پژاک : دوژمنانی گه‌له‌که‌مان به‌هێرشه‌کانیان ده‌یانه‌وێت ڕای گشتی لە شۆڕشی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەلاڕێدا ببەن

2 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ئیدانه‌ی هێرشه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌کات بۆ سه‌ر بنکه‌و باره‌گاکانی حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ڕایده‌گه‌یه‌نێـ دوژمنانی گه‌له‌که‌مان به‌هێرشه‌کانیان ده‌یانه‌وێت ڕای گشتی لە شۆڕشی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەلاڕێدا ببەن

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا پژاک ده‌ڵێت: "هێرشی  دوو ڕۆژی ڕابردووی ڕژیمی تورکیا بۆسەر بارەگاکانی گەریلاکانمان لە ئاسۆس و هێرشەکانی ئەمڕۆی ڕژیمی ئێران بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە دوژمنانی گەلەکەمان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ڕای گشتی لە شۆڕشی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەلاڕێدا ببەن. ڕژیمی ئێران دەیەوێت بەم هێرشانە ڕێگە بۆ سەرکوت و کۆمەڵکوژیی گەلانی ڕاپەڕیو خۆش بکات."

پژاک لە بەشێکی تری ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌یدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕژیمە فاشیست و داگیرکەرەکانی کوردستان هەمیشە لە یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کورد و یەکڕیزیی گەلان ترساون، ڕایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەیە داگیرکەران بەردەوام هێرش دەکەنە سەر گەلەکەمان. حزب و ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی بە ئامانج دەگرن و هەر چوار بەشی کوردستانیان کردووەتە گۆڕەپانی جەنگ."

پژاک بە دیاریکراوی دەستنیشانی کردووە کە ڕژیمی ئێران بەم هێرشانەی دەیەوێ بە شەڕ و توندوتیژی وڵامی فەلسەفەی ڕزگاریدەری "ژن، ژیان، ئازادی" بداتەوە. 
هاوکات تەئکیدیشی کردۆتەوە کە ئەو هێرشانەی بێ ئەنجام دەبێت و ڕایگەیاندووە: ئێستا گەلی کورد لە هەموو کات بەهێزتر و دوژمن لە هەموو کاتێک لاوازترە."

پژاک وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە شەهیدان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو هێرشانە ڕایگەیاندووە: "هێرش و پەلاماری لەمچەشنە ورەی شۆڕشگێڕیی گەلەکەمان لاواز ناکات، بەڵکوو لەسەر درێژەدان بە تێکۆشان و سەرهەڵدانەکان تا سەرکەوتنی یەکجارەکی مکوڕتری دەکات."

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە تاکە دۆستی گەلی کورد چیا سەرکەشەکانی کوردستانە، ڕایگەیاندووە: "سەرکەتنمان لە یەکگرتنماندایە. لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی یەکێتیی نەتەوەیی-دیموکراتیک ئاراستەی گەلەکەمان دەکەین."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار