دوو پۆستە وەزارییە بەتاڵەکەی حکوومەتی عێراق بە وەکالەت پڕ کرانەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەردوو پۆستە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق کە بە بەتاڵی مابوونەوە بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی ،بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە وەکالەت پڕکرانەوە
ڕۆژی سێشەممە لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، پۆستی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و وەزارەتی ژینگە بە وەکالەت پڕ کرانەوە.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بکرێت بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان بە وەکالەت و پۆستی وەزارەتی ژینگە بە وەکالەت سپێڕدراوە بە وەزیری تەندروستیی، ساڵح مەهدی موتەڵیب.
ئەمەشلەکاتێکدایە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لە ٢٣ وەزارەت پێکهاتووە، ١٢ بۆ پێکهاتەی شیعە، شەش بۆ پێکهاتەی سوننە، چوار بۆ کورد و وەزارەتێکیش بۆ پێکهاتەکان بوو کە درا بە پێکهاتەی کلدان.