ئەڵمانیا: سزای زیاتر بەسەر دەسەڵاتی ئێراندا دەسەپێنین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا ئیدانەی هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکات بەرامبەر خۆپیشاندەران و رایدەگەیەنێت: سزای زیاتر چاوەڕوانی دەسەڵاتدارانی تاران دەکات.
ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردەوە؛ وڵاتەکەی و ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی تاوتوێکردنی سەپاندنی سزای نوێن بەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران.
شۆڵز هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بە نەگونجاو و توندوتیژانە ناوهێناوە ئیدانەی ئەو توندوتیژیانەی کردوە کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران لە وڵاتەکە بەکاردەهێنرێت.
ئەوە لە کاتێکدا نیوەڕۆی رۆژی دوشەممە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لە ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا کردبو کە لەژێر کاریگەریی ئەمریکا هەوڵی سزادانی تاران نەدەن.
کەنعانی وتیشی؛ سزادانی سوپای پاسداران کە دامەزراوەیەکی فەرمیی ئێرانە لە لایەن ئەوروپاوە نایاساییە. 
پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و وتەبێژی حکومەتی ئەو وڵاتە رایانگەیاندبو؛ بەرلین لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە سوپای پاسدارانی ئێران بخەنە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار