عەمباركردنی ئاو لە عێراق بە ڕێژەی ١٢٪ كەمیكردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاند، عەمباركردنی ئاو لە عێراق بە ڕێژەی ١٢٪ كەمیكردووە، ئەوەش بەهۆی هۆكارە تەكنیكیی و سروشتییەکان و کەمکردنەوەی بەشە ئاوی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە.
عەلی ڕازی سامر، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، “مەترسی دووبارەبوونەوەی وەرزی كەمئاویی لە عێراق هەیە بەهۆی چەند هۆكارێكەوە، لەوانە تەكنیكی، سروشتی و وڵاتانی دراوسێ”.
وتیشی “گۆڕانكاریی كەشوهەوا زیاتر كایگەری لەسەر عێراق هەبووە، هەروەها عێراق لە ئاستی جیهانیدا بە یەكێك لەو پێنج وڵاتانە دادەنرێت، كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانكاریی كەشوهەوای لەسەرە”.
ئەمەش لە کاتێکدای سەرۆک كۆماری عێراق لە لووتکەی کۆپ ٢٧ لە شەرەم شێخی میسر، کە تایبەتبوو بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای جیهان ڕایگەیاندبوو:”بەهۆی وشكەساڵیی و كەمبوونەوەی ئاوەوە، نزیكەی ٤٠٪ی خاكی عێراق بەرەو بیابانبوون دەچێت”.