٥٢ رۆژە ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

52 شەو و رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران بەردەوامە و دادگایەکى کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر هونەرمەندێک کورددا دەسەپێنرێت.

تا ئێستا 319 کەس لە ناڕەزەیتییەکانی ئێراندا کوژراون کە 61 یان لە رۆژهەڵاتى کوردستان بون، نزیکەى 15 هەزار کەسیش لە خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە بیانوی بەشدارىی کردن لە خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون. سەرەڕای هەمو رێگرییەکانی هێزە ئەمنییەکان 52 شەو و رۆژە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێودەچێت.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەلاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لە خۆپیشاندانەکانی شەوی یەکشەممە و رۆژی دوشەممەی مەریوان لانیکەم 40 کەس بریندرابون. بەپێی بڕیارێکی دادگای کەرەجیش، میوزیکژن و راپەری کورد سامان یاسین کە ئێستا لە زینداندایە بە تۆمەتی هاندان بۆ ناڕەزایەتییەکان و دژایەتی لەگەڵ خودا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە. لە شارەکانی مەریوان و بۆکان و چەند شارێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون و لە چەند شارێکی ئەو بەشە لە کوردستان رۆژی دوشەممە دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. گەنجانی بۆکان رۆژی دوشەممە لە زۆربەی شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە ئاگریان کردەوە و شەقامەکانیان کۆنتڕۆڵ کرد. لە شاری سیاکەل سەر بە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران رێگریی چلەی مەرگی عیرفان زەمانی کرا و سەرەڕای ئەوەش خۆپیشاندان بەڕێوەچون، هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر خەڵک. لە ئەردەبیل کە پارێزگایەکی تورکنشینی باکوری رۆژئاوای ئێران و هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئازەربجایجان ناڕەزایەتیی بەڕێوچو.

خوێندکاران لە شاری سەبزەوار لە پارێزگای خوراسان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران خۆپیشاندانیان کرد و دروشمیان دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە وتەوە. بازاڕیان و کەسبکارانی شەقامی وەلیعەسر لە تارانی پایتەخت مانگرتنیان راگەیاند و دوکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە. خوێندکاران لە شەقام و لە زانکۆکانیش گردبونەوە خوێندکارانی زانکۆی پیشەیی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بە دروشم رایانگەیاند " خوێندکار دەمرێت و سەرشۆڕی قبوڵ ناکات" خوێندکارانی زانکۆی نەوشیروان لە بابۆڵ لە پارێزگای مازەندەران گردبوەنەوە و دروشمی "تۆپ و تانک کارگەریی نەماوە"یان وتەوە. خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی رەشت لە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران پڕۆسەی خوێندنیان راگرت و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد.

خوێندکارانی زانکۆی دەماوەند لە تاران دژی بونی هێزە ئەمنییەکان لە چواردەوری زانکۆکە دروشمیان وتەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. خوێندکارانی زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی شاری تاران رێپێوانیان ئەنجام دا و بە دروشم وتنەوە رایانگەیاند" رزگاربون مافی ئێمەیە و هێزی ئێمە یەکێتیدایە" سەرۆکایەتیی زانکۆی شەریف لە تاران کە بە گرنگترین زانکۆی ئێران و یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت بڕیاریدا بە دانانی 60 کامێرەی چاودێریی کە 20 کامێرایان هەستیارن بە جوڵە. خوێندکارانی کەرەج لە شەقامەکانی ئەو شارە رێپێوانیان کرد و مەرگ بۆ دیکتاۆریان وتەوە.

لە لایەکی دیکەوە رۆژی دوشەممە 600 مامۆستای زانکۆ هۆشداریی ئەوەیان داوە ئەگەر حکومەت داواکاریی خوێندکاران لەبەرچاو نەگرێت و خوێندکارە دەستگیرکراوەکان ئازاد نەکات ئەوا ئەو مامۆستایانەش بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەکەن. شەوی دوشەممە تاران بە هێزی ئەمنی تەنرا و دەیان پۆلیسی ئەسپسوار لە گۆڕەپان و شوێنە سەرەکییەکانی تارانی پایتەخت جێگیر کران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار