پارێزگارى واست داوا لە دەستەى دەستپاکیى عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە دەروازەى سنووریى پارێزگاکەى بکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارێزگارى واست داوا لە دەستەى دەستپاکیى عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە دەروازەى سنووریى پارێزگاکەى بکات بەتۆمەتى ئەوەى لێخوشبوونى بۆ 80%ـى ئەو بارهەڵگرانە کردووە کە لەو دەروازەیەوە چوونەتە نێو شارەکە. پەرلەمانتارێکى عێراق لە پشکى واست دەڵێت: "بەهۆى ئەو هەنگاوە داهاتى شارەکە لە یەک ملیارەوە بۆ 200 ملیۆن دینار کەمی کردووە".

بەگوێرەى نووسراوێکى "نهێنى" کە لە 3ى تشرینى دووەمى 2022 ئاراستەى دەستەى دەستپاکیى عێراقى کردووە، محەممەد مەیاحى، پارێزگارى واست داوا لەو دەستەیە دەکات دۆسیەى لێکۆڵینەوە لەسەر دەروازەى سنووریى زرباتیەى ئەو پارێزگایە بکاتەوە، بەهۆی ئەوەى لە مانگى تشرینى یەکەمى 2022، رێژەى لێخوشبوونى گومرگى لەسەر بارهەڵگرەکان لەو دەروازەیە گەیشتووەتە 80%، لە کۆى 11 هەزار و 201 بارهەڵگر کە لەو دەروازەیەوە چوونەتە پارێزگاى واست، لێخۆشبوون بۆ هەشت هەزار و 185 بارهەڵگر کراوە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئەو لێخۆشبوونەى دەروازەى سنووریى زرباتیە بەهەدەردانى پارەى لێکەوتووەتەوە، ئەوە جگە لەوەى کە بەشێک لەو لێخۆشبوونانە دامەزراوەى حکومى و ئەو وەبەرهێنەرانەى گرتووەتەوە کە پڕۆژەى نیمچە وەهمییان هەیە، پێویستە بەڵگەنامەکانى تایبەت بەو دۆسیەیە لە دەستەى گشتیى گومرگ داوا بکرێت لە ساڵى 2019 هەتاوەکو ئێستا".

پارێزگاى واست لە باشوورى عێراق هاوسنوورى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانە، دەروازەى سنووریى زرباتیە یەکێکە لە رێگەکانى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە لە سنوورى شارى میهران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار