ئێران نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل لە نەوتەکەی بۆ نافرۆشرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناوەندێکی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد هەناردەى نەوتی ئێران زیادی کردوە و سەرەڕای ئەوەش نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیلی لە کۆگاکاندا راگرتوە و کڕیاری نییە.
ناوەندنی نێودەوڵەتیی ڤۆرتسکا بۆ بازاڕی نەوت، بڵاوی کردەوە؛ مانگی رابردو هەناردەی نەوتی ئێران زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل بوە لە کاتێکدا پێشتر تەنها 850 هەزار بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکاندا بۆ ساخ بوەتەوە.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردوە ئێران بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر بفرۆشێت نرخی نەوتەکەی بەراورد بە بازاڕەکانی جیهان و تەنانەت نەوتی روسیا دابەزاندوە.
بە پێی ئامارەکانی ناوەندنی ڤۆرتسکا، ئێران لە ئێستادا 98 ملیۆن بەرمیلی لە کۆگانی وڵاتەکەیدا هەیە کە ناتوانێت لە بازاڕەکانی جیهاندا بیفرۆشێت و ئەو نەوتەی کڕیاری نییە.
پێشتر بەرپرسانی ئێران بە نێوەندگیریی قەتەر بڕیاربو لە چوارچێوەی گەڕانەوە و چالاکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران لە شەش مانگدا 100 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بفرۆشێت بەڵام ئەمریکا ئەو داواکارییەی رەت کردەوە.