دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دوو سکاڵا لەسەر هەرێمى کوردستان دەکات کە یەکێکیان تایبەتە بەیاسای خانەنشینی
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وابڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 8ى تشرینى یەکەمى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى دوو سکاڵا بکات کە لەبارەى پارەى بەشەخۆراکى مانگانە و جێبەجێکردنى یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لەسەر سەرۆکى حکومەت و دوو وەزیرى هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
سکاڵاى یەکەمیان لەلایەن بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیى بازرگانیى خۆراکى حکومەتى فیدڕاڵى لە دژى هەریەک لە وەزیرى بازرگانی و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانی تۆماری کردووە. لە سکاڵاکە داوا دەکات ئەو پارانە بگەڕێنەوە کە لە ئەستۆیاندایە و تایبەتە بە بەشە خۆراکى مانگانە کە لە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانیان وەرگرتووە، لە یەکى کانوونى دووەمى 2004ـەوە تاوەکو 30ى ئەیلوولی 2021.
رۆژی 4ى تشرینى یەکەمى 2022، فەتحى محەممەد، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: نوێنەرى یاسایی وەزارەتەکەیان لەو دانیشتنەى دادگە ئامادە دەبێت و گوتى: "ئەگەری زۆرە ئەو سکاڵایە بکشێندرێتەوە، چونکە 23ى تشرینى یەکەم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان چووەتە بەغدا و لەگەڵ وەزیرى بازرگانیى عێراق یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە کە ئەو پرسەى یەکلایی کردووەتەوە".
سکاڵاى دوووەمیان لەلایەن کەسێک بە ناوى ئەحمەد عەلى سادق بە نوێنەرایەتى چەند کەسێک تۆمارکراوە لە دژى هەریەک لە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دارایی.
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات دادگەکە کارکردن بە یاساى ژمارە 27ى ساڵى 2006ى هەموارکراوى خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات و سکاڵالێکراوان ناچار بکات کە کار بە یاسای خانەنشینى یەکگرتووى ژمارە نۆى ساڵى 2014 بکرێت لە هەرێمى کوردستان.