پاش چەندین دیدار لە تورکیا؛ شاندێکی ئەمریکی سەردانی کوردستانی سووریا دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شاندێکی ئەمریکی کە لە تورکیاوە هاتبوون، لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، نەورۆز ئەحمەد-یش کە فەرمانداری هێزەکانی یەپەژەیە، بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەدا و شاندە ئەمریکییەکە لە تورکیاوە سەردانی کوردستانی سووریایان کردووە.
ئیسان گۆڵدریچ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندەکەی ئەمریکای کردووە بە یاوەریی هەریەک لە یان ماککێری لەهاوپەیمانیی دژی تیرۆر و جێگری یاریدەدەری نووسینگەی کاروباری نیشتەجێ و کۆچبەر و ئاوارە و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەردانی کوردستانی سووریایان کردووە.
شاندەکە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە گرنگیی ئاگربەست و پرسی زیندانی کراوانی داعشی تاوتوێ کردووە لە کەمپەکانی داڵدەدان و دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، شاندەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیش کۆبووەتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، شاندە ئەمریکییەکە لە تورکیاوە هاتوونەتە کوردستانی سووریا و پاش چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنکەرە، سەردانی حەسەکەیان کردووە.