چلەی کوژراوان عەرشی دەسەڵاتی ئێران دەهەژێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی پێنجشەممە لە 48ـەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکان چلەی نۆ کوژراوی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران، خۆپیشاندانی بەرفراوانی لێکەوتەوە و ناڕەزایەتییەکانیش زۆربەی جوگرافیای ئەو وڵاتەی گرتەوە.

لە ناڕەزایەتییەکانی 12 کاتژمێری رابردودا دو خۆپیشاندەر بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کەرەج کوژرا و لە شاری زاهیدان پێشونوێژێک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.

خۆپیشاندەرانی زۆربەی شارەکان بە هەموشێوەیەک بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە دەردەکەوێت توڕەی خەڵک بەراورد بە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان زۆر زیاتر بوە.

لە دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤدا ئاماژە بەوە کراوە بە گشتی تا ئێستا و لە 48 شەو و رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 298 کەس کوژراون.

دادگای پارێزگای سنەش بانگەشەی ئەوەی کردوە کە (80%)ی دەستگیرکراوانی ئەو بەشە لە کوردستان بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە بەڵام هیچ ناوەندێکی مەدەنی و رێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئەو بانگەشەیەی پشتڕاست نەکردوەتەوە.

ئەمڕۆ چلەی مەرگی شەش کوڕ و کچ بو کە لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستدابو جەماوەرێکی زۆر لە کەرەج و ئەسفەهان و ئەراک و شارەکانی مازەندەران و چەند شارێکی دیکەی بەشدارییان لە چلەی مەرگی ئەو کوژراوانەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا کرد و لە کرماشانیش چلەی سێ کوژراوی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەچو.

جەماوەرێکی هەزارن کەسی رۆژی پێنجشەممە بەرەو گۆڕستانی سەکینە لە شاری کەرەج رۆیشتن بۆ ئامادەبون لەسەر گۆڕی حەدیس نەجەفی ئەو کچەی لە خۆپیشاندانەکانی (21/10/2022) کە پێنج رۆژ دوای مەرگی ژینا ئەمینی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کەرەج کوژرا بەڵام رێگرییەکانی هێزە ئەمنییەکان گرژیی لێکەوتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە بەشی فریاگوزاریی کەرەج بڵاوی کردوەتەوە لەو گرژیانەدا لانیکەم دو کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربون.

بە پێی زانیارییەکانی میدیای سەر بە دەسەڵاتی ئێران لەو گرژیانەدا چەکدارێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و دە چەکداریش برینداربون کە دۆخی دوانیان ناجێگیرە.

لە شاری ئەراک بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر رێوڕەسمی چلەی مێهرشاد شەهیدی نەژاد بەڕێوەچو و دواتر لەو شارە خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوچو.

لە شاری فولادشەهر لە پارێزگای ئەسفەهان هەزاران کەس بەشدارییان لە چلەی مەرگی مەهسا مەوگویی کرد کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان کوژرابو.

مەهسا پاڵەوانی پشتوێنی رەشی یاری تایکواندوبو کە خاوەنی زیاتر لە 100 مەدالیا بوە و کاتی کوژرانیشی تەمەنی 19 ساڵ بوە.

هەر ئەمڕۆ لە شاری شەهاباد سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ چلەی مەرگی (سەعید محەمەد، ئیمان محەمەدی، ئەمیرعەلی فولادی) لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوچو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە زیاتر لە کەسی بەشداربوی رێوڕەسمەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.

لە ئامۆل و ئەنزەلی و رەشت سەر بە پارێزگای مازندەران هەزاران کەس بەشداریی چلەی مەرگی سێ کوژراوی ناڕەزایەتییەکاندا کرد.

چلەی مەرگی (غەزالە چەلابی) لە ئامول و چلەی ئەمیرمحەمەد نەورۆزی لە ئەنزەلی و بەهنام لایەقپور لە رەشت بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکانیش هەوڵیاندا بە تەقەکردن کۆتایی بە رێوڕەسمەکان بێنن بەڵام ئەو رێوڕەسمانە بۆ خۆپیشاندان گۆڕا و خەڵک بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان بونەوە.

شەوی پێنجشەممە ناڕەزایەتییەکان لە بانە و بۆکان و مەریوان و کامیران و بیجار و چەند شارێکی دیکە دەستی پێکردەوە و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانیان کۆنتڕۆڵ کرد و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە.

لە شاری زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان پێشنوێژی مزگەوتێک بە ناوی سەجاد شەهرەکی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی تەقەی لێکرا و کوژرا.

لە دەیان گەڕەکی شاری تاران ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەڕێوچو جەماوەرێکی بەرچاو بەشداریی ناڕەزایەتییەکانیان کرد لە کاتێکدا ژمارەی خۆپیشاندەرانی چەند شەوی رابردوی ئەو شارە کەم ببوە بەڵام جارێکی دیکە لە شەوی پێنجشەممەدا پایتەخت خرۆشانی بەخۆیەوە بینی.

لە شارەکانی رەشت و لاهیجان لە باکوری ئێران و لە تەبرێز لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیی ئەو ناڕەزایەتییانە کۆنتڕۆل بکەن.

هاوکات گەنجانی شاری ئەسفەهان رژانە سەر شەقامەکان و هێماکانی کۆماری ئیسلامی سەر گۆڕەپان و شەقامەکانی شاریان لێکردەوە.

لە چەند شارێکی پارێزگای فارس لە شەویشدا گەنجان و ژنان رژانە سەر شەقامەکان و هاوکات لە شاری مەشهەد لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران و لە ئەهواز لە باشوری وڵاتەکە رژانە سەر شەقامەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار