڵاتی
به‌رپرسێكی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی ئێران ده‌ڵێت، تا حكومه‌تی هه‌رێم به‌فه‌رمی داوایان لێنه‌كات ئاماده‌نین ناوچه‌كانیان چۆڵبكه‌ن، به‌رپرسێكی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانیش ده‌ڵێت، ئاسایشی چۆمان ئاگاداری كردووینه‌ته‌وه ناوچه‌كه چۆڵ بكه‌ین، به‌ڵام چۆڵی ناكه‌ین.
له‌كاتێكدا 11 رۆژه ناڕه‌زایه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران دژ به كوشتنی ژینا ئه‌مینی كچه كوردی رۆژهه‌ڵات درێژه‌ی هه‌یه، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ژێر فشاری ئێران‌دا سێ هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی چۆڵبكه‌ن.
سێ هێزه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ( كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران) رۆژی سێ شه‌ممه 27-9-2022 كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامداوه و بڕیاریانداوه مل بۆ ئه‌و فشارانه نه‌ده‌ن كه پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چۆڵكردنی ناوچه‌كانیان لێیان ده‌كات، كه پارتیش له‌ژێر فشاری ئێران‌دا داوای چۆڵكردنی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی لێكردوون.
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان كه نه‌یویست ناوی بهێنرێت به‌هاوڵاتی وت:" دوای ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له رێگه‌ی ئاسایشی چۆمانه‌وه ئاگاداری كردینه‌وه كه ده‌بێت به‌په‌له‌و ئه‌مشه‌و باره‌گاكانمان له باڵه‌كایه‌تی و سیده‌كان و برادۆست بكشێینه‌وه و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ زڕگوێزو كۆیه، رۆژی سێ شه‌ممه 27-9-2022 كۆبوونه‌وه‌ی هه‌رسێ حزبه‌كه به‌ڕێوه‌چوو بڕیاردرا كه نه‌كشێینه‌وه".
وتیشی: "ئێران هێزێكی زۆری هێناوه‌ته سنوره‌كه‌و به‌رده‌وام تۆپباران ده‌كات و ئه‌گه‌ر پارتیش گه‌مارۆمان بدات زۆر سه‌خت ده‌بێت بۆمان و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شیان لێكردووین بازگه‌كانمان به‌سه‌ردا دابخه‌ن".
هاوكات كاكۆ عه‌لیار، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێر به‌هاوڵاتی وت:" تاوه‌كو ئێستا هیچ داوای فه‌رمی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نه‌هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی سه‌ر سنوور چۆڵبكه‌ین، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌خۆجێییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سیده‌كان و باڵه‌كایه‌تی به حیزبه‌كانیان وتووه، له سنوور دووربكه‌ونه‌وه".
كاكۆ عه‌لیار وتیشی:"ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆبوونه‌ته‌وه و هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكه‌ن".
فشاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌كاتێكدایه، ئێران چه‌ند ساڵێكه فشار له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كات، ئه‌و هێزه كوردیانه هه‌رێمی كوردستان جێبهێڵن و باره‌گاكانیان چۆڵبكه‌ن چه‌ند جارێكیش مووشه‌كبارانی كردوون و ناوبه‌ناویش تۆپبارانیان ده‌كات.