یونیسێف: ملیۆنێک و 100 هەزار منداڵ لە عێراق پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یونیسێف رایدەگەیێنێت دەرهاویشتەکانی شەڕی داعش لە ساڵەکانی 2014-2017 وایکردووە تاوەکو ئێستاش 2.5 ملیۆن کەس لە عێراق پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەبێت کە 1.1 ملیۆن لەوانەش منداڵن.
سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە دوایین راپۆرتیدا لەبارەی رەوشی مرۆیی عێراق دەڵێت، بۆ ساڵی 2022 ئەوان پێویستییان بە 52.2 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی یارمەتی پێشکەشی ئەو منداڵ و خێزانانە بکەن کە لە دۆخێکی ناهەمواری مرۆییدا دەژین.
یونیسێف دەشڵێت، لەو بڕە کۆمەکەی بۆ ئەمساڵ داوایانکردووە، تاوەکو ئێستا تەنیا 22٪ی دابینکراوە و 78٪ی دابیننەکراوە. ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، وایکردووە بۆشایی لە دابینکردنی ئاو، پاککەرەوەکان، پەروەردە و تەندروستیدا دروستبێت.
رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، شەڕ و پێکدادان، ناسەقامگیریی سیاسی و کۆرۆنا هۆکارن بۆ خراپتربوونی رەوشی مرۆیی لە عێراق.
هاوکات دەشڵێت، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی ئەو کۆمەکانەی بۆ ئەوان دابینکراوە 21٪ کەمیکردووە. باس لەوەش دەکات کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تەنیا 5.96 ملیۆن دۆلاریان بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی عێراق پێگەیشتووە. دەشڵێت بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی پێشکەشی ئەو منداڵانە بکەن کە لە دۆخێکی سەختی مرۆییدا دەژین، پێویستییان بە 40.71 ملیۆن دۆلار هەیە.