عێراق: رۆژانە 10 کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانلەدەستدەدەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، رۆژانە 10 کەس لە عێراق بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانلەدەستدەدەن، ساڵی رابردوو 3300 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و ئەمساڵیش نزیکە لەو ژمارەیە؛ هۆکارەکانیش بە پلەی یەکەم بۆ خراپیی رێگەوبانەکان دەگەڕێنێتەوە.

رۆژی یەکشەممە 06-11-2022 حازم ردێنی، جێگری سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق سەبارەت بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق بە که‌ناڵی ڕووداوی ڕاگه‌یاندووه‌، "رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق زۆر بوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە هەزاران عێراقی بەهۆیانەوە گیان لەدەستبدەن، دەبێت حکومەت چارەسەری گونجاو و رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ."

سەبارەت بە ژمارەکانی گیانلەدەستدان و قوربانییانی رووداوەکانی هاتووچۆ ناوبراو روونیکردەوە، "بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆمان وەرگرتووە، لە ساڵی 2021دا 3300 کەس گیانیان لەدەستداوە، واتە رۆژانە 10 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە لە عێراق گیان لەدەستدەدەن، ئەوەش زۆرترە لە ژمارەی قوربانیانی کردەوە تیرۆریستییەکان." گوتیشی، "ساڵی رابردوو 11 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە."

لەبارەی هۆکاری رووداوەکانیشەوە حازم ردێنی گوتی، "خراپیی رێگەوبانەکان لە عێراق، بەتایبەت رێگە خێراکانی نێوان پارێزگاکان، یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ، هۆکاری دووەم بوونی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلە. نزیکەی نیوەی ئەوانەی شۆفێری دەکەن و ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن مۆڵەتی شۆفێرییان نییە، هەروەها خێرایی شۆفێرەکان و بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا دوو هۆکاری سەرەکیی دیکەی زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆن."

بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق حەوت ملیۆن و 26 هەزار و 106 ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2019 بریتی بوو لە شەش ملیۆن و 888 هەزار و 201 ئۆتۆمبێل.

بەپێی لێدوانێکی پێشتری عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 4000 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەو هۆیەوە 662 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7220 کەسیش بریندار بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار