نوێترین زانیاری لهبارهی ههوڵهکانی محهممهد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومهتی نوێی عێراق
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەوى رابردوو، سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە ماڵى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى ناکۆکییەکانى نێو ئەو هاوپەیمانێتییە لەبارەى پێکهێنانى حکومەت. لە کۆبوونەوەکەشدا محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو بەشداربوو.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو داواى هەفتەیەک دەرفەتى لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کردووە بەر لە دیاریکردنى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ وردبینیکردنى دۆسێى بەربژێرەکان. بەگوێرەی زانیارییەکانیش یەکلاکردنەوەى سێ وەزارەت دوادەخرێت.
حەسەن بەهادلی، بەڕێوەبەرى تواناکان لە هاوپەیمانیى نەسر لهلێدوانێکی ڕۆژنامهنوسیدا رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانى داوای کرد ماوەى هەفتەیەک دەرفەتی پێبدەن بۆ وردبینیکردنى دۆسیەی بەربژێرى وەزارەتەکانى کابینەکەی بەر لە دیاریکردنى وادەى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بەربژێری پۆستە وەزارییەکان.
حەسەن بەهادلی گوتیشى: "ئەو دەرفەتە بۆ ئەوەیە ناوى بەربژێرەکان ئاراستەى دەستەکانى لێپرسینەوە و دادوەرى، دەستپاکى بۆ وردبینیکردنى دۆسیەکانیان بکرێت."
دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لەو کەسانەى پێشتر لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس رۆڵ و بەرپرسیارێتییان هەبووە بۆ ئەوەى دڵنیاببنەوە کە بەربژێرەکان یاسای ئەو دەستەیە نایانگرێتەوە کە رێگریکردنە لەوەى پۆستى باڵا لە عێراق وەربگرن.
ناردنى ناوى بەربژێرەکان بۆ دەستەى دەستپاکى بۆ ئەوەیە وردبینى دۆسیەکانیان بکەن لەبارەى بوونى گومان و دۆسییەى گەندەڵى لەسەر ئەو بەربژێرانە.