په‌روه‌رده‌ی عێراق له‌ بڕیاره‌كه‌ی دژ وانه‌ی كوردی پاشگه‌زبوه‌وه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



وه‌زاره‌تی په‌رورده‌ی عێراق له‌ بڕیارێكی پێشووی خۆی سه‌باره‌ت به‌ زمانی كوردی پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌ و بڕیارده‌دات هه‌ر قوتابییه‌ك له‌ زمانی كوردی بكه‌وێت به‌ ده‌رنه‌چوو هه‌ژمار بكرێت.
 
به‌پێی نوسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی راستكردنه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق، كه‌ به‌ ژماره‌ (19ع/ع/24711) له‌ رۆژی 24-10-2022 ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی په‌روه‌رده‌كانی له‌ پارێزگاكان كردووه‌ بڕیاردراوه‌ به‌ هه‌ژماركردنی وانه‌ی زمانی كوردی له‌ قوتابخانه‌كان و به‌ ده‌رنه‌چوو ئه‌و قوتابییانه‌ی له‌و بابه‌ته‌ ده‌رناچن، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردیش له‌ كه‌ركووك ده‌ڵێت: "دوای گوشاری په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسان بڕیاره‌كه‌ی پێشوو راستكرایه‌وه‌."
 
شێرزاد ره‌شید كاكه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك، سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ رایگه‌یاندوه‌: "سه‌ره‌تا كه‌ بڕیاریان دا ئه‌و قوتابییانه‌ی له‌ بابه‌تی زمانی كوردی ده‌كه‌ون، به‌ ده‌رچوو هه‌ژمار بكرێن بڕیارێكی خراپ بوو و بۆ شكاندنی شكۆی زمانی كوردی بوو كه‌ زمانی دووه‌م گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی عێراقه‌، ئێمه‌ پێمانباش نه‌بوو، بۆیه‌ دوای گوشاری په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسان دیاره‌ ئێستا بڕیاردراوه‌ دیسانه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ وه‌كو بابه‌تێكی سه‌ره‌كی بابه‌تی زمانی كوردی له‌ قوتابخانه‌كان بخوێندرێت و هه‌ر قوتابییه‌ك له‌ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌وێت، به‌ ده‌رنه‌چوو هه‌ژمار بكرێت، ئێمه‌ پێشوازی له‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌ین و پێمانباشه‌."
 
له‌ دوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ بابه‌تی زمانی كوردی له‌ پۆله‌كانی چواره‌م و پێنجه‌می ئاماده‌یی به‌ هه‌ردوو به‌شی وێژه‌یی و زانستی له‌ قوتابخانه‌كانی عێراق ده‌خوێندرێت، به‌ڵام زوو زوو كێشه‌ی بۆ دروستده‌كرێت و كه‌مده‌كرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا خوێندنی زمانی عه‌ره‌بی له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ وانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی قوتابخانه‌كان له‌ پۆلی چواری بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌ تاوه‌كو 12ـی ئاماده‌یی.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار