مەندەلاوی بۆ باڵوێزی تورکیا: بەردەوامبوونی دەستدرێژییەكانی توركیا و بڕینی ئاو دەبێتە هۆی تێكدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات
2 ساڵ لەمەوپێش
. هاوڵاتی
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ باڵوێزی تورکیا گفتوگۆیان لەسەر ئاسانکاری پێدانی فیزاو دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ فایلی ئاو کرد.
ئەمرۆ چوارشەممە موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ باڵوێزی تورکیا لەعێراق عەلی ڕەزا گۆنای و وەفدی یاوەری گفتوگۆیان لەبارە ڕێگاكانی پەرەپێدانی هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات كردو.جەختیان لەسەر پێویستی پێكهێنانی لیژنەی تەكنیكی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات بەهاوكاریی وەزارەتەكانی ناوخۆ و دەرەوەو لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ چارەسەركردنی فایلە گرنگەكان وەک ئاسانکردنی پێدانی فیزا کرد.
هەروەها مەندەلاوی ڕونیکردەوە بەردەوامی دەستدرێژییەكانی توركیا و بڕینی ئاو دەبێتە هۆی تێكدانی پەیوەندییە مێژووییەكان و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان.
لە کۆبونەوەکەدا مەندەلاوی داوایكرد كە جارێكی تر چارەسەری خێرای فایلی ئاو بكرێت بۆ ئەوەی مافی تەواوی ئاوی عێراق لە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات مسۆگەر بكات. ئاماژەی بەوەشكرد: بەردەوامبوونی دەستدرێژییەكانی توركیا و بڕینی ئاو دەبێتە هۆی تێكدانی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو گەلی دۆست و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات.
جەختیشیكردەوە: ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوێستی جیاوازی دەبێت لەوەی ئەگەر هێرشەكانی پێشوو دووبارە بكرێنەوە كە ژمارەیەك لەهاوڵاتیانی عێراقی كردە قوربانی.