فەرماندەی پۆلیسی بەغدا: لە میانی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٤٥٠ منداڵ بێ سەروشوێن بوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فەرماندەی پۆلیسی بەغدا، لیوا عەدنان حەمود سەلامی ھۆشداری دا لە سەرھەڵدانەوەی دیاردەی رفاندنی منداڵان و رایگەیاند کە تەنھا لە میانی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٤٥٠ منداڵ لە بەغدا بێسەروشوێن بوون.

لیوا عەدنان حەمود سەلامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، یاسای قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤە لە ساڵی ٢٠١٢دا درەنگ دەرکراوە و گوتی: "ئێستا ژمارەیەک لە بڕگەکانی یاساکە، پێویستیان بە ھەموارکردنەوە ھەیە".

فەرماندەی پۆلیسی بەغدا ئاشکراشی کردووە کە ژمارەیەکی زۆر تاوان لەچوارچێوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە پارێزگای بەغدا ئەنجام دەدرێت دەکرێت و رۆژانە منداڵێک یان ژمارەیەک منداڵ لە رەوشێکی نادیاردا بێسەروشوێن دەبن و گوتی: "تەنھا لە میانی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٤٥٠ منداڵ لە بەغدا بێسەروشوێن بوون".

لیوا عەدنان حەمود سەلامی باسی لەوەیش کردووە، ھێزە ئەمنییەکان لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ئەنجامدەدەن و گوتی: "تا ئێستا، چەند کەسێک لەسەر تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون".

لە ماددەی شەشەمی یاسای بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە عێراقدا ئاماژە بەوە دراوە، ھەر کەسێک بازرگانی بە مرۆڤەوە بکات، ئەوا بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی سزا دەدرێت، ھەروەھا سزای دارایی لە ١٥ ملیۆن دینار بۆ ٢٥ ملیۆن دیناری بەسەردا دەسەپێندرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار