ئەمەریکا: لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر و سعودییە درێخی ناکەین لە بەرگریکردن لە هاوبەشەکانمان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە گوایە حکومەتی سعودیە زانیاریی هەواڵگریی داوەتە ئەمریکا و هۆشداریی داوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە بۆسەر ژمارەیەک ئامانج لەنێو سعودیە و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسانی بەرگری و سەربازی ئەمریکا زانیارییە هەواڵگرییەکانی بەرپرسانی سعودیەیان پشتڕاست نەکردەوە بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر هێڵن بۆ چاودێرییکردنی دۆخەکە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، درێخی ناکەن لە بەرگریکردن لە بەرژوەندییەکانیان و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە.
رۆژی سێشەممە 1-11-2022، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و سعودیی بڵاویکردەوە، هەواڵگری سعودیە زانیارییان بە بەرپرسانی ئەمریکی داوە، بەوەی ئێران رەنگە بەمنزیکانە هێرش بکاتە سەر هەولێر و سعودیە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پەردەپۆشکردنی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی ئێران.
لە وەڵامدا نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "نیگەرانین لە وێنەی هەڕەشەکان" و ئەوەشی گوت کە "بەردەوام لە رێگەی کەناڵە سەربازی، دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکانمان لەگەڵ سعودیە" لەسەر هێڵن تاوەکو بتوانن بەرپەرچی هەر هێرشێکی لەمجۆرە بدەنەوە.
ئەوەشی ڕونکردەوە "هیچ دوودڵیش ناکەین لە کردارنواندن بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە. ئەگەر ئێمە زانیاریی وردمان هەبێت، متمانەپێکراوبێت، بەڕاستی هەڕەشە بۆسەر هاووڵاتییانی ئەمریکی درووستبکات، بەدڵنیاییەوە ئێمە لەژێر ئەو سیاسەتەوە شوێن هەموو پابەندیێکمان دەکەوین".
هەر ئەمڕۆش لە راگەیێندراوێکدا ، گوتەبێژی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بەردەوام لەسەر هێڵن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە.
لەوبارەیەوە، جۆ بوچیانۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا گوتی، "ئێمە بەردەوام چاودێریی ئاستی مەترسییەکان لە ناوچەکە دەکەین و بەردەوامیش لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە لە پەیوەندیداین کە ئەوەش سوپای سعودیەش دەگرێتەوە."
گوتەبێژی پێنتاگۆن بە رۆژنامەوانانیشی گوتووە، "ئێمە لەوەوپێش گوتوومانە و دووپاتیشی دەکەینەوە، مافی خۆمانە هێزەکانمان بپارێزین و بەرگرییان لێ بکەین، جا هێزەکانمان لە هەرکوێ خزمەت بکەن لە عێراق بن، یان هەر شوێنێکی دیکە."
ئەمەشلەکاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق رایگەیاند، بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی بەردەوام بێت لە میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعودیە، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان ریاز و تاران.