تورکیا بە بەهای حەوت ملیار و ٥٠٧ ملیۆن دۆلار کاڵاو شتومه‌کی بۆ عێراق ڕه‌وانه‌کردووه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو لە سەدا ٢٤،٨ زیادی کردووە و بەرزترین رێژەی هەناردەکردنیش بە بەهای حەوت ملیار و ٥٠٧ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا کۆی کردوونەتەوە لە کانوونی دووەم تاکوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ هەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیا بۆ هەریەک لە بەحرێن، ئیمارات، فەڵەستین، عێراق، ئێران، ئیسرائیل، قەتەر، کوێت، کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، لوبنان، سووریا، سعوودیە، عومان و یەمەن گەیشتووەتە ٢٤ ملیار و ٦٧٢ ملیۆن دۆلار.

لە کاتێکدا بەهای هەناردەکردن لە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو ١٩ ملیار و ٧٦٨ ملیۆن دۆلار بووە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو، ئەمساڵ رێژەکە لە سەدا ٢٤،٨ زیادی کردووە.

بەرزترین رێژەی هەناردەکردنیش لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای حەوت ملیار و ٥٠٧ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق بووە. هەروەها بە بەهای پێنج ملیار و ١١١ ملیۆن دۆلار ئیسرائیل، بە بەهای دوو ملیار و ٥٣٩ ملیۆن دۆلار ئیمارات کاڵا و شتومەکیان لە تورکیاوە هاوردە کردووە و بەم جۆرە لە ریزی دووەم و سێیەمدا دێن.

لەو قۆناغەدا ئێران بە بەهای یەک ملیار و ٧٦٥ ملیۆن، لوبنان بە بەهای یەک ملیار و ٧٢٦ ملیۆن و قەتەریش بە بەهای یەک ملیار و ٨٩ ملیۆن دۆلار کاڵا و شتومەکیان لە تورکیاوە هاوردە کردووە.

لە قۆناغی هەناردەکردن بۆ کانوونی دووەم تاکوو مانگی ئەیلوول، بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو هەناردەکردن بۆ ١٣ وڵات زیادی کردووە و لەگەڵ دوو وڵاتیشدا کە یەمەن و عومانن کەمی کردووە.

بەرزترین رێژەی هەناردەکردن لەلایەن سعوودیەوە بووە کە گەیشتووەتە لە سەدا ١٨٠.

زۆرترین رێژەی هەناردەکردن بە بەهای سێ ملیار و ٩٤١ ملیۆن دۆلار لە کەرتی مادە کیمیاییەکاندا بووە بۆ ئەو وڵاتانە. هەروەها بە بەهای سێ ملیار و ٢٩٥ ملیۆن دۆلاریش "پاقلەمەنی، دانەوێڵە و تۆوە چەورەکان و بەرهەمەکانیان" و بە بەهای دوو ملیار و ٨٠٥ ملیۆن دۆلاریش ستیل هەناردەی وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار